ڕیشەی 'هێمن' و 'ئێمن'

ڕیشەی "هێمن" و "ئێمن" 

وشەی "هێمن" لە بنەڕەتی یەکەمیدا هەر هەمان وشەی "آمن" |ئامین| ی عەرەبیە. لە کوردیدا سەرەتا بە ڕێگەی ئیمالە بوەتە "ئێمن" |ئێێمن|، وەکو چۆن "ناو" دەبێتە "نێو" |نێێو|.
پاشان "ئێمن" ـ کە بەم شێوەیەش لە کرمانجیدا هەیە ـ بوەتە "هێمن". هەروەها شێوەی "ئەیمەن"ـیش هەر لە "ئێمن" دروست‌بوە (ئەگەرنا "أیمن" |ئەیمەن| ی عەرەبی واتاکەی جیاوازە، بە واتای بەرەکەت‌دارە ـ لە "یمن" |یومن|ـەوە بە واتای بەرەکەت، یان بە واتای لای ڕاستە یان بە واتای کەسی ڕاستەیە کە دەستی ڕاستی بەکار دەهێنێت، لە "یمین" |یەمیین|ـەوە بە واتای لای ڕاست).

ئینجا لەبەر ئەوەی "آمن" |ئامین| لە عەرەبیدا سیفەتی کەسی دڵنیایە کە خۆی تێک‌نادات، یان سیفەتی شتێکە کە جێگیرە و تێک‌ناچێت؛ بۆیە "هێمن" ـیش لە کوردیدا سیفەتی کەسی لەسەرخۆیە کە تێک‌ناچێت و خۆی تێک‌نادات.

دوایی ئینجا وشەی "هێمن" بوەتە ناو بۆ کوڕان، یان شاعیرێک وەکو ناوی ئەدەبی و ناوی قەڵەم بۆ خۆیی هەڵ‌دەبژێرێت.