ڕیشەی 'ستری' و 'ئەستری' و 'هەستری' و شێوەکانی تریان

ڕیشەی "ستری" و "ئەستری" و "هەستری" و شێوەکانی تریان

سەبارەت بە وشەکانی "ستری" |ستریی|، "ستوری"، "سترۆهـ"، "ستورو" لە کرمانجیی باکوریدا، و "ئەستری" |ئەستریی|، و "هەستری" |هەستریی| لە کرمانجیی ناوەندیدا، بە واتای "دڕک" و ـ بەتایبەتی ـ "تودڕک" و درەختیلەی دڕکاویی تر..
هەروەها ـ لە هەمان کرمانجیی باکوریدا ـ "ستری" |ستریی|، "سترهـ"، "ئیستری"، "ستری" |ستریی|، "سترۆهـ" |سترۆهـ=سطرۆهـ|، "ستوری" |ستوریی|، "سترو" |سترو=ستروو|، "ستورە"، "ستورو"، "ئوستوری"، بە واتای "قۆچ" ی گیاندار.. لە زازاییشدا "ئیسترە" و "ئیستەرە" و "ئیشتەرە"، بە هەمان واتا.
ئەمانە هەمویان بنەڕەتەکەیان "ستر-" ـە، و بنەڕەتی ئەمەش "*سر-" ە، دەنگی |ت| لێرەدا پەیوەندیی بە ڕیشەی وشەکەوە نیە و لە کوردی (کرمانجی) دا دروست بوە، بۆیە ئەم "ت" ـە ناگەڕێتەوە بۆ هیندی-ئێرانی و هیندی-ئەورۆپاییەکە، و هەر هەوڵێک بەم شێوەیە بۆ دۆزینەوەی ڕیشەکە بە هەڵەدا دەچێت. لە کاتێکدا گومان بۆ ئەوە چوە کە "سـ" ـەکەی سەرەتا لاوەکی بێت و "ـتـ" ـەکە بنەڕەتی بێت.
جا با بزانین لە زمانە ئێرانیەکانی تری قۆناغی ناوەڕاست و کۆن و لە هیندی-ئێرانیە کۆنەکەدا و پاشان لە باڵەکانی هیندی-ئەورۆپاییدا بەرامبەری چیە. تەنها هەندێک نمونە دەهێنینەوە:
ـ لە زمانە ئێرانیە نوێیەکانی تر: بۆ نمونە لە فارسی: "سرو" |سوروو=سۆروو|، بە واتای قۆچی گیاندار.
ـ لە زمانە ئێرانیەکانی قۆناغی ناوەڕاست: لە پەهلەویدا: "س‌ل‌و‌ب'" |سروو| [="س‌ر‌و‌ی" |سرووی| ی پەهلەویی مانی]، بە هەمان واتای قۆچی گیاندار و نینۆک و چڕنوک، کە ڕیشەی ڕاستەوخۆی وشە فارسیە نوێیەکەیە.
ـ لە زمانە ئێرانیەکانی قۆناغی کۆن: لە ئەوێستاییدا: "سرو" |سروو|، بە هەمان واتاکانی "قۆچ" ی گیاندار و نینۆک و چڕنوک، و "سرڤا" یان "سرووا" بە واتای "قۆچ".
ـ لە زمانە هیندیەکان: لە هیندیی کۆن (سەنسکریتی) ـدا: "شرنگه"، بە واتای "قۆچ" و کۆمەڵێک واتای هاوشێوەی وەکو "لوتکە".
ـ لە باڵە ئەنەدۆڵیەکە: وەکو لە خیتتیدا: "سورنە" بە واتای "قۆچ"، و لە لوویدا "زورنی" بە هەمان واتا.
ـ لە باڵە هێللێنیەکە: وەکو لە گریکیی کۆندا: κέρας |کێێراس|، بە هەمان واتای "قۆچ".
ـ لە باڵە جێرمانیەکە: وەکو horn ی ئینگلیزیی کۆن و ناوەڕاست و نوێ.
ـ لە باڵە ئیتالیکەکە: وەکو cornu |کۆرنوو| ی لاتینی.
ـ لە باڵەکانی تری وەکو سڵاڤی و کەلتییش بەرامبەری هاوڕیشەی هەیە.
شایەنی ئاماژەیە کە وشەکانی "زوڕنا" [و "سرنای"] و "کەڕەنا" یش لە هەمان ڕیشەن، چونکە ئەمانەش لە بنەڕەتدا لە قۆچی گیانداران ساز کراون. کە لێرەدا جێگەی ڕاڤەی دروست‌بونی "زوڕنا" و "کەڕەنا" نیە، بەڵام هەر لە هەمان ڕیشەن.
و وا دیارە لە کوردیدا لە واتای وەکو "چڕنوک" ـەوە [کە ئەمیش وەکو قۆچ ئێسکێکی دەرپەڕیوی گیاندارە] ـ کە لە قۆناغی کۆن و ناوەڕاستدا هەبوە ـ گەشەی کردوە تا واتای "دڕک" ی وەرگرتوە و ئینجا بە هەندێک درەختیلەی دڕکاوی وتراوە.

جا ڕیشەی هەمو ئەمانە دەچێتەوە سەر وشەیەکی هیندی-ئەورۆپاییە سەرەتاییەکە کە بەگشتی بە "کێر-" (و "کـ(ـهـ)ێر-") و "کێرە-" و "کرا-" بنیات دەنرێتەوە (لای پۆکۆڕنی، ژمارە ٩٢٦)، و گریمانە دەکرێت کە بە واتای تۆقەسەر و قۆچ بوە. بە شێوەیەک ئەو وشانەی لێ دروست بوە کە بە واتای "قۆچ" (و ئێسکی تۆقەسەر و ئێسک بەگشتی) ـن، و بە شێوەیەکی تر ئەو وشانەی لێ دروست بوە کە بە واتای "سەر" (و تۆقەسەر و مێشکەسەر) ن، بۆیە "سەرە" و "سارە" ی ئەوێستایی، و "سەر" ی پەهلەوی و فارسی و کوردی (و ئەرمەنییش)، لە هەمان ڕیشەن، لە سەنسکریتییشدا "شیرەس" ـ بە واتای "سەر" و "کەللـەسەر" و "سەرۆک" و "لوتکە" ـ لە هەمان ڕیشەیە.
و ڕیشەکە تەنها لە هیندی-ئەورۆپاییدا نیە، بەڵکو لە خێزانە زمانەکانی ئەفرۆ-ئاسیایی (حامی-سامی) و ئورالی و ئەلطایی و کارتڤێلی و دراڤیدییشدا بەرامبەری هەیە، و ڕیشەکانی ئەمانە دەچنەوە سەر ڕیشەیەکی لەمانەش کۆنتر. ئێرە جێگەی درێژەی باسەکە نیە.
ئەمە ئەو ئەنجامانە بون کە زانایانی زمانناسیی مێژویی زمانە ئێرانیەکان و هیندی-ئێرانی و هیندی-ئەورۆپایی پێیان گەیشتون، کە هەیانە یەک کتێبی تەواوی بۆ ئەم باسە تەرخان کردوە.
بۆیە دەبێت بۆ ڕیشەی هەر وشەیەکی کوردییش؛ پێش هەمو شتێک دەبێت بزانین ئەو زانایانە چییان کردوە و چییان وتوە، و هەمو زانیارییەکی پێویست کۆ بکەینەوە، ئینجا لێکدانەوەی کۆتایی بۆ ڕیشەی وشەکە گەڵاڵە بکەین.