ڕیشەی ناوی 'قوڵقوڵاغ'

ڕیشەی ناوی "قوڵقوڵاغ"
ئایا پەیوەندییەکی بە "گوێلاک" ی کوردیەوە هەیە؟
یان هەر تورکیی ئازەریە؟

دۆزینەی ڕیشە و بنچینەی ناوەکان، ناوە کەسیەکان، زۆر لە دۆزینەوەی ڕیشەی وشەی ئاسایی و گشتی، قورسترە.. بەڵگە و نیشانەی زیاتری دەوێت و دۆکیومێنت و دۆزینەوەی شێوەی کۆنتری پێویستە، چونکە جاری وا هەیە بنچینەی یەکەمی ناوەکە هیچ پەیوەندییەکی بەو ژینگە زمانیەوە نیە کە ئێستە ئێمەی تێداین.
ئینجا لە لایەکی تریشەوە؛ بێ گومانین کە ئەگەرێکی بەهێزە گەلێک لەو ناوە تورکیانەی شوێن و جێگەکان و ئاوەدانی و شوێنەوار و چیا و دۆڵەکان لە کوردستاندا هەڵیان‌گرتوە؛ وەرگێڕانی تورکی بوبن بۆ ناوی کۆنتری کوردی، و ڕەنگە هەندێکیشیان هەر بەڕواڵەت و بە گۆڕانی بێژەکانیان لە وشەی تورکی بچن و لێکۆڵینەوەی ورد ئاشکرای بکات کە لە ڕاستیدا وشەی خۆماڵی و ڕەسەنن.
بەڵام ئیتر ئەمانە ئەگەری کراوەن و هەر وشەیەک دەبێت بەوردی و بە کۆکردنەوەی زۆرترین زانیاری و بە بێ‌لایەنیی تەواو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەین، هەتا دەگەین بە ئەنجامی تەواو کە لێی ڕازی بین و تینوێتیی زانستیمان بشکێنێت. و هەر هەوڵێکیش لەم بارەیەوە پیرۆزە و جێی ڕێزە، بە هەر ئەنجامێک بگات.

شاخی "قوڵقوڵاغ" ـ مەهاباد
 سەبارەت بە ڕیشەی ناوی شاخی "قوڵقوڵاغ" لە نزیک شاری مەهاباد؛ شتێکی زانراوە کە ئەمە دەستەواژەیەکی تورکیی ـ بۆ نمونه ـ ئازەریە (تورکیە ئەنەدۆڵیەکەش هەر ئەگەری هەیە، بەڵام ئەگەرێکی لاوازە، بە حوکمی جیۆگرافیا)، و لە بنەڕەتدا "قورد-قولاق" qurd-qulaq یان "قورت-قولاق" qurt-qulaq بوبێت. لە ئازەریدا "قورد" qurd بە واتای "گورگ" ـە، کە شێوەی "قورت" qurt یش وەردەگرێت (و ئیتر لە وتنە کوردیەکەشدا گۆڕانی "قورت" بۆ "قوڵ-" ئاسانە، وەکو گۆڕانی "کورت" بۆ "کوڵ")، و "قولاق" qulaq یش بە واتای "گوێ" یە. دیسان ئەم لێکدانەوەیە لەگەڵ شێوەی لوتکەکانی چیاکەدا پەیوەندیی ڕونی هەیە. ڕەنگە ئەمە وەرگێڕانێک بوبێت بۆ ناوێکی کوردیی ناوچەیی شاخەکە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئاسانترین لێکدانەوە و دیارترین ئەگەر بۆ ڕیشەی ناوەکە ئەم بنچینە تورکی-ئازەریەیە.

ئەم ناوە تورکیە "قورت قولاق"، لە شوێنی تریش هەیە: گوندێک هەیە سەر بە کەرتەی (عەفرین) لە کوردستانی خۆرئاوا، بە ناوی "قورت قُلاق" یاخود "قورت قولاق"، کە باس کراوە تورکیە (یانی: تورکیی ئەنەدۆڵی)، و بە واتای "گوێی گورگ" ـە، و لە تورکیی ئێستەدا دەبێتە kurt kulak کە دەستەواژەیەکی بەکارهاتوە، و ناوی ئەو گوندەش لە تورکیدا هەر بەم شێوەیە دەنوسرێت.

* هەوڵێک هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕیشەی ئەم ناوە، کە گێڕانەوەیەتی بۆ وشەی "گوێلاک" لە کوردیدا. بە بڕوای من ئەگەر بەم شێوەیە لێکدانەوەی بۆ بکەین؛ توشی کێشە دەبین، چونکە جگە لەوەی ئەمە خۆبێ‌ئاگاکردنە لە ڕیشەی تورکیی ڕونی ناوەکە؛ بەراوردی "قولاغ" بە "گوێلاک" و لێکدانەوەی ڕیشەیی "گوێلاک" لە خۆیاندا کێشەن، و لێکدانەوەی ڕیشەیی بەشی یەکەمی ناوەکە کە "قوڵ-"ـە؛ کێشەیەکی تریشە.
وشەی "قوڵاخ/قوڵاغ" [ی دەستەواژەی "گوێ قوڵاخ/قوڵاغ"]ـیس ڕەنگە پەیوەندیدار بێت، بەڵام ئەمە یان ساخکردنەوەی پێویسته، و دڵنیابون لە ڕیشە و بنچینەی کەمێک زەحمەتە.

٭ جا سەبارەت بە "[سەرو]گوێلاک" [هەرچەند وشەیەکی بڵاو نیە لە شێوەزارە کوردیەکاندا]؛ ڕاستە بەراوردکردنی بەشی یەکەمی بە "[سەر و]گوێ" و بەشی دوەمی بە "لاک" [و "لاشە" و "لاش" و "لەش" ی کوردی، و فارسی کە چونەتە زمانە تورکی و هیندیەکانیشەوە]؛ سەرنجڕاکێشە. یان ڕەنگە هەر وەکو وشەی "پۆتەڵاک" [و "پۆتەڵاگ" و "پۆتڵاک" و "پۆتراک" = لە هەورامیدا "پوتاک" و "پوتک"] دروست بوبێت، کە بە هەمان واتایە، هەرچەند ڕیشەی ئەمیشم لێ ڕون نیە.
٭ ئینجا "قوڵاخ" ی دەستەواژەی "گوێ قوڵاخ"؛ بەڕواڵەت لەگەڵ "قولاق" ی زمانە تورکیەکان بەراورد دەکرێت، یانی سەرەتا "قولاق" بوەتە "قوڵاغ" و ئینجا بوەتە "قوڵاخ"، بەڵام لە دەستەواژەی "گوێ قوڵاخ" ـدا واتاکەی لۆجیکی نیە، چونکە "قوڵاخ" یش ئەو کاتە هەر بە واتای گوێ دەبێت. و بەوەدا کە وشەکە لە کوردیدا واتای تریشی هەیە (هەمبانە بۆرینە، ماددەی "قوڵاخ" و "قوڵاخە")، وەکو هاتنی "قوڵاخ" بە واتای "قۆزاخە پەمو" و هاتنی "قوڵاخە" بە واتای "کۆبونەوەی ماسی لە دەوری یەک لە زستاندا"؛ بۆیە ڕەنگە بەم شێوەیە واتای کۆبونەوەی تێدا بێت و بۆ ئاماژە بۆ شتی کۆبوەوە بەکار هاتبێت.. لێرەوە ڕەنگە "گوێ قوڵاخ" یەکەم جار بۆ وەسفی ئەسپ بەکار هاتبێت کە لە کاتی وریابونەوە و خۆئامادەکردن یان هەوڵی باش‌بیستنی دەنگێک گوێیەکانی کۆ دەکاتەوە، و ئەمەش جوڵەیەکی زۆر بینراوی ئەسپ و وڵاخە بەگشتی (هەرچەند ڕەنگە ئەم جوڵەیە هۆکار و واتای تریشی هەبێت). ئیتر دواتر "گوێ قوڵاخ" ـ کە تا ئێستەش زیاتر بۆ وەسفی وڵاخ بەکار دێت ـ بۆ مرۆڤیش بەکار هاتوە کە "لەسەر هەست" بێت، یانی بیەوێت بەوریاییەوە گوێ بگرێت و بزانێت مەسەلە چیە. بەڵام هێشتا بەدڵنیایی نازانم ڕیشەی وشەکە چیە.

٭ "کەلاک"، بەرامبەری "کەلەخ" و "کەلەش" ی کرمانجیی باکور؛ ئەمەش هەر جیاوازییەکی ئەوتۆی نیە لە "لەش" و "لاش" و "لاک"، و هەر لێرەوە دروست بوە، پێم وا نیە ڕیشەیەکی سەربەخۆ و جیاوازی هەبێت. بەڵام چۆن و "کە-" چیە؟ نازانم.
هەر ویستم هەندێک سەرنج بخەمە سەر مەڵۆی زانیاری و سەرەداوەکان. ئەگەرنا پێم وایە زەحمەتە "-قوڵاغ" بە "گوێلاک" و "کەلاک" لێک‌بدرێتەوە و ئەم دوانە بە هەمان وشە بزانرێن.

* لە فارسییشدا وشەیەک هەیە ڕیشەی ڕون نیە، و لەگەڵ "گوێلاک" ی کوردی لێکچونێکی بێژەیی و واتایی کەمی هەیە، ئەویش "قلاغ" |قولاغ=قۆلاغ| ـە، بە واتای "دەم‌وقەپۆز".