ڕیشەی 'خراپ' ی کوردی و 'خراب' ی عەرەبی

ڕیشەی "خراپ" ی کوردی و "خراب" ی عەرەبی

"خراپ" پێشتر هەر لە کوردیدا "خەراپ"ـە، ئەمیش پێشتر "خەراب" بوە کە ئێستەش هەندێک وای دەڵێن.

ئیتر "خەراب"ـیش دیارە لە "خراب" |خەڕاب| ی عەرەبیەوە هاتوە بەواتای وێرانەیی. واتاکەی لە کوردیدا گۆڕاوە لەو ڕێگەیەوە کە بە وێران‌بونی ـ بۆ نمونە ـ ماڵێک؛ ئیتر خراپ دەبێت و بەکەڵک نامێنێت. جگە لەوەش "خراب" لە عەرەبیدا چاوگە و ناوە، بەڵام "خراپ" ی کوردی ئاوەڵناوە. بەڵام ئەم گۆڕانکاریە لە عەرەبی خۆیشیدا ڕوی داوە: "خراب" کە سەرەتا چاوگە؛ بە واتای "وێرانە" یش دێت، یانی شوێن و ماڵ و زەویی وێران. ڕەنگە سەرەتایش هەر بەم واتایە هاتبێتە کوردیەوە.

* لە فارسییشدا "خراب" |خەراب| هەمان واتاکانی عەرەبیەکە و کوردیەکەی هەیە. لە واتای "وێرانە"ـەوە، بۆ واتای "خراپ" یانی بێ‌کەڵک و نا-باش.

* ئینجا ئایا وشەی "خراب" و ماددەی "خ‌رب" بەگشتی لە عەرەبیدا ڕەسەنە؟
ئەم ڕیشەیە "خ‌رب" کە واتای وێران‌بون و نا-ئاوەدانی دەدات؛ هەم لە عەرەبیدا هەیە، و هەم لە ئارامی و عیبری و هەندێک زمانی سامیی تردا:
* لە عەرەبیدا کرداری "خرب" |خەریبە| یانی وێران بو. ئیتر ئەمە وشەی تر و مانای تریشی لێ ساز بوە.
* لە عیبریدا کرداری "خ‌رب" |خەراڤ=خەرێڤ| واتای وێران‌کردن و وێران‌بون، هەروەها کوشتن و سەربڕین، هەروەها واتای وشک‌کردنەوە و وشک‌بونەوەیش دەدات.
* لە ئارامیدا "خ‌رب" |خرێب=خەربا| ئاوەڵناوێکە بە واتای بەبیابان‌بو، چۆڵ و بەتاڵ. هەروەها "خ‌رب‌هـ" |‌خەربا| و "خ‌ر‌ب‌ت‌ء" |خەربطا|، بە واتای "وێرانە" و هەروەها "بیابان". ئیتر "خ‌ر‌ب‌ن" |خوربان| و "خ‌ر‌ب‌ن‌ء" |خوربانا| ـیش بە واتای وێران‌کردن دێت، و بەم شێوەیە.
* هەروەها لە ئەککەدیدا وشەی "خەراب" کردارێکە واتای وێران‌بون و فەوتان دەدات.

ئەی ڕیشەی ئەم ڕیشە عەرەبی و عیبری و ئارامیە و ئەککەدیە چیە؟ ئایا بۆ خۆی ڕیشەیەکی سەربەخۆیە و ڕاستەوخۆ دەچێتەوە سەر سامیی سەرەتایی؟
ئەمە هێشتا بەدڵنیایی ساخ نەبوەتەوە، بەڵام هەر لە ڕێوە سەرنج دەدرێت ئەم وشە عەرەبی و عیبری و ئارامی و ئەککەدیانە لەگەڵ هەندێک وشەی تر کە وەکو ڕیشەی تر دەردەکەون خزمایەتییان هەیە، ئەمانەش:
* لە عەرەبیدا "حرب" |حەڕب|، واتە شەڕ، و "حربة" |حەڕبه| واتە چەقۆ یان شمشێری بچوک.
* لە عیبریدا "خ‌رب"|خێرێڤ| بە واتای چەقۆ و شمشێر و ئامڕازی تری بڕین. هەروەکو پێشتریش وتمان "خ‌رب" |خەراڤ=خەرێڤ| ـیش واتای کوشتن و سەربڕین دەدات.
* لە ئارامیدا کرداری "خ‌رب" واتای سەربڕین دەدات، و "خ‌ر‌ب‌" |خرێب| و "خ‌ر‌ب‌ء" |خەربا| واتای شمشێر دەدات.
* لە ئەککەدیدا "خەرب" بە واتای گاسنە کە ئەمیش ئامێرێکی نوکتیژە.

ئەمە دو ڕیشە: یەکێكیان واتای وێران‌بون و وشک‌بونەوە دەدات، و یەکێکیشیان سەربڕین و ئامێری بڕین.. ئینجا کامیان ڕیشەی یەکەم و بنچینەی ئەوی ترە؟
دو لێکدانەوە هەیە بۆی:
١. یان ئەمە "خ‌ر‌ب" خۆی ڕیشەیەکی سەربەخۆیە لە بنەڕەتدا بە واتای وشک‌کردنەوەیە، دوایی ئەمە واتای بەبیابان‌بونی وەرگرتوە، لێرەوە واتای وێرانەبونی گەیاندوە، ئینجا واتای وێران‌کردن و لەناوبردن، ئینجا لێرەوە گەشەی کردوە واتای کوشتن و سەربڕینی وەرگرتوە.
٢. لێکدانەوەیەکی تر ئەمەیە کە سەرەتا وشەکە بە واتای شمشێر و چەقۆ و بەگشتی ئامێری بڕین و هەڵدڕین بوە، وەکو "خرێب" و "خەربا" ی ئارامی و "حەڕبه" ی عەرەبی و "خەرب" ی ئەککەدی، ئینجا لێرەوە واتای سەربڕینی وەرگرتوە، وەکو لە عەرەبییشدا وشەی "حەڕب" واتای شەڕ و کوشتار دەدات. ئینجا لێرەوە ماددەکە واتای لەناوبردنی وەرگرتوە، ئیتر واتای وێران‌کردنیشی گەیاندوە چونکە ئەمیش جۆرە لەناوبردنێکە، ئینجا لە واتای وێران‌بونەوە واتای وێرانەیی و بەبیابان‌بونی وەرگرتوە و بە "وێرانە" و "بیابان" وتراوە. دیارە ئەم گەشەکردنە واتاییە هەر لە ئەککەدیدا دەستی‌پێ‌کردوە چونکە هەردو واتاکەی تێدایە.
ئەم لێکدانەوەی دوەم پەسەندترە.
* ئەی ئایا ڕیشەی سامیی سەرەتایی ماددەکە چیە؟
دیارە ڕیشەکە هەر دەبێتە "خ‌ر‌ب"، و واتای ئامێری بڕین و هەڵ‌دڕین واتای یەکەمیەتی، بۆیە سەرەتا وشەکە بە ئامێری وەکو شمشێر و گاسن وتراوە. ئینجا گەشەی کردوە بۆ واتاکانی تر، بەو شێوەیەی ڕاڤەم کرد.