ڕیشەی 'نارین'

ڕیشەی "نارین"

وشەی "نارین"، کە بوەتە ناوی کچانیش (وەکو لە گۆرانیی کوردی "نارینێ! هەی نارین!"ـدا هەیە)، و لە فارسی و تورکییشدا هەیە؛ بە واتای وەکو ناسک و نازدار و نەشمیلە و بچوک و تەنکە. جا کوردیەکە و تورکیەکە لە فارسی "نارین" وەرگیراون. ئینجا فارسیەکە، یان کوردیەکەش ڕاستەوخۆ، لە "نارین" |ناریین| ی مۆنگۆلیەوە هاتوە، کە بە شێوەی "نەرین" و "نەرەن" و شێوەی تریش هاتوە. وشە مۆنگۆلیەکە بە وردی بە واتای "تەنک" و ناسکە. لێرەدا پێویست ناکات ڕیشەی مۆنگۆلیەکە باس بکەین کە ڕەسەنە و ڕیشەی ئەلطایی هەیە.
ئیتر ئەم وشە کوردی و فارسیە؛ مەگەر بە واتای تر ڕیشەی تری هەبێت، ئەگەرنا بەم واتایە ئەوە ڕیشەکەیەتی. بۆ نمونە: دەکرێت بە واتای "ئاگرین" بێت، ڕەنگە لە فارسیدا بەم واتایە هاتبێت، کە لێک‌دراوە لە "نار+ین". هەروەها دەشکرێت وەکو وشەیەکی دەست‌کرد بە واتای "هەناری" ساز بکرێت لە "نار" ی بە واتا "هەنار" و "-ین". بەڵام دەبێت بزانرێت ئەم وشە دەست‌کردە ئەوە نیە کە بەکار دێت، ئەمەی کەی بەکاردێت و بە واتای تەنک و ناسکە و بوەتە ناوی کچانیش؛ لە بنەڕەتدا مۆنگۆلیە و پەیوەندیی بە "نار" ی فارسی و کوردیەوە نیە و بە واتای "هەناری" نیە.. ئەگەر وا بوایە و ـ بۆ نمونە ـ "نارین" ی فارسی لە "انارین"ـەوە ساز بوایە؛ دەبوایە "انارین" ـیش هەمان واتای "ناسک" ی بدایە، کە شتی وا نەهاتوە.
بەڵام "گوڵنار" هەیە کە هەر ڕێک "گل انار" یان "گوڵی هەنار" ە. ئەگەریش ـ بۆ نمونە ـ بڵێین "گوڵی نارین" یان ـ بە فارسی ـ "گل نارین" (یان "نارین گل")؛ ئەو کاتە ئەم دەستەواژەیە واتای گوڵی ناسک دەدات.