'بازاڕ' و 'باژاڕ' و 'باژێڕ'

"بازاڕ" و "باژاڕ" و "باژێڕ"

ئێستە، بەتایبەتی لە کرمانجیی ناوەندیدا، زیاتر "بازاڕ" بەکاردەهێنین.
لە گەلێک زمانی دنیایشدا وشەی "بازاڕ" بڵاو بوەتەوە، و ئەمەش لە ڕێگەی وشە فارسیەکەوە بوە کە فارسی زمانێکی ئیمپراتۆری بوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.
ئایا وشەکە، مەبەستم "بازاڕ"، لە بنەڕەتدا کوردیە یان فارسیە؟
ئەوەی هەر سەرەتا دەزانرێت؛ ئەمەیە کە فارسیەکە دەگەڕێتەوە بۆ "و‌ءج‌ءل" |وازاڕ| ی پەهلەوی (پارسیی ناوەڕاست)، پەهلەویەکەش دەگەڕێتەوە بۆ پارسیی کۆن، کەواتە وشە فارسیەکە ڕیشەی نەپساوەی خۆی هەیە. دیارە دەبێت لە کوردیی کۆنیشدا هەبوبێت، و ڕیشەی ئێرانیی سەرەتایی بۆ بیناکراوەتەوە.
بەڵام کوردیەکەی ئێستە "بازاڕ" لە شێوە فارسیەکە وەرگیراوەتەوە، ئەگەرنا دەبوایە "باژاڕ" بوایە، چونکە وشەی "وء‌ج‌ءر‌گ‌ء‌ن" |وازاڕەگان| ی پەهلەوی (بە واتای بازرگان)؛ بەرامبەرەکەی لە پەرثی (پەهلەوانی=پەهلەویی ئەشکانی)ـدا "وء‌ج‌ءر‌گ‌ء‌ن" |واژاڕەگان| بوە. لێرەوە دیارە وشەکە لە پارسیی ناوەڕاستدا "وازاڕ" یان "ڤازاڕ" بوە، و کوردیە ناوەڕاستەکە "واژاڕ" یان "ڤاژاڕ" بوە [ئەم جیاوازیە بە ز/ژ هەمیشە لەنێوان پەهلەوی و پەرثیدا هەبوە، وەکو چۆن ئێستەش لەنێوان فارسی و کوردیدا هەیە].
هەر بۆیە ئەو وشەی "باژاڕ" و "باژێڕ"ەی کە لە کوردیدا (زیاتر لە کرمانجیی باکوری) ماوەتەوە بە واتای شار و هەروەها بازاڕ؛ ئەمە وشە کوردیە ڕەسەنەکەیە، و "بازاڕ" شێوەیەکە لە پەهلەوی یان پارسیی نوێ (فارسی) وەرگیراوەتەوە.
ئەم کاریگەریەش شتێکی ئاساییە. فارسییش هەندێک وشەی لە تاقمی باکوریەکە یان کوردیەکە وەرگرتوەتەوە. بۆ نمونە: "ئەژدەها" ی فارسی دەبوایە "ئەزدەها" بوایە چونکە لە پەهلەویدا "ئەزدەهاگ"ـە، بەڵام ئەمەی لە "ئەژذەهاگ" ی پەرثی (ئەمەش یانی باکوریی ناوەڕاست، کوردیی ناوەڕاست) وەرگرتوەتەوە.