ڕیشەی "پاڵە" لە ئارامیدا
و ئەگەری ڕیشەی هیندی-ئەورۆپایی
و ئەگەری ڕیشەی هیندی-ئەورۆپایی
وشەی "پاڵە" ی کوردی؛ بنه‌ڕه‌ته‌که‌ی ئارامی یان ـ بەتایبەتی ـ سوریانیه، بۆ ئه‌مه‌ش دو ڕیشەی ئارامی-سوریانی پێشنیار کراون که پێشینه و ڕیشه‌ی وشه کوردیه‌که بن:
١. له مادده‌ی "پ‌ع‌ل":
له گه‌لێک شێوه‌زاری ئارامیدا (جه‌لیلی، ئارامیی ته‌لمودی فه‌له‌ستینی، سوریانی) وشه‌یه‌ک به شێوه‌ی "پ‌ع‌ل" |پاعێل| و "پ‌ع‌ل‌ء" |پاعلا| هه‌یه، که به‌رامبه‌ری "پ‌وع‌ل" |پۆۆعێل| ی عیبری، و "ف‌ع‌ل" |فاعیل| ی عه‌ره‌بیه، که ئه‌مانه ده‌قاوده‌ق به واتای "بکه‌ر" ـن، به‌ڵام له عیبری و ئارامی و هه‌تا عه‌ره‌بییشدا واتای "کارکه‌ر" و "ئیشکه‌ر" ـیان وه‌رگرتوه، به‌رامبه‌ری "فاعل" و "عامل" ی عه‌ره‌بی [زیاتر "عامل" به‌م واتایه به‌کار دێت] و "کارگر" ی فارسی و "ئیشچی" ی تورکی. و بڕوا وایه که وشه ئارامیه‌که‌ش له عیبریه‌که‌وه هاتبێت، شێوه‌که‌ی وا پێشان ده‌دات. ئینجا ئه‌گه‌ری هه‌یه وشه‌که له شێوه‌زارێکی ئارامیی ناو کوردستانه‌وه هاتبێته زمانی کوردیه‌وه، به‌تایبه‌تی شێوه‌ی "پاعلا" که هه‌ر هه‌مان "پاعـ[ـێـ]ـل" ـه له دۆخی ناسراویدا له ڕێگه‌ی پاشگری ئه‌لیفه‌وه بۆ ناساندن.
٢. له مادده‌ی "پ‌ل‌ح":
له‌م مادده‌یه وشه‌یه‌کی ئارامی ساز بوه، که له ئارامیدا به‌گشتی به واتای "کرێکار" ه، ئه‌وه‌ش "پ‌ل‌ح" |په‌للاح| و "پ‌ل‌ح‌ء" |په‌للاحا| یه. ئه‌وه‌ش له کرداری "پێله‌ح" ـەوە کە واتای کارکردن و خزمه‌ت‌کردن (ی به‌رده‌وام) ده‌دات، و به‌رامبه‌ری مادده‌ی "ف‌ل‌ح" ی عه‌ره‌بیه که به‌پێی فه‌رهه‌نگه‌کان هه‌ڵ‌دڕین "شق" ده‌گه‌یه‌نێت و گوایه لێره‌وه به کشتیار وتراوه "فلاح" |فه‌للاح| به‌و پێیه‌ی زه‌وی هه‌ڵ‌ده‌دڕێت به کێڵان (تومه‌ز ئه‌مه ڕاڤه‌یه‌کی ده‌ست‌کرده و واتا بنه‌ڕه‌تیه‌که‌ی مادده‌که که "ئیش‌کردنی به‌رده‌وام" ـه له زمانی عه‌ره‌بیدا مردوه، هه‌رچه‌ند شێوه‌یه‌کی تری وه‌رگرتوه که سه‌رکه‌وتنی دوای ڕه‌نج‌کێشان و کاره. به واتای هه‌ڵ‌دڕینیش به‌کار هاتوه که ئه‌مه‌ش هه‌ر واتایه‌کی کۆن و ڕه‌سه‌نی مادده‌که‌یه [و به‌م واتایه له‌گه‌ڵ کرداری "پاله‌ح" ی عیبریدا هاوواتایه] به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌ندیی به ئاوه‌ڵناوی "فلاح" ـه‌وه نیه، چونکه وه‌کو وتم واتای ڕیشه‌یی ئه‌م وشه‌یه "کارکه‌ر" ه نه‌ک "بکێڵ" یان "هه‌ڵ‌دڕ"). ئه‌م وشه ئارامیه له شێوه‌زاره ئارامیه‌کاندا واتای تریشی لێ دروست بوه که هه‌ر گه‌شه‌کردن و تایبه‌ت‌بونی واتا گشتیه‌که‌ن، وه‌کو ئه‌وه‌ی له سوریانی (به نمونه: ده‌قی پێشیططا) و ئارامیی یه‌هودیی ته‌رگومه کۆنه‌کان (به نمونه: ته‌رگومی ئۆنقێلۆس) ـدا واتای "کشتیار" ی وه‌رگرتوه، که به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ "فلاح" ـه عه‌ره‌بیه‌که‌دا جیاوازیی نیه، و ڕه‌نگه وشه عه‌ره‌بیه‌که له‌م وشه سوریانیه‌وه هاتبێت. هه‌روه‌ها هه‌ر له ئارامیدا به‌گشتی به هه‌ندێک واتای تریش هاتوه که له کارکردن و خزمه‌ت‌کردنی به‌رده‌وامه‌وه نزیکن، وه‌کو "په‌رستشکار"، و هه‌روه‌ها (به‌تایبه‌تی له ئارامیی ته‌دموری، و ئارامیی فه‌له‌ستینیی مه‌سیحی، و سوریانی) "سه‌رباز".
وشه‌یه‌کی تر له‌م مادده ئارامیه ساز بوه، له سوریانیدا، ئه‌ویش "پ‌ل‌ح" |پاله‌ح| و "پ‌ل‌ح‌ء" |پالحا| یه، که به‌گشتی به واتای "خزمه‌تکار" ه، ئیتر له سوریانیدا به چه‌ند واتایه‌کی نزیک له‌و واتایه هاتوه، وه‌کو ئه‌وه‌ی به پیاوی هاوه‌ڵ و خزمه‌تکاری پله‌به‌رزی دەرباری فەرمانڕەوایان وتراوه، و به سه‌رباز، و هه‌روه‌ها "نۆکه‌ر" و "کاره‌که‌ر" و "ئیشکه‌ر" وتراوه.
پێویست ناکات له‌وه زیاتر له‌سه‌ر ڕیشه ئارامیه‌که بڕۆم، ئیتر هه‌وڵ ده‌ده‌م بزانم کامیان زیاتر ده‌گونجێت ڕیشه‌ی "پاله" یان "پاڵه" کوردیه‌که بێت:
له هه‌ر سێ شێوه‌ی "پاعل" یان "پاعلا" و "په‌للاح" و "پاله‌ح"؛ ڕوون دیاره که ئه‌م وشه‌یه‌ی سێیه‌م "پالەح" له هه‌مویان زیاتر له وشه کوردیه‌که ده‌چێت (و بەئاسانی دەبێتە "پالەهـ" و ئینجا "پالە")، که به واتای "کاره‌که‌ر" و "خزمه‌تکار" ه. هه‌ر بۆیه "پاڵه" کوردیه‌که‌ش واتای "ڕه‌نجبه‌ر" و "سه‌پان" ی وه‌رگرتوه، که کار بۆ خاوه‌ن‌زه‌وی ده‌کات و پێنج‌یه‌کی داهاتی هه‌یه. سه‌رنجیش ده‌ده‌ین له کرمانجیی باکوردا "پاله" به واتایەکی گشتی بەکار دێت، واته "کارکه‌ر" و "کرێکار" به‌گشتی. به‌ڵام له کرمانجیی ناوه‌ڕاستدا زیاتر به‌سه‌ر واتای "ڕه‌نجبه‌ر" و "سه‌پان" ـدا بڕاوه، و هه‌روه‌ها به کرێکاری دره‌و (و ئیش‌وکاری تری کشت‌وکاڵی) یش به‌گشتی ده‌وترێت چونکه ئه‌مه‌ش وه‌کو سه‌پانی وایه.
ئه‌ی "پاعێل" و "پاعلا" ی ئارامی-سوریانی؟ پێم وا نیه ئه‌مه ڕیشه‌ی وشه کوردیه‌که بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بهاتایه‌ته کوردیه‌وه؛ به شێوه‌ی "پاڵ" یان "پاڵا" ده‌بو. به‌ڵام به‌رامبه‌ره عه‌ره‌بیه‌که‌ی هاتوه‌ته کوردیه‌وه، به‌م شێوه‌یه: له کرمانجیه ناوه‌ڕاسته‌که‌دا "فه‌عله" و "فاعله" و "فه‌له" (و "فه‌ڵه") هەن کە به‌گشتی به واتای کرێکارن و "پاڵه" یش هه‌ر به‌م واتا گشتیه جاروبار به‌کار دێت. هه‌رچه‌ند ئه‌م "فه‌عله" و "فاعله" له‌گه‌ڵ "پاعلا" سوریانیه‌که لێکچونیان هه‌یه و ئەگەری هەیە لەمەوە هاتبن، به‌ڵام ئه‌گه‌ری زیاتر ئه‌وه‌یه که ئه‌مانه له "فعلة" |فه‌عه‌له| ی عه‌ره‌بیه‌وه هاتبن که کۆی "فاعل" |فاعیل| ـه به واتای کرێکار و ئیشکه‌ر (شایەنی ئاماژەیە کە ئەم "فعلة" عەرەبیە چوەتە فارسیەوە و لە فارسی‌دا بە هەمان شێوەی "فعله" "فەعەلە" هەیە و بە هەمان واتای کوردیەکەیە). "عملة" |عه‌مه‌له| ی عه‌ره‌بییش هه‌ر هاتوه‌ته کوردیه‌وه کاتێک ده‌وترێت "عه‌مه‌له" (و "عەمەڵە") به هه‌مان واتای "فه‌عله" و "فاعله"، که وشه عه‌ره‌بیه‌که "عملة" کۆی "عامل" ـه به‌ڵام "عه‌مه‌له" کوردیه‌که وه‌کو تاک به‌کار دێت.
ئه‌ی "په‌للاح" ی به واتای کرێکار و کشتیار؟ ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر بهاتایه‌ته کوردیه‌وه؛ به شێوه‌ی "په‌للا" یان "پەلا" یان "پەلاح" ده‌بو، به‌ڵام به‌رامبه‌ره عه‌ره‌بیه‌که‌ی که "فلاح" |فه‌للاح| ـه هاتوه‌ته کوردیه‌وه، به هه‌مان واتای کشتیار.
ده‌مێنێته‌وه وشه‌ی "پاله‌ح" ی سوریانی که ڕون دیاره بنچینه‌ی وشه کوردیه‌که‌یە، و لێکچونی واتایی و بێژه‌یی ته‌واوی هه‌یه له‌گه‌ڵی (ئیتر واتای "دروێنه‌که‌ر" ته‌نها واتایه‌کی گه‌شه‌کردوه، به‌ڵکو واتا بنچینه‌ییه‌که‌ی "ڕه‌نجبه‌ر" ه، و دواتر به کرێکاری ئاسایی دروێنه وتراوه وه‌کو چواندنێک به ڕه‌نج‌به‌ری). هه‌تا ڕەنگە بتوانێت تیشک بخاته سه‌ر ڕیشه‌ی واتایه‌کی تری وشه کوردیه‌که که له "هه‌نبانه بۆرینه" دا هاتوه که ده‌ڵێت "ده‌ربار و دیوه‌خانی گه‌وره‌پیاوان"، ڕه‌نگه ئه‌مه شوێنه‌وارێكی ئه‌و "پاله‌ح" ـه سوریانیه بێت که به پیاوی خزمه‌تکاری گه‌وره‌پیاوان وتراوه، که ئاستێکی به‌رزی هه‌یه و زیاتر وه‌کو ڕاوێژکار و "وه‌زیر" ێک وایه.
به‌ڵام واتاکه‌ی تری "پاڵه" که به "شار" (یان "شاری گه‌وره") یش مانا ده‌کرێت؛ ئه‌مه‌یان له "په‌هله" ه‌وه هاتوه و باسه‌که‌ی جیاوازه.
هەندێک تێبینی:
* بەڕونی دیارە کە واتای "پاڵه" ی کوردی جیاوازە لە واتای کڕین و فرۆشتن و بازرگانی، هەتا واتای کێڵانی زەوییش واتایەکی بنچینەیی و سەنتەری نیە لە چەمکی "پاڵە" دا. ئەوەی کە بنچینەیی و سەنتەریە لەو چەمکەدا زەحمەت‌کێشان و ماندوبونە لەگەڵ ئەوەی کە ڕەنجەکەی بۆ کەسێکی ترە و وەکو کارەکەر وایە، ئیتر ئەمە زیاتر لکاوە بە چینی ڕەنج‌بەرەوە، بە هۆی سروشتی دەرەبەگی و ئاغایەتیی کۆمەڵگاکەوە کە کۆمەڵێکی کەم خاوەنی زەوی‌وزارن و کۆمەڵێکی زۆریش لە زەویەکانی ئەواندا کاردەکەن. ئەگەرنا چەمکەکە پەیوەندییەکی تایبەتیی بە ـ بۆ نمونه ـ کێڵان و دروێنەوە نیە (هەر بۆیە لە کرمانجیی باکوردا "پالە" هەر بەئاسایی بە "کرێکار" دەوترێت).
* ئەگەر بڕیار بێت ئەم "پاڵه" یە ڕیشەیەکی هیندی-ئەورۆپایی هەبێت؛ دەی دەبێت لە زمانە ئێرانیەکانی تریشدا هەبێت، و دەبێت لە زمانە ئێرانیەکانی قۆناغی ناوەڕاست و کۆنیشدا هەبوبێت. خۆ ناگونجێت کوردیی نوێ ڕاستەوخۆ لە هیندی-ئەورۆپاییە سەرەتاییەکەی وەربگرێت، یان لە باڵێکی ترەوە وەری‌بگرێت. بەڵکو دەبێت کوردیی نوێ لە کوردیی ناوەڕاستەوە وەری‌بگرێت، و دەبێت لە زمانە ئێرانیەکانی تری قۆناغی ناوەڕاستیشدا شوێنەوار و بەرامبەری هەبێت. ئەی کوا؟
کەواتە هەر ئەوە دروستە کە وشەکەمان گێڕایەوە بۆ ئارامی.
* ئەگەری ڕیشەی "*پێل-" ی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتایی
باسی ڕیشەیەکی هیندی-ئەورۆپاییه سەرەتایی کراوە کە واتای کڕین و فرۆشتن دەدات. ڕاستە بەڕواڵەت وشەی "پاڵە" ئەگەری هەیە بچێتەوە سەر "*پێل-" ی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتایی، بەڵام لە ڕاستیدا وشە هیندی-ئەورۆپاییە سەرەتاییەکه خۆی بەو واتایە نیە هەتا هەر باڵێکی هیندی-ئەورۆپاییەکان ئەو واتایەی لێ وەربگرن، بەڵکو ئەوە تەنها بیروڕایەکە کە ئەگەری هەیە ئەو وشانەی لە کۆمەڵێک زمانی ئەورۆپاییدا بەو واتایەن لەو ڕیشەیەوە هاتبن. ئەوەش سەرەتا لەسەر ڕیشەی وشەیەکی گریکی دەوترێت کە πωλέω |پۆۆلێۆۆ| ـیە، کە بە هەندێک واتای وەکو "فرۆشتن" و "باج‌گرتن" و "فرۆشتن" ی بە واتای "ناپاکی‌کردن" هاتوە. ئەم وشەیە ڕیشەکەی نازانرێت، بەڵام وەکو ئەگەرێک دەوترێت کە ڕەنگە بچێتەوە سەر "*پێل-" ی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتایی، و هەر لێرەوە بەراورد دەکرێت بە چەند وشەیەکی تری هیندی-ئەورۆپایی، وەکو: ἐμπολή |ئێمپۆلێێ| ی گریکیی کۆن، بە واتای بازرگانی و مامەڵەی کڕین، पणते |پەنەتێ| ی سەنسکریتی، کە کردارێکە بە واتای کڕین، و pelnas ی لیتوانی بە واتای قازانجی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن، و لە باڵە جێرمانیەکەش: بۆ نمونه falr ی نۆروێگیی کۆن (کە fal ی ـ بۆ نمونه ـ سویدی لەمەوە هاتوە، بە واتای "فرۆشەنی" یان "بۆ فرۆشتن"، هەروەکو feil ـە ئاڵەمانیەکەش). بەڵام ئەم بەراوردانەش تەنها ئەگەرێکن، بەڵکو ڕەنگە دوای بەدواداچون ڕون ببێتەوە کە ئەمانە لە ڕیشەی ترن، بۆ نمونه: وشەکانی باڵە جێرمانیەکە، وەکو feil ـە ئاڵەمانیەکە، دەچنەوە سەر ڕیشەیەکی جێرمانیە سەرەتاییەکە کە بە واتای "باش" و "ڕاست" ـە، و ئەمەش دەچێتەوە سەر ڕیشەیەی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتایی کە بە "پێی-" بنیات دەنرێتەوە.
* ئەی ڕیشەی "*پێل-" ی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتایی خۆی بە واتای چیە و لە زمانی کوردی‌دا چ وشەیەکی لێ بوەتەوە؟ لە ڕاستیدا واتای گشتیی ئەو وشە هیندی-ئەورۆپایی سەرەتاییە بیناکراوەیە "خۆڵەمێشی" ـە، هەر بۆیە لە باڵە ئێرانیەکەدا وشەی "پیر" |پییر| ی لێ بوەتەوە، کە مەبەستە ڕیشەییەکە خۆڵەمێشی‌بونی مویەتی. و دەڵێن "پێل" ی کوردییش ـ بە واتای شەپۆلی ئاو ـ هەر لەم ڕیشەیەوە هاتوە.
* "پاڵه" ی کوردی و ناوی گاسن و واتای کێڵان لە زمانە جێرمانیەکاندا
سەبارەت بە ناوی گاسن و واتای کێڵان لە زمانە جێرمانیەکاندا، وکو plough ی ئینگلیزی بە واتای گاسن، و plógur ی ئایسلەندی و هەروەها plógr ی نۆروێگیی کۆن بە هەمان واتا. ئەمانە دەچنەوە سەر ڕیشەیەکی جێرمانیی سەرەتایی کە بە "پلۆگه‌ز-" بینا کراوەتەوە، ئیتر ڕیشەی ئەمەش دیار نیە و هیچ ڕیشەیەکی هیندی-ئەورۆپایی نیە، و بەراورد ناکرێت بە هیچ باڵێکی تری هیندی-ئەورۆپایی، هەتا "پاڵه" ی کوردی پەیوەندییەکی پێوەی هەبێت.
* "پاڵە" لەگەڵ "پیلە" و "پیلەوەر" پەیوەندییەکی هەیە؟
بێینە سەر باسی "پیلە" و "پێڵە" لەگەڵ "پیلەوەر" و "پێڵەوەر".. ئەمە لە فارسییشدا هەیە: "پیلە" (و "بیله" و "پله" |پیله| و "فیله" و "پیل"، لەگەڵ "پیله‌ور" یان "پیلور"). واتای بنچینەیی ئەم وشەیە "پیله‌وه‌ر"، "فرۆشیار" نیە وەکو کاری فرۆشتن، بەڵکو وردەواڵه‌فرۆشە، وردەواڵە لە بابەتی داوودەرمان بەتایبەتی، هەر بۆیە لە واتا کۆنەکانیدا لە واتای "صەیدەلانی" و ـ هەتا ـ پزیشک نزیک بوەتەوە. ئەمەش لەوەوە هاتوە کە ئەم وردەواڵانەی لە کیسەی بچوکدا هەڵ‌دەگرێت، ئەم کیسەیە کە وردەواڵەکانی تێدایە پێی وتراوە "پیلە"، ئەمەش واتای یەکەمی ئەم وشەیە نیە (یانی واتا هەرە باوەکەی)، بەڵکو واتای یەکەمی پیلە؛ "قۆزاخە" ی کرمی ئاوریشمە کە وەکو کیسەیەک وایە. و دەڵێن ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ "پیلەک" ی پەهلەوی (هەرچەند وشەی وام نەبینیوەتەوە لە پەهلەویدا)، و بەراورد دەکرێت بە पील |پییله| ی هیندیی نوێ، بە واتای توێکڵ، و بە πέλμα |پێێلما| ی گریکیی کۆن، بە واتای "سۆل" ی پێ، و بە fell ی ئینگلیزیی کۆن بە واتای "پێست، بەرگی پێست"، و pellis ی لاتینی بە واتای "پێست" و "پێستە"، و pel ی فڕەنسیی کۆن بە واتای پێست (کە peel ی ئینگلیزیی نوێ لەمەوە هاتوە). ئەمانەش هەمو دەگەڕێنرێنەوە بۆسەر ڕیشەیەک کە "پێل-" ی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتاییە، کە واتای دوەمی "داپۆشین" و "پێست" ـە (واتای یەکەمی ڕابورد کە "خۆڵەمێشی" ـە).
جا بۆیە "پیلەوەر" و "پێڵەوەر" لە بنەڕەتدا لەوەوە هاتوە کە ئەو هەنبانە پڕ لە وردەوواڵەیەی پێیە. بۆیە وەکو ڕیشە پەیوەندیی بە واتای فرۆشتنەوە نیە. هەر بۆیەش پێم وا نیە لەگەڵ "پاڵە" پەیوەندییەکی هەبێت.
* "پاڵە" لەگەڵ "ڤالا" ی هیندیی نوێ هیچ پەیوەندییەکیان هەیە؟
ڕاڤەیەکی هیندیانە هەیە بۆ "دروێنەکەر"، کاتێک بە زمانی هیندیی نوێ دەوترێت फसल काटने वाला |فەسەل کاتەنێ ڤالا|، ئەمە یانی "ئەوەی بەروبوم دەبڕێتەوە"، لێرەدا फसल |فەسەل| بە واتای بەروبومە، काटने |کاتەنێ| واتای بڕین دەدات، वाला |ڤالا| یش یان بە واتای "هی..." ـە، واتە "ئەوەی کە.." یان "ئەوەی کە عایدی...ـە"، یان بە واتای "لێپرسراو" یان "ڕاپەڕێنەر" ی کارێک. بۆیە ئەمە وشەیەک نیە بە واتای "دروێنەکەر"، بەڵکو نیمچە ڕستەیەکە و ڕاڤەی چەمکەکە دەکات. و ئیتر काटनेवाला |کاتەنێ‌ڤالا| لە هیندیدا بەسەر یەکەوە ئەو واتایە دەدات، بەڵام ئەگەر وردی بکەینەوە؛ دەقاودەق بە واتای "بڕەر" ە، ئەوەش چونکە काटने |کاتەنێ| بۆ خۆی بە واتای "بڕین" ـە، و لەگەڵ "ڤالا" دا واتاکەی دەبێتە: "ئەوەی کاری بڕین ڕادەپەڕێنێت"، ئینجا بە "دروێنەکەر" یش دەوترێت وەکو جۆرێکی "بڕەر".
گرنگ ئەوەیە "ڤالا" وشەیەکی لاوەکیە، و بە واتای "دروێنەکەر" نیە، بەڵکو تەنها واتای "عایدی کارێک" یان "ڕاپەرێنەری کارێک" دەگەیەنێت، نەک بۆ خۆی واتای "دروێنەکەر" بدات.
کاتێکیش بەدوای ڕیشەی وشە هیندیەکەدا دەڕۆین؛ هەندێک شتی سەرنج‌ڕاکێش دەبینین:
وشە هیندیەکە "ڤالا"، لە पाल |پالە| ی سەنسکریتیەوە هاتوە، کە ئەمەش بە واتای "پارێزەر" ە. بەڵام ئایا هیچ پەیوەندییەک هەیە لەنێوان وشە هیندیە کۆنەکە "پالە" یان هیندیە نوێیەکە "ڤالا"، و نێوان "پالە" یان "پاڵه" ی کوردی؟
هەرچەند سەرنج‌ڕاکێشە، بەڵام پێم وا نیە، چونکە:
١. وشە هیندیەکە لە کۆتاییدا بوەتە "ڤالا"، و بە شێوەی "پالە" نەماوەتەوە، ئیتر چۆن بە هەمان شێوەی کۆنی "پالە" دەگاتە کوردی؟! بە مەرجێک "پالە" لە فارسییشدا نیە.
٢. ڕاستە وشە هیندیە نوێیەکە، کە بە واتای لێپرسراوی کارێک دێت؛ کەمێک لێکچونی لەگەڵ "پاڵە" ی کوردی هەیە. بەتایبەتی کاتێک وشە هیندیە نوێیەکە چوەتە ئینگلیزیەوە؛ wallah ی لێ ساز بوە کە بە "خزمەتچی" دەوترێت، وەکو خزمەتچیی چێشتخانە. بەڵام دەبینین وشە هیندیە نوێیەکە لەگەڵ وشە کوردیەکە جیاوازیی هەیە، و دیسان گواستنەوەی بۆ کوردی بەتەنها و ڕێڕەو و ڕێچکەی ئەم گواستنەوەیە؛ ڕونکردنەوە و سەلماندنی ئەستەمە.
٣. وشە سەنسکریتیەکە "پالە" بە واتای "پارێزەر" ە [بۆیە بە واتای "پاسەوان" و "شوان" و پاسەوانی وڵات (=پاشا) یش هاتوە]. لێرەدا بیر لەوە دەکەینەوە: بڵێیت لە زمانە ئێرانیەکانیشدا (وەکو کوردی و فارسی) بەرامبەری نەبێت؟ بەڵێ، هەیەتی، بەڵام بە شێوەی "پاڵە" نیە. لەو وشانەی لە کوردی و فارسی‌دا هاوڕیشەی ئەو وشە هیندیەن؛ "پاییدن" ی فارسی (=پاراستن)، و "پایین" ی کوردی (چاودێری‌کردن، ئاگاداری‌کردن) [و "پاوەتەنە" ی زازایی، بە واتای پاراستن]، "آباد" ی فارسی، و "ئاوا" ی کوردی (و "آبادان" ی فارسی، و "ئاوەدان"ی کوردی)، و"پاس" ی فارسی و کوردی (و "پاسبان" ی فارسی، و "پاسەوان" ی کوردی) [کە ئەم وشانەش هەمویان دەچنەوە بۆ ڕیشەیەک کە وشەی "پێهـ-" ی هیندی-ئەورۆپایی سەرەتاییە]. کەواتە بواری ئەوەشمان نیە بڵێین "پاڵه" ی کوردی هاوڕیشەی ئەو "پالە" سەنسکریتیەیە، چونکە ڕیشەکە لە کوردی‌دا بە جۆرێکی تر وشەی لێ کەوتوەتەوە.
* ئەمە هەموی؛ جگە لەوەی "دروێنەکەر" واتای یەکەمی "پاڵە" نیە، ڕەنگە دروێنەکردن کارێکی سەخت و دیاری پاڵە بێت، بەڵام ئەمە واتای یەکەم و ڕاستەقینەی ناوەکەی نیە. وشەکە سەرەتا بە "ڕەنجبەر" وتراوە، ئینجا دوایی بە هەمو "دروێنەکەر" ێک وتراوە، بۆیە "دروێنەکەر" واتای ڕیشەیی وشەکە نیە.