بایراق و بایداق، بۆ بەیراخ و بەیداخ

بایراق و بایداق
بۆ
بەیراخ 
و بەیداخ

وشەی "بەیداخ" لە کوردیدا بە واتای 'ئاڵا' دێت، هەرچەند بڵاوی و جێ‌گرتوویی "ئاڵا" و "پەرچەم"ی نیە. و شتێکی زانراویشە کە وشەکە لە تورکیەوە هاتووە.
بەڵام چۆن و چ وشەیەکی تورکی لە پشتیەوە هەیە؟
سەرەتا دەبێت بزانین وشەکە لە کوردیدا بووەتە "بەیداغ" و "بەیداخ" (و ئەمەش دەبێتە "بەییاخ"!). 

ئەگەرنا وشە تورکیەکە "بایراق" یاخود "بەیرەق"ـە. لە زمانە تورکیەکاندا بەگشتی لەمەوە نزیکە. بۆ نموونە؛ لە تورکیی ئەنەدۆڵیی عوسمانیدا "بایراق" و "بیراق" |بەیراق| بوو. ئێستەش لە تورکیی ئەنەدۆڵیی نوێدا بە شێوەی bayrak ماوەتەوە.
بۆیە وشەکە بە شێوەی "بیرق" |بەیرەق| هاتووەتە فارسی و عەرەبییشەوە. لە فارسیدا بە شێوەی "بیراق" |بەیراق|یش گەیشتووە. 
ئیتر لە زۆربەی زمانە تورکیەکاندا "بایراق"ـە. بەڵام:
ـ لە چەغەتایدا؛ جگە لە "بایراق"؛ "بایداق"یش هەبووە.
ـ لە ئوزبەکیدا شێوەی "بایرۆق" [هەر "بایراق"ـە و دەنگە بزوێنە کراوە درێژەکەی دووەمی بەرەو دەنگی |ۆ| چووە] و ـ هەروەها ـ "بایداق"یشی هەیە. 
ـ لە تورکمانییشدا هەر "بایداق"ـە.
لە تورکیی قەراخانییشدا "باتراق"ـە، کە بە ڕمێک وتراوە سەرەکەی پارچە ئاوریشمێکی پێوەیە.
بەڵام لە تورکیی کۆندا (وەکوو ئویغوریی کۆن)؛ "بادروق" یان "باتروق" بووە. کە ئەمە لە ڕیشەکەیەوە نزیکترە، یان شێوەیەکی کۆنترە.
دەربارەی ڕیشەی وشەکە؛ چەند بیروڕایەك تا ئێستە دەرکەوتوون:
یان |١| ئەمە دەچێتەوە سەر ڕیشەیەکی تورکیی سەرەتایی بە شێوەی "باد-راک" یان "باد-روک"، و بەگشتی واتای 'ئاڵا' دەدات، و ئەمەش لەگەڵ کۆمەڵێک وشەی تری هاوواتای مۆنگۆلی و یاپۆنی و تونگوسی-مانچوویی هاوڕیشەن کە هەموویان بە شتێكی وەکوو "باد-" و "پاد-" و "پات-" دەست‌پێ‌دەکەن، لەگەڵ کۆمەڵێک تەواوکەر، و واتای 'بڵاوبوونەوە' (وەکوو بڵاوبوونەوە و شەکانەوەی ئاڵا) و هەروەها 'ئاڵا' دەدەن. ئیتر وا دیارە واتای 'بڵاوبوونەوە' واتای ڕیشەییەتی، و ئیتر لەگەڵ وشەگەلێکی دراڤیدی بەراورد دەکرێت کە بە "پۆد-" دەست‌پێ‌دەکەن و هەمان واتای 'بڵاوبوونەوە' و "درێژبوونەوە" دەدەن. و بەم شێوەیە ئەڵتاییەییەکە و دراڤیدیەکە دەچنەوە سەر ڕیشەیەکی کۆنتری هاوبەش.
یان |٢| وشە تورکیەکە (بەتایبەتی بەشی یەکەمی: "بات-" یان "باد-" کە بووەتە "بایـ")؛ دەچێتەوە سەر ڕیشەی تورکیی -bat (ڕیشەیەکی هاوبەشی زمانە تورکیەکان) و کرداری batmak |باتماک| (لە تورکیی ئەنەدۆڵیی نوێدا)، کە زیاتر واتای 'نوقم‌بوون' و 'بە ناخی زەویدا چوون' و 'بە ناودا چوون' دەدات. ڕەنگە بەو پێیەی کە ئاڵاش بە زەویدا دادەکوترێت.
یان |٣| گوایە وشە تورکیەکە لە سەنسکریتیەوە هاتووە: "پەتاکا"ی سەنسکریتی، بەڵام وا دەردەکەوێت وشە سەنسکریتیەکە ـ کە هیچ هاوشێوە و هاوڕیشەی لە سەنسکریتی خۆیدا نیە ـ لە خۆیدا خوازراوە.
یان |٤| بەپێی بیروڕایەک "بیرق" |بەیرەق|ـە فارسیەکە ڕەسەنە، و دەگەڕێتەوە بۆ وشەیەک لە ئێرانیی ناوەڕاستدا کە نەبینراوەتەوە بەڵام بە شێوەی "پەیراغ" بینادەکرێتەوە، و وا دادەنرێت لە کردارێکەوە داڕێژراوە کە واتای 'بەرزبوونەوە' و 'بەرزکردنەوە' دەدات (و ـ لێرەوە ـ ئاڵایش ئەو دروشم و نیشانەیەیە کە بەرز دەکرێتەوە)، وەکوو "پەدراز-"ی پەرثی بە هەمان واتا. بەم پێیە دەبێت وشە تورکیەکە لە قۆناغێکی کۆندا لەم بنچینە ئێرانیەوە هاتبێت. ئەمەش گریمانەیەکە و هەندێک پشتگیریی لێ دەکەن.
|٥| ڕیشەناسییەکی تریش وشە تورکیەکە دەگێڕێتەوە بۆ بنچینەیەکی ئێرانی، و بەتایبەتی بۆ وشەیەکی سوغدی کە وا دیارە بە شێوەی "پەرا" و "پەراک" وتراوە (بە شێوە نووسراوەکانی "پ‌ر‌ء" و "پ‌ر‌ءء" و "پ‌ر‌ء‌ک‌هـ" بینراوەتەوە) و بە واتای 'ئاڵا' بووە (و بە بەراوردکردنی لەگەڵ وشە سەنسکریتیەکە) کە لێرەدا جێی درێژەی باسی نیە. گریمانەی ئەوەش دەکرێت "باتروق"ـە تورکیە کۆنەکە جیاواز و ڕەسەن بێت (و لە کرداری "باتور-"ی تورکیەوە هاتبێت بە واتای 'چەقاندن')، و ئیتر بە شێوەی "بایراق" و "بەیداق" وشەی خوازراوی ئێرانی بێت لە تورکیەکاندا، بەتایبەتی کە بەم شێوەیە لەو زمانە تورکیانەدا هەن کە دراوسێی زمانە ئێرانیەکانن.

ڕیشەناسیی بەگشتی پەسەندکراو؛ هەر ئەوەی یەکەمە. 

* ئەی "بەیداخ"ی کوردی چۆن لە "بەیراق" ساز بووە؟
دیارە سەرەتا "بەیراق" لە فارسیدا شێوە گۆکردنێکی وەکوو |بەیراغ| وەردەگرێت. ئیتر کە وشەکە هاتوووەتە کوردیەوە؛ جگە لەوەی بە شێوەی "بەیراخ"یش ماوەتەوە؛ دەنگی |ر|یش بووەتە |د| و وشەکە بووەتە "بەیداغ" و پاشان "بەیداخ". یانی ئەمە ڕەنگە لە کوردیدا ڕووی‌دابێت، یان ڕەنگە لە فارسی خۆیشیدا ڕووی‌دابێت، چونکە "لغت‌نامە"ی (دهخدا) "بیدقدار"ی هێناوە بە واتای "بیرقدار" (هەرچەند وشەی "بیدق"ی فارسیی عەرەبیێنراو، بە واتای 'پیادە'؛ وشەیەکی ترە و جیاوازە). و ئەگەریشی هەیە هەر لە زمانێکی تورکیدا وشەکە بە شێوەی "بایداق" بووبێت (وەکوو لە چەغەتای و ئوزبەکی و تورکمانیدا هەبووە و هەیە) و ئەمەش بە شێوەی "بەیداق" هاتبێتە فارسی و کوردیەوە، پاشان ئەمە بووبێتە "بەیداغ" و "بەیداخ". ئەمەی دوایی زیاتر ڕێی تێ دەچێت، یانی بۆ شێوەی "بەیداغ"، بەڵام بۆ شێوەی "بەیراق" (و "بێراق" و "بێراک") و "بەیراغ" یان "بەیراخ" (و "بێراخ") کە ئەمانەش لە کوردیدا (بەتایبەتی کرمانجیی باکووری) ماون؛ ڕون دیارە کە "بەیراق"ـە ئەنەدۆڵیەکەن.