ڕیشەی 'نەستەق'، 'نەسەق'

ڕیشەی "نەستەق"، "نەسەق"


وشەی "نەستەق" لە کرمانجیی ناوەندیدا لە بنەڕەتدا هەر "نەسەق" ـە و دەنگی |ت| ی تێدا زیاد بوە. لە شێوەی ئەردەڵانیدا هەر "نەسەق" ـە، وەکو لە فارسییشدا هەر "نسق" |نەسەق| ـە.
لە کرمانجیی باکورییشدا هەر "نەسەق" ـە، لە شیعری (مەلای جزیری) و لە "مەم و زین" ی (خانی) ـدا هاتوە، هەرچەند لە کورمانجیدا بڵاو نیە.
هەروەها لە شیعری (مەولەوی) ـیشدا هاتوە.
لە کرمانجیی باکوریدا "نەسەق" بە واتای وەکو "نمونە" و "شەقڵ" و "شێوە" و "شێواز "دێت، هەر ئەو واتایەی کە "نسق" |نەسەق| ـە عەرەبیەکەش ـ بنچینەی وشە کرمانجیەکە ـ هەیەتی، کە "نسق" لە عەرەبییشدا بە واتای شێوازە (بەتایبەتی لە وەسفی شێوازی هاتن و ڕیزبەستنی قسەدا دێت)، ئەوەتا وشەی "تنسیق" یشی لێ ساز دەکرێت بە واتای ڕێک‌خستن لەسەر یەک شێواز.
جا "نەستەق" لە کرمانجیی ناوەندیدا هەرچەند سەرەتا بە هەمان واتای "شێواز" هاتوە، وەکو لە شیعری نالیدا:


چیە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق

بە گوێ هەڵتاوەسیوە، سەر موعەللـەق

لێرەدا "بە نەستەق" واتە: به‌ڕێک‌وپێکی، یان بە شێوازێکی تایبەت.
بەڵام وشەکە ئێستە بەسەر قسەی عەنتیکە و بەمانادا بڕاوە (کە بەم شێوە و واتایە لە کرمانجیی باکوریدا نەبوە و ئێستە وردە-وردە بەکار دێت).
ئەمەش لەوەوە هاتوە کە سەرەتا بە قسەیەک وتراوە لەسەر شێواز و "نەسەق" ێکی تایبەت، یان وشەکە لەسەر واتای "نمونە" وە گەشەی کردوە و سەرەتا مەبەست قسەیەک بوە کە "نمونە" و "سەرمەشق" ـە، یان مەبەست ئەوەیە قسەکە زۆر ڕێک‌وپێک و بە شێواز و شیرازەیە.. ئەم واتایەی دوایی زیاتر هزر بۆی دەچێت، و دور نیە دەستەواژەکە سەرەتا "قسەی بە نەستەق" بوبێت.
* واتایەکی تری وشەی "نەسەق" تەمێ‌کردنە. بۆ نمونە مامۆستا گیو لە "فەرهەنگی کوردستان" ـدا "نەستەق‌کردن" ی هێناوە بە واتای "فەلاقەکردن". ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە "قسەی نەستەق" ی بە "قسەی ڕەق" یش ڕاڤە کردوە.
ئەمە بەتایبەتی لە ئەردەڵانیدا هەیە، و "نەسەقچی" ـ بە واتای فەلاقەکەر ـ یشی لێ ساز بوە، کە لە فارسیدا "نسقچی" واتاکەی ڕونترە کە بەو لێپرسراوە سەربازی و شارەوانیە وتراوە کە یاسا و پابەندبون دەپارێزێت و هێزەکان ڕێک‌دەخاتەوە، وەکو هەمان واتای "ضابط" ی عەرەبی.
ئەم واتای لێ‌دان و تەمێ‌كردنە؛ واتایەکی تری وشەکەیە، و لە فارسییشدا هەیە: "نسق" و "نسق‌کردن" (و ڕەنگە لە فارسیەوە هاتبێتە شێوەزارە خۆرهەڵاتیەکانی کوردیەوە)، و وا دیارە هەر لە واتای "نسق" ـە عەرەبیەکەوە هاتوە و لە فارسی و کوردیدا واتاکەی گەشەی کردوە، لە واتای ڕێک‌خستن و پاراستنی شیرازەوە، کە ئەمەش هەندێک جار بە لێ‌دان کراوە، وەکو پێچانەوەی کەسی هاروهاج یان سەرپێچی‌کەر بە لێ‌دانی. بۆیە واتاکەی گەشەی کردوە بۆ "تەمێ‌کردن"، چونکە ئەمەش هەر ڕێک‌خستنەوە و گەڕاندنەوەی یاسا و شیرازەیە.