ڕیشەی 'نارنج'

ڕیشەی "نارنج"

"نارنج"، کە لە کوردی و فارسی و عەرەبیدا هەیە. شێوەی "نارنج" |نارەنج| ی فارسی؛ لە "نارنج" |ناڕەنج| ی عەرەبی وەرگیراوەتەوە، ئەم شێوەیە عەرەبیەش بۆ خۆی لە "نارنگ" |نارەنگ| ی فارسی وەرگیراوە. ئینجا ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ "ناگە-رەنگه" ی سەنسکریتی، کە بە شێوەی "نارەنگه" ی کورتکراوەش هاتوە و بەدیاریکراوی لەمەیانەوە وشە فارسیەکە هاتوە. وشە سەنسکریتیەکە بە واتای درەختی پرتەقاڵە. ئینجا ئیتر ئەم وشە سەنسکریتیە لە زمانێکی دراڤیدیەوە هاتوە، وەکو چۆن ئەم بنچینە دراڤیدیە لە زمانێکی دراڤیدیی نوێدا کە زمانی تامیلیە ماوەتەوە: "نەرتەن-کای" ی تامیلی کە پێک‌دێت لە "نەرەتەنتەم" ـ بە واتای بۆنی خۆش ـ و کای" ـ بە واتای میوە ـ، و بەسەر یەکەوە بە واتای میوەی بۆنی خۆشە. دیارە ئەمە پەیوەندیی هەیە بە بۆنی تایبەتی توێکڵی پرتەقاڵەوە.

* گومان بۆ ئەوە چوە ئەم وشەیە لە "(ئە/هە)نار+ڕەنگ"ـەوە هاتبێت، بەڵام ئەگەر وا بوایە؛ دەبوایە "نارڕەنگ" بوایە، و دەبوایە شێوەی "هەنارەنگ" و "ئەنارەنگ"ـیشی ببوایە. ئەمە جگە لەوەی نارنج و پرتەقاڵ وەکو هەنار نین و ڕەنگیان وەکو ڕەنگی هەنار نیە.