ڕیشەی 'کرێ' ی کوردی و 'کرایه' ی فارسی و 'کیرا' ی تورکی و 'کراء' ی عەرەبی

ڕیشەی "کرێ" ی کوردی
و "کرایه" ی فارسی و "کیرا" ی تورکی و "کراء" ی عەرەبی
 

"کرێ" ی کوردی و "کرایه" ی فارسی و "کرا" |کیرا| ی تورکی لە عەرەبیەوە هاتون (هەرچەند بۆ کوردیەکە باسی ڕیشەی کوردیی ڕەسەن و هەروەها ئەرمەنییش کراوە).
بەڵام نەک لە "کروة" |کەڕوە| ی عەرەبیی عاممیی عێراقی، بەڵکو لە "کراء" |کیڕاء| ی عەرەبیی فەصیح، کە چاوگ "مەصدەر" ی فرمانی "کاری" |کاڕا| یە بە واتای بەکرێ‌دان. هەر لە عەرەبیی فەصیحدا "کروة" |کیروه=کوڕوه| ـیش هەیە کە ئەمەیان ناوە نەک چاوگ، و ئەمە بنچینەی "کروة" عاممیەکەیە.
تورکیەکە زۆر ڕون دیارە کە لە "کراء" ی عەرەبیەوە هاتوە.
فارسیەکەش هەر هەمان "کراء" ی عەرەبیە و لە شێوگێکی تری چاوگی عەرەبیدا داڕێژراوەتەوە و بوە بە "کرایه"، هەرچەند "کرایة" |کیڕایە| لە عەرەبیدا جیاوازە و واتایەکی تری هەیە کە بە هەڵ‌کەندن و پاک‌کردنەوەی بیر و شتی وا دەوترێت.
کوردیەکە "کرێ" ئەگەری هەیە لە شێوەی "کرایه" ی فارسی وەرگیرابێتەوە. هەروەها "کرای" ی تورکمانییش هەر لە فارسیەکەوە وەرگیراوە. ئەمە جگە لەوەی وشە فارسیەکە هەر بە شێوەی "کرایه" چوتە ئوردویشەوە.

ئەی ڕیشەی عەرەبیەکە چیە؟
وا دەردەکەوێت وشە عەرەبیەکە لە ئارامیەوە هاتوە:
وشەی "ک‌ری" |کورێ| و بەتایبەتی "ک‌‌ر‌یء" |کوریا=کیریا=کەریا| ی ئارامی، کە لە بنەڕەتدا بە واتای مەڵۆیە [ڕەنگە لەگەڵ وشەی "کرة" |کوڕە| ی عەرەبیدا هاوڕیشە بێت]، وەکو مەڵۆی بەرهەمی کشت‌وکاڵی، ئینجا لەبەر ئەوەی لەو کۆمەڵگە کشت‌وکاڵیە کۆنانەدا بە مەڵۆیەک لە خەرمانی دانەوێڵە و شتی وا کرێی زەوی‌وزار و هەقی تر دراوە؛ بۆیە واتای هەر لە شێوەزارە ئارامیەکاندا گەشەی کردوە و واتای هەق و کرێ و بەکرێدانی وەرگرتوە.
ئیتر لە عەرەبیدا فرمانی "کاری" |کاڕا| ی لێ داتاشراوە (یان سەرەتا بە شێوەی "کروة" |کیروه=کوڕوه| عەرەبیێنراوە ئینجا فرمانی "کاری" ی لێ دروست کراوە) بە واتای: بە کرێی دا. لەمەش چاوگی "کراء" داڕێژراوە.

ئەگەریشی هەیە وشە ئارامیەکە "ک‌ری" |کورێ| بنچینەی ڕاستەوخۆی "کرێ" کوردیەکە بێت.