ڕیشەی 'موفەڕک'

ڕیشەی "موفەڕک"
 
"موفەڕک"، لە هەندێک ناوچە "متفەڕک" یش دەوترێت. ئەمە لە وشەیەکی عەرەبیەوە هاتوە کە زیاتر لە فارسیدا بەکار هاتوە، ئەویش وشەی "متبرك" |موتەبەڕڕەک| ـە، کە شێوگی ناوی بەرکارە لە فرمانی "تبرك" |تەبەڕڕەکە| وە، کە ئەم فرمانەش بە واتای پیت‌وفەڕ وەرگرتنە لە شتێک، یانی فرمانی کەسێکە کە بڕوای وا بێت شتێک پیرۆزە و پیت‌وفەڕی تێدایە و ئەمیش بیەوێت لەو لایەنەوە سودی لێ ببینێت. شێوەی تەواوی بەکارهێنانی فرمانەکە لە عەرەبیدا ئەوەیە دەوترێت "تبرك بە"، واتە بە ئامڕازی "بـ" تێپەڕ دەبێت. بۆیە لە ڕاستیدا وشەی "متبرك" |موتەبەڕڕەک| لە عەرەبیدا بە شێوە تەواوەکەی بریتیە لە "متبرك به"، واتە: پیت‌وفەڕلێ‌وەرگیراو.
بە هەر حاڵ وشەکە لە فارسی و ـ وا دیارە ـ کوردیدا بەکار هاتوە، بە واتای شتی پیرۆز کە بڕوا وایە پیت‌وفەڕی تێدایە، و ئاوەڵناوێکی گشتی بوە. لە کوردیدا زیاتر بێژە و ئاوازەکەی و واتاکەیشی گۆڕاوە، کە بوەتە "متبەڕک" و ئینجا "متفەڕک" و ئینجا "موفەڕک"، واتاکەیشی کورت بوەتەوە لە شتێکی بەرجەستەدا، وەکو کەل‌وپەلێکی پیرۆز، کە بڕوا وایە پیت‌وفەڕی تێدایە و بۆ ئەو مەبەستە هەڵ‌دەگیرێت.

وشەکە جیاوازە لە وشەی "مبارك" و لەمەیانەوە نەهاتوە. ئەمەش بەکار دێت و بوەتە "مبارەک" و "ممبارەک"، بەڵام ـ هەروەکو واتا بنچینەییەکەی لە عەرەبیدا ـ تەنها واتای پیرۆز بەگشتی دەدات.