ڕیشەی 'باڵیۆز' یاخود 'باڵوێز'

ڕیشەی "باڵیۆز" یاخود "باڵوێز"

"باڵیۆز" یاخود "باڵوێز"، کە زیاتر لە کرمانجیی ناوەندیدا باوە؛ ئێمە ڕاستەوخۆ لە تورکیەوە وەرمان‌گرتوە، لە تورکیی ئەنەدۆڵیی عوثمانیدا بە شێوەی "بالیوز" و "بالیوس" دەنوسرا، وەکو (شەمسەدین سامی) لە "قاموس ترکی"ـدا هێناویەتی.
فه‌رهه‌نگی "الدراري اللامعات فى منتخبات اللغات" ی (تورکی-عه‌ره‌بی) (ساڵی ١٣٢٠ ی کۆچی)؛ ده‌ڵێت: بالیۆز و بالیۆس: نازناوی سه‌فیره‌کانی وڵاتانه‌، و ئێسته‌ به‌کار ناهێنرێت.. و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کردوه‌ که‌ وشه‌که‌ فه‌ڕه‌نگیه یانی ئەورۆپاییه‌.
جگە لەویش فه‌رهه‌نگێکی تر که‌ (تورکی-فڕانسی) ـه‌، به‌ ناوی Dictionnaire abrégé français-turc (ساڵی ١٨٣٨)، دو شێوه‌ ده‌هێنێت: بالیۆس balyos، بایلۆس baylos. و به‌ هه‌مان واتا، چونکه‌ نوسیویه‌تی: سه‌فیری ڤینیسیا (البندقیة) له‌ کۆنستانتینۆپۆلیس (القسطنطینیة).
هه‌روه‌ها مادده‌ی (Bālyōs) له‌ ئێنسایکلۆپیدیای ئیسلام Encyclopaedia of Islam ی بریل (چاپی دوه‌م)، ده‌ڵێت: بالیۆز Bālyoz، له‌ بنه‌ڕه‌تا "بایلۆس" Bāylōs ـه‌، و به‌ تورکی ناوی سه‌فیری ڤینیسیایه‌ لای (بابی عالی) Sublime Porte (یانی بارەگای فه‌رمانڕه‌وایی عوثمانیه‌کان). ئینجا ده‌ڵێت وشه‌که‌ به‌ ئیتالی "بایلۆ" bailo یه‌، و سه‌فیرەکانی ڤینیسیا له‌ بیزانتیوم (یانی کۆنستانتینۆپۆلیس) ئه‌م نازناوه‌یان له‌ ساڵی ١٠٨٢ ـه‌وه‌ هه‌ڵ گرتوه‌.. دوا ئه‌وه‌ ده‌ڵێت: سه‌فیر baili ەکانی تر (واته‌ جگه‌ له‌وه‌ی کۆنستانتینۆپۆلیس) له‌ صور Tyre و ئه‌یاس Lajazzo ی نزیک ئه‌سکه‌نده‌رون Alexandretta بون..
کەواتە وشە تورکیەکە سەرەتا "بایلۆس" بوە [و ئینجا بوەتە "بالیۆس" و ئینجا "بالیۆز"]، ئەمەش ڕاستەوخۆ لە μβαιλός |بایلۆۆس| ی گریکیی نوێوە هاتوە، ئەمەش لە bailo ئیتالیەکەوە، کە بۆ تاک ده‌وترێت "بایلی" baili. وەکو ئاماژەی بۆ کرا؛ وشە ئیتالیەکە به‌ دیپلۆماتی ڤینیسیاییه‌کان وتراوه‌ که‌ له‌ کۆنستانتینۆپۆلیس دانیشتوه‌ و کاروباری ڤینیسیای به‌ڕێوه‌ بردوه‌.. و وشه‌که‌ له‌ وشه‌یه‌کی لاتینیه‌وه‌ هاتوه‌ به‌ شێوه‌ی baiulus |بایولوس| که‌ ده‌قاوده‌ق به‌ واتای "گه‌یه‌نه‌ر" یاخود "گوێزەرەوە" و "هەڵ‌گر" ە.. هه‌ر بۆیه‌ وشه‌که‌ له‌ زمانه‌ ئەورۆپاییه‌کاندا نیه‌ به‌ واتای "سه‌فیر".

تێبینی: شەمسەدین سامی بیروڕایەکی تری هەیە لەسەر ڕیشەی وشە تورکیەکە: دەڵێت: "بایلۆس" لە bailli ی فڕەنسیەوە هاتوە. کە ئەمەش بە نوێنەر و وەکیلی ماڵباتی گەورە و هەروەها لێپرسراوی حکومیی دادگا یان هەر دەزگایەکی بەڕێوەبردن وتراوە. کە ئەمەش دەچێتەوە سەر baillif ی فڕەنسیی کۆن، ئەمەش لە وشەیەکی لاتینیەوە هاتوە کە دەبێت بە شێوەی baiulivus بوبێت، بە هەمان واتای لێپرسراوێکی بەڕێوەبردن لە قەڵایەکدا. و ئەمەش لە هەمان وشەی baiulus ی لاتینیەوە هاتوە کە پێشتر ئاماژەی بۆ کرا.