ڕیشەی 'تەریب' و 'هاوتەریب'

ڕیشەی "تەریب" و "هاوتەریب"


ئەم وشەیە لە کوردیی نوێدا هەیە، و تازە دروست بوە، و کوردیی ڕەسەنیش نیە، بەڵکو درەنگانێک لە وشەی "تضریب" |تەضرییب| ی عەرەبیەوە خوازراوە.
چۆن؟
وشەی "تضریب" ی عەرەبی، بە واتای درومان و دورینەوەیە.
(بڕوانە: الزَّبيدي، تاج العروس من جواهر القاموس. جـ.٣، ص. ٢٥٢: "وضَرَّب النَّجَّادُ المُضَرَّبَةَ تَضْرِيبًا إِذَا خَاطَهَا").
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە "تضریب" لە بنەڕەتدا بە واتای بەیەکدادان و تێکەڵ‌کردنە، بۆیە بە درومان وتراوە چونکە بەیەکدادورینی دو پارچەیە.
لە دواییدا بە درومانێک وتراوە کە تەقەڵی درشت و پێچەوانە بێت.
(بڕوانە: دوزي، تكملة المعاجم العربية. ترجمة: محمد سليم النعيمي. الطبعة الأولى، ١٩٧٩-٢٠٠٠. جـ. ٦، ص. ٥٠٨: "تَضْرِيب: خياطة درزات متعاكسة").
جا بەم واتایە هاتوەتە کوردیەوە و بوە بە "تەریب".
(دیارە سەرەتا "تضریب" لای کورد بە شێوەی |تەڵریب| وتراوە و ئیتر دەنگی |ڵ| و |ر| تێکەڵ بوە و لە کۆتاییدا بوەتە "تەریب").
[تێبینی: سەرەتا لە ڕێگەی "فەرهەنگی مەردۆخ"ـەوە زانیومانە کە "تەریب" ی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ "تضریب" ی عەرەبی].
هەر بۆیە واتای وشەکە لە کوردیدا هەر پەیوەندیی بە تەقەڵ و درومانەوە هەیە، و هەر وەکو عەرەبیەکە لە کوردیدا بە درون بە تەقەڵی درشت و پێچ‌هەڵ‌پێچ و چەپ‌وچیڕ وتراوە، ئەو جۆرە درومانەی کە شێوەی "زەرب" دروست دەکات. کە ئەمەش بۆ بەیەکدادورینی دو پارچەیە.
جا لەبەر ئەوەی ئەو دو پارچەیە لە ڕێکی یەکترن؛ بۆیە ئیتر "تەریب" واتای "بەرامبەریەک" و "ڕێکی یەک" parallel ی وەرگرتوە.
ئێستەش بەم دواییانە لە کوردیی نوێدا "تەریب" [="مُوازِي"] و "هاوتەریب" [="مُتَوازِي"] بونەتە زاراوەی ئەندازەیی.