ڕیشەی "کەو" و "کەوە"
ڕاستە لە کرمانجیی باشوردا "کەو" بە هەمان واتای "کەوە"، واتە "شین"، دێت، و ئەمە ئەو گومانەی دروست کردوە کە هەمان شت بێت لەگەڵ / یان سەرچاوە بێت بۆ / وشەی "کەو" لە کرمانجیەکاندا و "کەوک" لە کرمانجیی باشوردا (و "کەوگ" لە لوڕیی بەختیاریدا) کە بە باڵندەی کەو دەوترێت.
بۆیە هەندێک گومانیان بۆ ئەوە چوە "کەو" پەیوەندیی بە "کەوە" وە هەبێت بەو پێیەی کە کەویش ڕەنگی لە کەوەوە نزیکە.
بەڵام ڕاستیەکەی وا نیە:
ـ ڕەنگی کەو زیاتر لە بۆر و قاوەیی کاڵەوە نزیکترە تاکو کەوە.
ـ ئینجا بیروڕای ساخکراوە ئەوەیە کە ناوی کەو لە زمانە ئێرانیەکاندا ناوێکی دەنگلاسا onomatopoeic ـە، واتە لە لاساییکردنەوەی دەنگی خوێندنی کەو "کەکبە-کەک" یان "قەقبە-قەق" یان "کەب-کەبە" یان شتێک لەم بابەتە، دروست بوە. بۆیە لە پەهلەویدا "کپک" |کەبک| بوە، کە ئەمە لە فارسیدا وەکو خۆی "کبک" |کەبک| ماوەتەوە، و لە کرمانجیی باشوردا بوەتە "کەوک" و لە بەختیاریدا بوەتە "کەوگ"، و لە کرمانجیەکاندا بەگشتی بوەتە "کەو".