لە 'مولی' ی عەرەبیەوە، بۆ 'مەلا' ی کوردی

لە "مولی" ی عەرەبیەوە، بۆ "مەلا" ی کوردی

"مەلا" لە کوردیدا گۆڕاوی شێوەیەکی کۆنتری وشەکەیە کە "موللا"یە، ئەمەش، "موللا"، بەپێی هەمو سەرچاوەکان، وەکو فەرهەنگی ڕیشەناسیی فارسی و تورکی و ئینگلیزی، بۆ "مولی" |مەولا| ی عەرەبی دەگەڕێتەوە، و ئەمە بۆچونی هەمو پسپۆڕانی لەسەرە.
بەم شێوەیە:
ـ سەرەتا ئەوەی هەیە وشەی "مولی" |مەولا| یە، بە واتای گەورە، وەکو دەوترێت "مولانا"، بە هەمان شێوە وتراوە "المولی". بۆیە لە سەرچاوە عەرەبیەکاندا ئەم وەسفە زۆرە، بۆ نمونە: (حاجی خەلیفە) (-١٠٦٧ ک.) لە "کشف الظنون"ـدا هەمیشە لە جێی "الملا" دەنوسێت "المولى". ئەم لەقەبە پێشینەی کۆنتریشی هەیە، بۆ نمونە: (ذەهەبی) (- ٧٤٨ ک.) چەند جار لە " تاريخ الإسلام" و "سير أعلام النبلاء" هەندێک زانای ئایینیی گەورە بە "المَوْلَى الإِمَام" وەسف دەکات. هەروەها (ابن فضل الله العمري) (-٧٤٩ ک.) لە "مسالك الأبصار في ممالك الأمصار"دا لە وەسفی (بدر الدين الشبلي)ـدا بە "المولى الشيخ الفقيه" دەست‌پێ‌دەکات. پێش سەردەمی ئەمانیش ئەم وشەیە بۆ وەسفی خەڵکانی گرنگ بەکار هاتوە، بەتایبەتی دەسەڵاتدارەکان. باکگراوندی وشەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "مولى" ی بە واتای "سید" لە چینی گەورە و سەردار لە کۆمەڵگای عەرەبیدا.
ـ دوایی گۆڕانکاریەکە لە فارسیدا ڕوی داوە کە هەمان "مەولا" بە شێوەیەکی نزیک لە |مۆولا| گۆکراوە. گۆکردنی فارسی بە شێوەیەکە کە دەیەوێت بڵێت |مەولا| بەڵام وەکو |مۆولا| دەردەچێت! بەم شێوەیە لە "مۆولا" بەرەو ئەوە چوە ببێتە "مۆلا" |مۆۆلا|، کە ئەمە لە فارسیدا بە شێوەی "مولی" و "مولا"ـیش نوسراوە. ئینجا گۆڕانکارییەکی تری بەسەردا هاتوە (هەر لە فارسیدا، یان دواتر لە تورکیدا) کە کورت‌بونەوەی بزوێنی "ۆ" |ۆۆ| گرتنی |ل| ی لێ دروست بوە، بەم شێوەیە بوەتە "مۆللا".
ـ ئینجا لە فارسیەوە، بە هەمو لایەکدا بڵاو بوەتەوە، بۆ نمونە: لە خۆرهەڵاتەوە گەیشتوەتە ئوردو و تورکیەکانی ناوەڕاستی ئاسیا. لە خۆرئاوایشەوە گەیشتوەتە تورکیی عوثمانی، کە بە شێوەی "ملا" |مۆللا| و "منلا" |مۆللا| نوسراوە [نوسینی دەنگی |ل| ی گیراو لە نوسینی عەرەبیدا بە شێوەی "نلـ" لەوەوە هاتوە کە "نلـ" لە گۆکردندا بە "ئیدغام" هەر دەبێتەوە بە هەمان دەنگ]. ئیتر بۆیە ژمارەیەک لە زانایانی ئایینیی عوثمانی و هەروەها کوردی و عەرەبیی سەردەمی عوثمانی ناویان بە شێوەی "الملا" و "المنلا" ڕۆشتوە. بۆ نمونە: (الملا خسرو) (-٨٨٥ ک.) ی حەنەفیی عوثمانی؛ ناودارە. (ابن المنلا) ی حەلەبیی حەصکەفی (٩٦٧-١٠١٠ ک.) ی شافیعی، ئەم لەقەبەی بە شێوەی "ابن الملا"ـیش نوسراوە. هەروەها (الملا علي القاري) یان (المنلا علي القاري) (-١٠١٤ ک.) ی حەنەفی، ئەمیش هەر بەم ناوە ناوبانگی ڕۆیشتوە.
ـ فەرهەنگە تورکیەکان وشە تورکیەکە ڕاستەوخۆ دەگێڕنەوە بۆ "مولی" عەرەبیەکە، بەڵام ئەمە ورد نیە، چونکە وشەی "مولی" ی عەرەبی بۆ خۆی ڕاستەوخۆ بە واتا بنچینەییەکەی چوەتە تورکیەوە و وەکو خۆیشی ماوەتەوە کە ئێستە بە شێوەی "مەڤلا" دەیڵێن و بە mevla دەینوسن. وشەی "ملا" |مۆللا| molla ی تورکی ڕاستەوخۆ لە فارسیەوە وەریان‌گرتوە بۆیە وا گۆڕاوە.
ـ شێوەی "موللا" نواندنی شێوە عەرەبیەکەیە، کاتێک وشە فارسیەکە "ملا" |مۆللا| دەگەڕێتەوە بۆ عەرەبی و دەبێتە "مُلَّا"؛ ئیتر دەبێتە "موللا".

* هەندێک ڕیشەناسیی تر بۆ وشەی "موللا" پێشنیار کراون. وەکو:

ـ لە شومێریەوە:
ئەوەی بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بو؛ بیروڕای توێژەری عێراقی (علي الشوک) بو لە وتارێکی گۆڤاری "الثقافة الجدیدة"دا کە وشەکەی دەگێڕایەوە بۆ وشەیەکی شومێری بە واتای ئەو پیاوە ئایینیەی کە سرودە ئایینیەکان دەخوێنێت. بەپێی ئەمە دەبێت وشەکە هەر لە کۆمەڵگای عێراقیەوە داکەوتبێت. بەڵام بۆچی دەرکەوتنی ئەم ناوە دواکەوت بۆ سەدەکانی دوایی؛ بەمە تیۆریەکەی لاواز دەبێت.

ـ لە "لاما" ی تیبێتیەوە:
ئەوەی بەلامەوە سەیر بو؛ ئەم بیروڕایەیە کە (عەلائەدین سەجادی) باسی کردوە، کە دەڵێت:

وشه‌ی "مه‌لا" له‌ تاریخی (١١٦٠ زایینی) و گه‌لێك له‌ دوای ئه‌وه‌یش له‌ وڵاتی ئیسلامیدا هه‌ر نه‌بوه‌. ئه‌م وشه‌یه‌ له ‌لایه‌ن مه‌غۆله‌كانه‌وه‌ هاتوه‌. له‌ په‌لاماره‌كه‌ی جه‌نگیز خان بۆ بوخارا له‌ (١٢١٧ ز.).. ماوه‌ی ١١٨ ساڵ وشه‌ی مه‌لا زیاتر له‌ وڵاتانی غه‌یری عه‌ره‌بستان بڵاو بوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه ‌بوه‌ كه‌ مه‌غۆله‌كان به‌ سه‌رۆكه‌ ئایینیه‌كانی خۆیانیان ده‌گوت "لاما"، ئه‌م وشه‌یه‌ ده‌ستكاری كراوه‌ و بوه‌ته‌ "مه‌لا". له‌ وڵاتانی ئیسلامی هه‌ر بۆ سه‌رۆكانی ئایینی به‌كار هاتوه‌، ئێسته‌یش له‌ چین و ناو بوزاییه‌كاندا به‌ سه‌رۆكی ئایینیی خۆیان ده‌ڵێن "لاما". ده‌بێ ئه‌وه‌یش بزانین ئه‌م وشه‌یه‌ عه‌ره‌بی نیه‌، ئه‌و مانایانه‌ی له‌ عه‌ره‌بیدا بۆی لێك‌ده‌ده‌نه‌وه‌ هه‌موی هه‌ڵه‌یه.

بەم پێیە گوایە "مەلا" لە "لاما" وە هاتوە کە بە پێشەوای ڕۆحیی ئایینی بودایی تیبێتی و هەروەها بە ڕەبەنی بودایی تێبیتی یان مۆنگۆلی دەوترێت. وشەکە دەستەواژەیەکە بە زمانی تیبێتی، بە شێوەی "بلا ما"، بەڵام چوەتە زمانی مۆنگۆلیەوە و بوەتە "لام". لە هەمان کاتدا دەستەواژە تیبێتیەکە لە ناوەڕاستی سەدەی (١٧ ز.)ـەوە چوەتە ئینگلیزیەوە و بوەتە lama |لامە| و ئیتر لێرەوە بە جیهاندا بڵاو بوەتەوە. بۆیە بڵاوبونەوەی وشەکە لە سەردەمی نوێدا بوە.
جگە لەوەی پیاوانی ئایینیی مۆنگۆلیی سەردەمی (جەنگیز خان) خۆ بودایی نەبون.
سەرباری ئەوەش لە ڕاستیدا وشەی "مەلا" هەر لە کوردیدا ئەم شێوەیەی وەرگرتوە، ئەگەرنا هەمیشە هەر لە بابەتی "موللا" و "مۆللا" بوە. ئیتر چۆن هەر لە سەرەتاوە "لاما" بو بە "مالا" و ئەمەش بو بە "مەلا"!؟ ئەگەر هەر سەرەتا "لاما" بوە بە "مالا"؛ ئەی "موللا" چۆن دروست بو؟

ـ لە "مار" ی ئارامیەوە:
ئەوەی هەر ڕێی تێ‌ناچێت؛ ئەمەیە کە گوایە وشەی "مەلا" ی کوردی گۆڕاوی "مار-" ی ئارامیە کە لەناو ـ بۆ نمونە ـ ئاثوریەکاندا بە پیاوانی گەورەی کلێسای خۆیان دەڵێن. کە لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نیە. و کاتێکیش سەرەتا وشەی "مەلا" دروست بوە؛ بە شێوەی "مۆللا" و "موللا" بوە، ئەم شێوەیە کۆنترە لە شێوەی "مەلا" ی کوردی. بۆیە دەبێت بۆ ڕیشەیەک بگەڕێین شێوەی "مۆللا" لێک‌بداتەوە نەک "مەلا".