ڕیشەی 'توک' لە تورکیدا

ڕیشەی "توک" لە تورکیدا

وشەکە لە بنەڕەتدا تورکیە. بەم شێوەیە:
"توک" |تووک=ت'ووک| لە کوردیدا، کە بە واتای کوڵک و موی جەستە و شتی ترە، لە "تۏک" tük |ت'~ک| ی تورکیەوە هاتوە، کە بە شێوەی "تۏگ" tüg |ت'~گ| یش هەیە، هەروەها بە شێوەی "تۏی" tüy |ت'~ی| یش کە ئەمەیان نوێترە، و ئێستە لە تورکیدا بەم شێوەیەی سێیەمیان زیاتر باوە.
واتای یەکەمی وشەکە لە تورکیدا "پەڕ" ی باڵندەیە، یانی ئەو توکە وردەی پەڕەموچەکە دادەپۆشێت. هەروەها بە واتای توکی مرۆڤ و گیاندار بەکار هاتوە.
لە تورکی و ئازەربەیجانیدا وشەکە بە واتای پەڕ بەکار دێت. لە تورکیدا tüy و لە ئازەربەیجانیدا tük بە واتای پەڕن (لە تورکیدا بەو واتایە زیاتر دەوترێت kuştüyü واتە پەڕی باڵندە، و لە ئازەربەیجانیدا دەوترێت quş tükü بە هەمان واتا، بۆیە tüy و tük بەڕەهایی زیاتر بۆ موی مرۆڤ و ئاژەڵ بەکار دێن).
وشە تورکیەکە ڕەسەنە و دەگەڕێتەوە بۆ tü ی تورکیی کۆن (ئێستەش لە خاقانیدا بەم شێوەیەیە). دواتر لە تورکیی ناوەڕاستدا شێوەکانی tük و tüg و tüy دەرکەوتون.
سەرباری تورکی Turkish و ئازەربەیجانی؛ ئێستە لە هەمو زمانە تورکی turkic ەکانی تریشدا هەیە:
ـ tü ی خاقانی.
ـ tök ی تەتەری.
ـ tuk ی ئوزبەکی.
ـ tük ی ئویغوری.
ـ tüÿ ی تورکمانی.
ـ tük ی خەقاسی.
ـ tük ی شۆر.
ـ "تە ۥک" ی چوڤاشی.
ـ tǖ ی یاقوتی.
ـ tǖ ی دۆلگانی.
ـ dük ی توڤانی.
ـ dük و tük ی تۆفایی.
ـ tük ی قیرغیزی.
ـ tük ی کازاخی.
ـ tük ی نۆغایی.
ـ tök ی با‌شقیری.
ـ tük ی بەلقاری.
ـ tüy ی گاگاۆزی.
ـ tik و t́uk ی قارایمی.
ـ tük ی قەرەقالپاقی.
ـ tüx ی سالاری.
ـ tük ی قومیقی.
[تێبینی: لێرەدا وشەکان بە هێمای لاتینین، و ئێستە لەو زمانانەدا بەزۆری پیتی کیریلیکی بەکار دێت و هەندێکیشیان پیتی لاتینی و هەندێکی تریان پیتی عەرەبی بەکار دەهێنن، و لێرەدا گۆکردنی وشەکان و واتاکانیان بەوردی پشت‌گوێ دەخەین، بەڵام بەگشتی بە شتێکی وەکو |ت~ک| گۆ دەکرێن، کە مەبەست لە |~| دەنگێکە لەنێوان |و| و |ی|، و بەگشتی بە واتای پەڕ و مون].
لە سەرجەمی ئەم تورکیانەوە؛ وشە تورکیە سەرەتاییەکە بە شێوەی |ت~~ک| بینا دەکرێتەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەیەکی ئەلتایی کە بە واتای موە، ئەم ڕیشە ئەلتاییەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕیشەیەک (بە واتای "پێست" و "موی پێست") لە کەڵە خێزانە زمانێکدا (کە پێی دەوترێت "ئەورۆپایی-ئاسیایی") کە زمانە ئەلتاییەکان و هەروەها هیندی-ئەورۆپاییەکان و ئورالیەکان، لە خۆ دەگرێت، ئەمیش دەچێتەوە بۆ ڕیشەیەک (بە واتای "پێست") لە کەڵە خێزانە زمانێکی گەورەتر کە بەم شێوەیە خێزانە زمانی ئەفریقایی-ئاسیاییەکان و کارتڤێلیەکان (قەوقازیە باشوریەکان) و هەندێکی تریش لە خۆ دەگرێت، یانی لەم خێزانە زمانانەشدا وشەگەل هەن کە دەچنەوە سەر ڕیشەیەک بە واتای پێست. ئەمیش دەچێتەوە بۆ ڕیشەیەک (بە واتای "پێست" و "مو") لە کەڵە خێزانە زمانێکی جیهانی، کە جگە لەوەی پێشو کەڵە خێزانە زمانەکانی سینی-قەوقازی و زمانە کۆنەکانی ئەمێریکاکان لە خۆ دەگرێت. بە کورتی: ڕیشەکە جیهانیە، و ڕەنگە تەنها هەندێک لە زمانە کۆنەکانی ئەفریقا و ئوسترالیا و دورگەکانی زەریای هێمن نەگرێتەوە.
جا وەکو وتم لە زمانە هیندی-ئەورۆپاییەکانیشدا ڕیشەیەک هەیە کە لەگەڵ ڕیشەی باسکراوی زمانە ئەلتاییەکان دەچنەوە بۆ ڕیشەیەکی کۆنتر. ڕیشە هیندی-ئەورۆپاییەکە بە "توەک-" دەخەمڵێنرێت ("توەکۆس": ژمارە ٢٠٥١ لای پۆکۆرنی)، و بە واتای "پێست" ـە. ئەوەش وەکو "توێککە" یاخود "تویککە" ی خیتتی، بە واتای "جەستە" و "تەن"، و त्वच् |تڤەج| ی سەنسکریتی بە واتای "پێست"، و σάκος |ساکۆس| ی گریکیی کۆن بە واتای قەڵغان و بەرگی پارێزەر.
لە زمانە ئێرانیەکان (هەرچەند پۆکۆرنی کاتی خۆی نمونەی بۆ ئەم ڕیشەیە لە زمانە ئێرانیەکان نەهێناوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تەنها لە ئاستی ئێرانیی کۆندا ـ وەکو ئەوێستایی ـ بەراوردی کردوە)، ڕەنگە بتوانین بە وشەگەلێکی هاوڕیشە لە کوردیدا نمونە بهێنینەوە، ئەوانەش وشەکانی "تۆ" [بە واتای "توێ" واتە توێژی وەکو توێژی شیر، و هەروەها "قەد" ی جل‌وبەرگ] "توێ" و "توێژ" و "توێژاڵ" و "تۆک" [="توک" |تووک| ی کرمانجیی باشور] و "توێکڵ" [و "تۆکڵ" و "تێکوڵ"] [="تۆکل" و "تویکل" ی کرمانجیی باکور]، و "توێخ" [="تویخ" ی کرمانجیی باکور]، لە کرمانجیی باکوریشدا بەتایبەتی "تیڤل" و "تۆڤل" هەن. ئەمانە واتایان لە یەکەوە نزیکە، و بنچینەی هەمویان "توێ" یاخود "تۆی" ـە. ئەم وشانە لە فارسیدا بەر چاو ناکەون جگە لە "تو" |تۆ| و "توی" |تووی=تۆۆی|، بە واتای "قەد" [لای نوشتاوە، بۆ نمونە لە جل‌وبەرگدا] و هەروەها "توێژ"ی شیر کاتێک دەوترێت "توی شیر".
لە ئێرانیی ناوەڕاستدا؛ لە پەهلەویدا وشەی "ت‌وج" |تۆۆز| هەیە بە واتای "توێکڵ" و "پێست" ["توز" |تۆۆز=تووز| لە فارسیدا ماوەتەوە و بە واتای توێکڵی دار و درەخت دێت]، هەروەها لە "تۆ" ی فارسی و کوردی وشەی "ت‌وپ" |تۆۆف| ی پەهلەوی بینا دەکرێتەوە، بە واتای چین و توێژ.

بێ گومان مەبەست لە باسی وشە کوردیەکان و وشە هیندی-ئەورۆپاییەکانی تر و ڕیشە هیندی-ئەورۆپاییەکە لەگەڵ ڕیشە تورکی-ئەلتاییەکە؛ ئەوە نیە کە هەر یەک ڕیشەن، بەڵکو مەبەست ئەوەیە ڕیشە ئەلتاییەکە و ڕیشە هیندی-ئەورۆپاییەکە دەگەڕێنەوە بۆ ڕیشەیەکی کۆنتر لە کەڵە خێزانە زمانی "ئەورۆپایی-ئاسیایی" کە زمانە ئەلتاییەکان و زمانە هیندی-ئەورۆپاییەکان و زمانە ئورالیەکان و زمانە سیبیریاییە کۆنەکان کۆ دەکاتەوە.