بنچینەی ناوی تاق وەسان

بنچینەی ناوی "تاق وەسان"


سەروەر پێنجوێنی


(تاق وەسان)، جێگەیەکی شوێنەواریە دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری سەدەی (٤ ز.)، کۆمەڵێک نەخشی بەردین و بەردنووسی سەردەمی ساسانیی تێدایە، و دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی شاری کرماشان، بە دووریی ٥ کم لە چەقی شارەکەوە. ئەم کۆمەڵە شوێنەواریە بە نموونەی هونەری ساسانی دادەنرێت، و گرنگیی مێژوویی و هونەریی کەم‌وێنەی هەیە. نەخشە بەردینەکان دیمەنگەلێکی مێژوویی وەکوو هاتنە سەر تەختی هەندێک لە پاشا ساسانیەکان دەنوێنێت، وەکوو (ئەردەشێری دووەم) (٣٧٩-٣٨٣ ز.)، و (شاپووری سێیەم) (٣٨٣-٣٨٨ ز.)، سەرباری چەند دیمەنێکی بەزمی ڕاوکردن و ژەننی ئامێری مۆسیقایی وەکوو چەنگ. بەردنووسەکانیش چەند نووسراوێکن بە زمانی پەهلەویی ساسانی. 
لەم وتارەدا لەسەر ناوی ئەم جێگەیە دەڕۆین، و بنچینە و ڕیشەناسیی ناوەکەی، کە هەتا ئێستەش ڕوون نەبووە، و بیروڕای جۆراوجۆری لەسەر خراوەتە ڕوو. هەوڵ دەدەین بگەینە ئەنجامێکی پەسەندکراوی زانستی.
ناوە فارسیەکە و ڕیشەناسیە باوەکە
ئەم جێگەیە ناوەکەی بە شێوە فارسیە باوەکەی لە جیهاندا ڕۆشتووە، مەبەستم "طاق بستان"، کە دەخوێنرێتەوە "تاقێ بۆستان"، هەر بۆیە لە نووسراوە ئەورۆپاییەکانیشدا لەسەر ئەو بنچینە فارسیەوە زیاتر بە شێوەی Taq-e Bostan دادەنرێتەوە. 
بە هۆی ئەوەوە؛ زیاتر بیروڕایەکی باو و بڵاو بەر چاو دەکەوێت بۆ ناوەکە کە "تاقی بوستان" یاخود "تاقی بۆستان" بە بنەڕەتی ناوەکە دەزانێت، بە بەڵگەی ئەوەی فارسیەکەی "طاق بستان"ـە و ئەمەش بە شێوەی "طاق بوستان" لە نووسراوەکاندا هاتووە. کە ئەم شێوە فارسیە ڕوونە دەقاودەق بە واتای 'کەوانەی بێستان' یان 'کەوانەی باخ'ـە، یانی ئەو تاق یاخود کەوانە گەورەیەی کە کراوە بۆ باخێکی گەورە، کە دەڵێن کاتی خۆی سەیرانگای پاشا ساسانیەکان بووە.
ئەوە لە کاتێکدا سەرچاوەکان و سەرەداو و تۆمارکراوە کۆنەکان هیچیان پشتگیریی بنچینەبوونی "تاقی بوستان" یان "بۆستان" و شێوەی فارسیی باوی ناوەکە ناکەن. بەڵام گەلێک سەرچاوەی بەردەست، بەتایبەتی لە پێگەکانی ئینتەرنێتدا، لەسەر ئەو ناو و ڕاڤە ڕیشەییە دەڕۆن، کە وا دیارە متمانەیان بە شێوەی فارسیی ناوەکە هەیە و بەدواداچوونی پێویست ناکەن و بیر لە ئەگەرەکانی تر ناکەنەوە.
ناوە کوردیەکە و ڕیشەناسیە کوردیە باوەکە
ناوە کوردیە باشووریە خۆماڵیەکە "تاق وەسان"ـە، کە ئەمە لە کوردیی ناوەندیدا لەسەر زاران بووەتە "تاقەوسان"، و لە شێوەی جافیدا دەبێتە "تاقۆسان".
ناوە باشووریەکە "تاق وەسان" دیارە بەپێی تایبەتمەندیی ڕێزمانیی کوردیی باشووری داڕێژراوە، و لێرەوە دیارە دەستەواژەیەکی ئیزافیە، یانی "تاقی وەسان"، و بەم پێیە "وەسان" ناوە بنەڕەتیەکەیە کە تاقەکە دراوەتە پاڵی. 
لەگەڵ ئەوەشدا لێکدانەوە کوردیە باوەکە بۆ ناوە باشووریەکە ئەوەیە گوایە لە بنەڕەتدا "تاق وە سان"ـە، بە واتای 'تاق و بەرد'، یان "وە" بە واتای 'لە'یە، کە ئەمەش گوایە یانی 'تاق (ی دروستکراو) لە بەرد'. 
لە ڕاستیدا لێکدانەوەی "وەسان" بە "وە سان" و "وە" لێرەدا هەمان "بە" بێت، و کۆی ناوەکە واتای 'تاق بە بەرد' یانی 'دروستکراو لە بەرد' بگەیەنێت؛ لە ڕیشەناسییەکی میللی دەچێت کە شێوەی خۆماڵیی ناوەکە پێشنیاری کردووە. ئەگەرنا وا دەردەکەوێت "وەسان" پێکەوە یەک وشە بێت. و نابێت چاوەڕێ بین ئەم ناوە "وەسان" هیچ گۆڕانێکی دەنگیی بەسەردا نەهاتبێت، هیچ نەبێت دەزانین کە دەنگێکی "ت" لە ناوەکەدا لەناو دەنگی "س"دا ون بووە، یانی سەرەتا "وەستان" بووە و پاشان بووەتە "وەسسان" و ئینجا "وەسان"، وەکوو چۆن "یارسان"ـیش لە بنەڕەتدا "یارستان"ـە، و هەتا "کوردستان"ـیش لە باشووریدا دەبێتە "کوردسان"، و ئەمە گۆڕانێکی دەنگیی زۆر باوە لە کوردیی باشووریدا (دەشێت لە ناوچەی تریش "ت" ـ بەتایبەتی دوای "س" ـ بڕوات، وەکوو لە شێوە باشووریەکانی کوردیی ناوەندی، وەکوو جافی و شارەزووری. بۆیە دەگونجێت ناوی تریش هەبێت بەو شێوەیە دەنگی "ت"ی تێدا ڕۆشتبێت). 
بۆیە ئەم ڕیشەناسیە باوەش جێی پەسەندکردن نیە.
ناوی جێگەکە لای جیۆگرافەرە کۆنەکان
بە بەدواداچوونی زیاتر دەردەکەوێت کە ناوەکە لە کۆندا بە جۆرێکی تر بووە، و گەلێک شێوەی وەرگرتووە و بە گەلێک شێوە نووسراوە:
سەرەتا لای (ئیبن ئەل-فەقیهـ)ی هەمەدانی (سەدەی ١٠ ز.)، لە کتێبی "مختصر كتاب البلدان"ی خۆیدا، ناوەکە بە شێوەی "وستان" هاتووە، کە بە "وەستان" یان "ڤەستان" دەخوێنرێتەوە، هەرچەند ئەم بۆ خۆی زۆر جار هەر بە ناوی "شبدیز" و "تخت شبدیز" ناوی دەهێنێت(١). (ئیبن ڕەستە)یش هەر بە "شبدیز" ناوی هێناوە(٢). بەڵام ئیبن ئەل-فەقیهـ هۆنراوەیەکی عەرەبی لەسەر زمانی (أحمد بن محمد) ناوێک دەهێنێت کە سەرەتاکەی دەڵێت: "بِوَسْتانَ طاقٌ ليس في الأرض مثله * وفيه تصاوير من الصخر محكم"(٣)، کە لە نیوە دێڕی یەکەمدا ""بِوَسْتانَ طاقٌ" یانی 'لە وەستان تاقێک هەیە'. دیارە ئەو شاعیرە وای‌زانیوە یان زانیویەتی "وەستان" ناوی شوێنەکەیە (کە وتراوە "تاقی وەستان") بۆیە دەڵێت "تاقێک لە وەستان".
دواتر لە نووسراوی جیۆگرافیاگەر (ئیبن بەهرام)ی دیمەشقییشدا ناوەکە بە شێوەی "طاق وسطان" هاتووە(٤)، کە ئەمیش دیارە "تاقی وەستان" بخوێنرێتەوە ڕاستترە.
(حەمدوڵڵای موستەوفی)ـیش ناوەکەی بە شێوەی "طاق بسطام" هێناوە(٥)، کە دیارە بە "بەستام" دەخوێنرێتەوە.
و هەندێک سەرچاوەی تریش بە شێوەی "طاق بهستون" و "طاق بیستون" ناوەکەی دەهێنن، بەپێی ئەمەیان شوێنەوارەکە بە ناوی کێوی (بێستوون)ـەوە ناونراوە، هەرچەند ئەوەندە نزیکیش نین، یان تێکەڵکردنە لەگەڵ شوێنەواری نەخشی بێستوون. لە سەرچاوەی تریشدا بە شێوەی "تخت بستان" دێت، کە "طاق" یان "تاق"ی کردووە بە "تەخت". هەندێک سەرچاوەی تر وا پێشنیار دەکەن ناوەکە "وەسان" پێشتر "بەستان" بووبێت و ئەمەش سووکەڵەبووی "باستان" بێت و ئەمیش لە بنەڕەتدا "باغستان" بووبێت، یانی ناوەکە سەرەتا "تاقی باغستان" بووە (لە واتای ناوە فارسیەکە "طاق بوستان" دەچێت). کە ئەمە ئەگەری هەیە تێگەیشتنێکی هەڵەیش بێت لە بنچینەی ناوی "بێستوون" کە بە شێوەی "بغستان" و "فغستان"یش هاتووە بە نیازی واتای 'ماڵی خواوەند'ەوە. بۆیە ئەمەش ئەگەرێکی ترە کە ناوەکە شێوەیەکی تری باوی "بێستوون" بێت وەکوو "بەغستان".
موصطەفا نەعیمە مێژوونووسێکی عوسمانی بووە لە حەلەب (سەدەی ١٧)؛ ئەمیش ناوەکەی بە "طاق دستان" هێناوە(٦)، کە ئەم "دەستان"ـە بە هەمان ناوی (دەستان)ی باوکی (ڕۆستەم) دەزانرێت. ئەم جۆرە ناونانە ئەفسانەییە چاوەڕوانکراوە، بەڵام لە ڕووی دەنگیەوە دوورە دەنگی "د" بەو شێوەیە لە وشەکەدا بەتەواوی ون ببێت یان ببێتە "ب".
ڕیشەناسیی پەسەندکراو
پێویست بوو ئەو شێوە تۆمارکراوە کۆنانە بهێنینەوە بۆ ئەوەی بگەینە باشترین ئەنجام. لەژێر ڕۆشنایی ئەوانەدا؛ بۆیە پێم وایە ئەوەی لای ئیبن ئەل-فەقیهـ و ئیبن بەهڕام هاتووە و ئەوەی حەمدوڵڵای موستەوفی هێناویەتی؛ پشتگیریی ئەوە دەکەن کە ناوەکە هەمان ناوی "بەستام" بێت و بووبێتە "بەستان"، و لە فارسیدا بەهەڵە گۆڕابێت بۆ "بوستان". ئیتر شێوە تۆمارکراو یان پێشنیارکراوەکانی تر ("طاق بیستون" و "طاق باغستان" و "طاق دستان") هەڵەن.
ئەوە ڕاستە و چاوەڕوانکراوە هەر تۆمارکراوێکی سەدەکانی ناوەڕاست کە نووسەرانی دووری عەرەب‌زمان و هی تر تۆماریان کردوون؛ ئەگەری هەیە هەڵە بن و کێشەیان هەبێت. بەڵام پێم وایە ئەوەی لای ئیبن ئەل-فەقیهـ و ئیبن بەهڕام و حەمدوڵڵای موستەوفی هاتووە؛ لەگەڵ بنچینەبوونی ناوی "بەستام" و هەتا لەگەڵ گۆڕانی بۆ "وەستان" و پاشان بۆ "وەسان" لە کوردیی باشووریدا دەگونجێت.
بۆیە لێکدانەوە و ڕیشەناسیی پەسەندکراو؛ وا دیارە ئەوەیە کە ناوەکە لە بنەڕەتدا "بەستام" (یاخود "بێستام") یان ـ وردتر ـ "ڤەستام"ـە، وەکوو لای حەمدوڵڵای موستەوفی ناوەکە لەسەر بنچینە هاتووە کە نووسراوە "بسطام". جا هەندێک جار ئەو ناوانەی ـ بۆ نموونە لە فارسیدا ـ بە "-ام" کۆتاییان دێت؛ دەبنە "-ان" (یان ـ با بڵێین ـ زۆر "-م"ی کۆتایی دەبنە "-ن")، بۆیە ناوی "ڤەستام" یان "بەستام"ـە کە بووەتە "وەستان" و "بەستان". یانی لە کوردیدا بووەتە "وەستان" و ئەمەیە کە لای جیۆگرافەرە کۆنەکان (وەکوو ئیبن ئەل-فەقیهـ و ئیبن بەهرام) بە شێوەی "وَستان" و "وَسطان" هاتووە. لە فارسییشدا ناوەکە بووەتە "بَستان" /بەستان/، کە دواتر ئەمە بە "بُستان" /بوستان=بۆستان/ زانراوە یان لەگەڵ ئەمە تێکەڵ کراوە، بەتایبەتییش کە باخێکیش لەبەر شوێنەکەدا هەیە یان هەبووە کە لە ڕابردوودا گەورەتر و ڕازاوە بووە، بەم شێوەیە ناوەکە لە فارسیدا بووەتە "طاق بُستان"، و هەندێکیش ئەمە بە شێوەی "طاق بوستان" دەنووسن، بەو پێیەی "بُستان" دەبەنەوە سەر بنچینەکەی کە "بوستان"ـە.
ئینجا ئایا ئەو ناوی "بەستام"ـە چیە کە بنچینەیە؛ ئەمە هەمان ئەو ناوەیە کە زیاتر بە شێوەی "بسطام" /بەستام/ دەنووسرێت، و ناوی هەندێک کەسێتیی ئێرانی و هەندێک شار و دێ و ئاوەدانیی ئێرانیە. ناوەکە دەچێتەوە سەر vistaxma*ی ئێرانیی کۆن کە دەقاودەق واتای 'دەسەڵات فراوان' دەدات، و بەڵگە هەیە کە بەم بێژە و واتایە لە زمانی مادیدا هەبووە. ناوەکە بە شێوەی "ڤستەم" و "ڤێستەم" گوێزراوەتەوە بۆ ئەرمەنی، و بە شێوەی "بێستەم" و "بێستەن" گوازراوەتەوە بۆ گریکی. ناوە ئێرانیەکە لە قۆناغی ناوەڕاستدا بووەتە "ڤیستەخم"، و لە پارسیی ناوەڕاستدا گۆڕاوە بۆ "گوستەهم"، بۆیە لە فارسیدا بە شێوەی "گستهم" /گوستەهەم=گوستەهم/، و وەکوو ناوی خاڵی خوسرەوی پەروێز دێت. بە شێوەی "ویستهم" /ڤییستەهم/یش هاتووە. دوایی ناوەکە لە فارسیدا، لە دەقەکانی "شاهنامە"وە تا دوایی، بە شێوەی "بستام" و "بسطام" (و "وسطام") دێت، کە ئەمە دیارە گۆڕاوی شێوەی "ڤیستەهم"ـە. ئینجا دواتر ناوەکە لە ئێران دەبێتە ناوی چەند شار و دێیەک(٧).
جا ئیتر ئەم ناوەی کە ناوی "تاقی بەستان"ی لێ پێکهاتووە؛ ڕەنگە ناوی میرێکی ساسانی بووبێت کە ئەم تاقە دراوەتە پاڵی، هەرچەند زانیارییەکی وەها لەبەر دەست نیە. و ئەگەریشی هەیە هەر بەسادەیی "بەستام" و "بەستان" و "وەستان" ناوی دێیەکە بووبێت کە لێوەی نزیکە، کە لە گەلێک سەرچاوەدا دێیەکە بە "بسطام" ناوی هاتووە، و لەگەڵ باسی تاقی وەستاندا ئاماژە بۆ 'سەراوی دێی بەستام' ("سراب قریهء بسطام") کراوە، کە ئێستەش ماوە و بە "سراب طاق‌بستان" ناودەبرێت.
ڕاستە ئێستە دێیەکە پێی دەوترێت "وەسام"، و لە ڕابردوودا بە "وسطام"یش نووسراوە، و لێرەوە ڕەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات بۆچی ناوی دێیەکە وەکوو خۆی (بە "-م"ی کۆتایی) ماوە بەڵام ناوی شوێنەوارەکە بووەتە "وەستان"؟ بەڵام ئیتر دەشێت شتێک بووبێتە هۆی ئەوەی وشەکە لە ناوی "تاقی وەستام" یان "تاقی بەستام"ـدا بووبێتە "وەستان" یان "بەستان"، کە ئەمە ناوی دێیەکە خۆیی نەگرتووەتەوە، و شتێکی ئاشکرایشە کە دێیەکە ناوداریی تاقەکەی نیە و زۆر نەکەوتووەتە سەر زاران، بۆیە ناوی دێیەکە وەکوو شێوە ناوچەییەکەی خۆی ماوەتەوە.
بێ گومان پێچەوانەکەیشی ئەگەری هەیە، وەکوو ئەوەی "وەسان" بووبێتە "وەستان"، وەکوو نموونەی "قەسەم" و "قەستەم" و "نەسەق" و "نەستەق". پەسەندکردنی یەکێک لە دوو ئەگەرەکە دەکەوێتەوە سەر ئەوەی بزانین کامەیان ڕیشە و بنچینەی کۆنتری هەیە، بۆ نموونە؛ دەزانین "قسم" و "نسق"ی عەرەبی بنچینەی ئەوانی ترن. بە هەمان شێوە کە زانیمان ناوەکە بە شێوەی "تاقی وەستام" یان "طاق بسطام" هەبووە (وەکوو لای حەمدوڵڵای موستەوفی و هەندێک سەرچاوەی تریش هاتووە)، و دەشزانین ناوی "بەستام" ناوێکی ڕیشەدار و بەربڵاوە؛ بۆیە ئەگەرەکان بەلای گۆڕانی "بەستام" بۆ "بەستان" و "وەستام" بۆ "وەستان" و ئینجا "وەسان"ـدا دەکەون.
بەو شێوەیە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ناوەکە لە بنەڕەتدا "تاقی وەستان" بووە، و ئەمەیە لە کوردیی باشووریدا بە شێوەی "تاق وەسان" ماوەتەوە.

پەراوێز:
(١) بڕوانە: ابن الفقیه، مختصر كتاب البلدان. لیدن: مطبع بریل، ١٣٠٢. ص‌ص: ٢١٤، ٢١٥: "حدیث شبدیز".
(٢) بڕوانە: ابن رستە، الأعلاق النفيسة. جـ. ٧، ص. ١٦٧: "وشبدیز... وهي طاق منقور في الجبل...".
(٣) بڕوانە: ابن الفقیه، مختصر كتاب البلدان. ص. 216: "بِوَسْتانَ طاقٌ...".
(٤) بڕوانە: 
Charmoy, François-Bernard (edit.), Chèref-Nâmeh, ou, Fastes de la nation kourde. St.-Pétersbourg: Commissionnaires de l'Académie impériale des sciences, 1868 . Volume 1, p. 96.
(٥) بڕوانە: حمدالله مستوفی، نزهة القلوب. مقاله سیم در صفت بلدان و ولايات و بقاع. تصحيح: گای لیسترانج. ص. 129: "وسطام" یان "بسطام".
(٦) بڕوانە: 
Charmoy, ibid.
(٧) دەربارەی ناوی ئێرانیی "بێستام"؛ بڕوانە:
Wilhelm Eilers, “BESṬĀM (1),” Encyclopædia Iranica, IV/2, p. 175, available online at http://www.iranicaonline.org/articles/bestam-1.