ڕیشەی 'کوڵک' و 'کورک' لە تورکیدا

ڕیشەی "کوڵک" و "کورک" لە تورکیدا

ئێستە بەو شێوەیەی "کوڵک" و "کورک" (و "کورکە") لە کوردیدا، بەتایبەتی کرمانجیی ناوەڕاست، بەکار دێن [بە واتای وردەمو و نەرمەمو، و موی سەر پێست و پێستە، لە بابەتی موی بزن و خوریی مەڕ]؛ لەگەڵ "توک" |تووک| جیاوازییەکی زۆریان نیە، بەڵام وا باشترە جیا بکرێنەوە (بۆ ئەوەی زاراوەی تایبەتمەندیان لێ پێک‌بێت): "کوڵک" تایبەت بێت بە وردەموەوە (لێرەوە بۆ گەندەموی گیاندارە وردەکانیش دەبێت)، و "توک" گشتی بێت، بۆ نمونه: هەمو موی لەشی مرۆڤ (جگە لە سەر) پێی دەوترێت "توک".
بەڵام "کورک" ی کرمانجیی ناوەڕاست و ـ زیاتر ـ "کولک" و "کۆلک" و "کورک" ی کرمانجیی باکور، و هەروەها "کرک" |کورک=کۆرک| [و"کولک" |کولک=کۆلک|] ی فارسی؛ ئەمانە بە واتای "فەروە" ن، واتە پێستە کە دەکرێتە پۆشاک و مو یان خوریەکەی پێوەیە.
ئەم واتایەی دوەم واتا بنچینەییەکەیە، و کرمانجیە باکوریەکە و فارسیەکە لەسەر ئەم واتایە ماونەتەوە.
جا ئەم واتایە ئاماژە دەکات بۆ بنچینە و ڕیشەی وشەکە:
ئەم وشەیە: "کورک" [کە پاشان بوەتە "کولک" و "کوڵک"] لە وشەی "کۏرک" kürk |ک~رک| ی تورکیەوە خوازراوە، کە بە هەمان واتای "فەروە" و "پاڵتۆی فەروە" یە. وشە تورکیەکە ڕەسەنە و لە kürk |ک~رک| ی تورکیی کۆنەوە هاتوە. لە تورکیی ناوەڕاستیشدا بە هەمان شێوە kürk بە واتای پاڵتۆ لە خۆری.
لە زمانە تورکیەکانی تریشدا، بۆ نمونه:
ـ "کرک" kürk ی ئازەربەیجانی، بە واتای پاڵتۆ کە ناوپۆشەکەی خوری بێت.
ـ körk ی قەراخانی، بە واتای جلوبەرگی خوری و پاڵتۆ لە خوری.
ـ kürk ی گاگاۆزی، بە هەمان واتا.

با ئەوەش بڵێین کە بنەڕەتی تورکیی وشەکە نابێتە بەڵگە و بیانو بۆ بەکارنەهێنانی لە کوردیدا. وشەکە لە کوردیدا خۆماڵی کراوە و واتاکەیشی گۆڕاوە کە لە کرمانجیی ناوەڕاستدا "کوڵک" بە واتای وردەمو و نەرمەموە، و ئەمەش وشەیەکی پێویستە وەکو زاراوەی زانستییش (بواری زیندەوەرزانی).