ڕیشەی 'بیابان' ـ 'بێ‌ئاو' یان 'وێرانە'؟

ڕیشەی "بیابان"
"بێ‌ئاو" یان "وێرانە"؟

گومان بۆ ئەوە دەچێت وشەی "بیابان" پێک‌هاتبێت لە "بێ-" و "ئا-" ـ وەکو کورتەی "ئاو"ـ لەگەڵ "بان" بە واتای بان و بەرزایی، و بەسەریەکەوە ببێتە "بانی بێ‌ئاو".. کە ئەمە لێکدانەوەیەکی ڕیشەیی سەرکەوتو نیە.. چونکە وشەکە ـ وەکو زانراوە ـ  پێشتر لە پەهلەوییشدا هەبوە، لەبەر ئەوە دەبێت بزانین لە زمانە ئێرانیە ناوەڕاست و ئینجا کۆنەکانیشدا ڕیشەکەی چۆنە نەک بێین بەپێی زمانێکی ئێرانیی نوێ ڕیشەی بۆ ساز بکەین. بۆ نمونە: لە پەهلەویەکەشدا وشەکە "و‌(ی)دءپ‌ءن'" |وییاپان=وییابان| یاخود |ڤییاپان=ڤییابان| بوە، کە وشەکە لە پەهلەویدا هەم بە واتای بیابان هاتوە و هەم بە واتای سەرلێ‌شێواو و سەرگەردانیش هاتوە. جا ـ بۆ نمونه ـ ئەگەر بەشی یەکەمی وشەکە پێشگرێک بوایە وەکو "بێ-" ی کوردی؛ دەبوایە وشە پەهلەویەکە بە شێوەی "ئەبێ-ئاب-" بوایە نەک "وییاب-"، چونکە پێشگری بە واتای "بێ" لە پەهلەویدا "ئەبێ-" یە نەک "بێ-"، ئەوە لە فارسی و کوردیدایە کە بوەتە "بێ-" و لە فارسیی نوێی خۆرئاوایی هاوچەرخیشدا بوەتە |بیی|. وشەکە لە پەرثییشدا هەبوە بە شێوەی "و‌ی‌ء‌ب‌ء‌ن" |وییابان|، هەم بە واتای "بیابان" و هەم بە واتای "وێرانە". دەی ئەگەر بەشی یەکەمی وشە پەرثیەکە پێشگری "بێ-" بوایە؛ دەبوایە وشەکە بە شێوەی "ئەبێ-ئاب-" بوایە، و هەر بەڕاستییش لە پەرثیدا وشەیەکی لەم شێوەیە گەیشتوە: "ء‌ب‌ی‌ء‌ب" |ئەبێ-ئاب|، واتە "بێ‌ئاو". ئەمەش چونکە لە پەرثییشدا پێشگری "بێ-" هەر بە شێوەی "ئەبێ-" یە.
بەگشتییش وشەکە لە فارسیی نوێ و کوردیی نوێدا بە دەنگی |ب| دەست پێ دەکات، ئەگەرنا پێشتر لە پەرثی و پەهلەویدا بە "و" نوسراوە و بە |و| یاخود |ڤ| دەخوێنرێتەوە، کەواتە هیچ پەیوەندیی بە پێشگری "بێ-" وە نیە.

لە ڕاستیدا واتای ڕیشەیی ئەم وشە ئێرانیە لە واتای وێرانی و نەبونی ئاوەدانیەوە هاتوە نەک لە نەبونی ئاوەوە. وەکو وتم وشە پەرثیەکە بە واتای بیابانیش دێت و بە واتای وێرانەیش دێت، و ئەم وێرانەییە واتای ڕیشەیی وشەکەیە، و هەر لەبەر ئەمەش بە بیابان وتراوە.

ئینجا با بچین بۆ قۆناغێكی کۆنتر کە زمانێکی ئێرانیی کۆنی وەکو ئەوێستاییە:
ئێرانیە کۆنەکەی وشەکە بە "*ویواپانە" یاخود "*ڤیڤاپانە" دەخەمڵێنرێت، ئەمەش لە فرمانێکەوە لە ئەوێستاییدا داڕێژراوە بە شێوەی "ڤیڤاپەت" [یاخود "ڤیوواپەت"] (لە "ڤەپ-" ـەوە) بە واتای "وێران کرد". بەم پێیەش وشەکە "ڤیڤاپانە" داڕشتەی ناوی بەرکارە و واتاکەی دەبێتە "وێران‌کراو"، جا ئیتر کاتێک دوایی بە بیابان وتراوە لەبەر ئەوە بوە کە بە چۆڵ‌کردن و ئاوەدان‌نەکردنەوەی کراوەتە وێرانە، یان بەو پێیەی کە سروشت (یان خوا) کردویەتیە وێرانە. ئینجا "*ڤیڤاپانە" لەبەر ئەوەی دەنگی هاوشێوەی تێدایە، مەبەستم دو دەنگی |ڤ|، لەبەر ئەوە دوەمیان ون دەکرێت، و بەمەش دەبێتە "ڤییاپانە"، ئینجا ئیتر لە ئێرانیە ناوەڕاستەکەدا ئەمە بوەتە "ڤییاپان" و دواتر بوەتە "ڤییابان" و "وییابان"، و دواتر لە فارسی و کوردیدا بوەتە "بیابان" |بیـ'ـیا'بان|. ئێستە لە کوردیدا بە شێوەی |بیا'بان| یش دەوترێت. کە بێ گومان لە فارسیی ناوەڕاستدا ـ وەکو وتم ـ وشەکە "ڤیاپان" یاخود "ویابان" بوە وەکو لە پەهلەویدا دەرکەوتوە، و لە کوردیی ناوەڕاستیشدا هەر شتێكی وەکو "ویابان" بوە وەکو لە پەرثییشدا دەیبینینەوە.