ڕیشەی 'خەزور' و 'خەسو'

ڕیشەی "خەزور" و "خەسو"
 
"خەزور" |خەزوور| و "خەسو" |خەسوو| لە یەک ڕیشەن، و دو وشەی کوردیی ڕەسەنن، دەچنەوە سەر ڕیشەیەک کە لە هەمو زمانە هیندی-ئەورۆپاییەکاندا هەبوە و هەیە، ئەویش هیندی-ئەورۆپاییە سەرەتاییەکەی بە شتێک بینادەکرێتەوە لە بابەتی "سوێکورۆس" کە ئەمەیان بە واتای خەزورە، و "سوێکرو" کە ئەمەیان بە واتای خەسوە.
جا لەم ڕیشە هیندی-ئەورۆپاییە کۆنەوە بە هەمو باڵەکانی هیندی-ئەورۆپاییدا بڵاو بوەتەوە.
لەمانە باڵی هیندی-ئێرانی: لە لقە هیندیەکە، بۆ نمونە: لە سەنسکریتی: श्वशुर |شڤەشورە| بە واتای خەزور، श्वश्रू |شڤەشرو| بە واتای خەسو.
لە لقە ئێرانیەکە: وەکو: "خڤەسورە-" ی ئەوێستایی، بە واتای خەزور. هەروەها لە کوردیدا "خەزور" و "خەسو". لە فارسیدا "خسر" |خوسور=خۆسۆر| و "خسور" |خوسوور=خۆسوور| زیاتر بە واتای خەزور (باوکی مێرد و باوکی ژن)، و هەر لە فارسیدا "خسو" |خەسوو=خوسوو=خۆسوو| و "خشو" |خوشوو=خۆشوو| بە واتای خەسو (دایکی مێرد و دایکی ژن).
لە باڵەکانی تری هیندی-ئەورۆپایی: لە باڵی هێللێنی: ἑκυρός |هێکورۆۆس| ی گریکیی کۆن بە واتای خەزور. لە باڵی جێرمانی: وەکو sweor |سوێێۆر| ی ئینگلیزیی کۆن بە واتای خەزور. لە باڵی ئیتالیک: وەکو socer |سۆکێر| ی لاتینی بە واتای خەزور.

جا بۆیە وشەکە هەر لە هیندی-ئەورۆپایی سەرەتاییەوە بەو واتایە (خەزور و خەسو) هەبوە، و ڕیشەی لەوەپێشیشی دیار نیە، بۆیە نازانرێت وشەکە لە چیەوە دروست بوە، و وا دەردەکەوێت هەر لە بنەڕەتەوە وشەکە بەگشتی بە واتای دایک‌وباوکی [یان بەگشتی کەس‌وکاری پلە یەکی] هاوسەر بوە.