بنچینەی ناوی کێوی ''قاف'' یاخود ''قولەی قاف''


بنچینەی ناوی کێوی "قاف" یاخود "قولەی قاف"

 

سەروەر پێنجوێنی




کێوی قاف (بە فارسی "کوه قاف")، لە کەلەپوری کوردیدا زیاتر بە "قوللـەی قاف" و "پاش قوللـەی قاف" ئاماژەی بۆ دەکرێت لە چیرۆکەکاندا.
ئەم کێوە؛ ناوچەیەکی ئەفسانەییە لە کولتوری ئێرانیی کۆندا، و گواستراوەتەوە بۆ کولتوری ئیسلامییش. هەتاکو بۆ لێکدانەوەی دەقێکی قورئان کە سەرەتای سورەتی "ق" |قاف| ـە خراوەتە گەڕ کە دەڵێت "ق. والقرآن المجید.."، لێرەدا هەندێک لە موفەسسیرەکان دەڵێن: "ق: جبل محیط بالأرض"! لە کاتێکدا قورئان مەبەستی تەنها پیتی "ق" ـە نەک شتێكی تر!
هەروەها لە ئەدەبیاتی عیرفانی ئیسلامیی ئێرانیدا زۆر ڕۆڵی هەیە.
گرنگترین سیفەت و دیمەنی ئەم چیا ئەفسانەییە لە کولتوردا؛ ئەمانەن:
ـ بەرزترین کێوە. "قوللەی قاف" بەرزترین قوللەیە، واتە لوتکە.
ـ شوێنی دێوەکان، و ئەو بونەوەرە ئەفسانەییانەیە.
ـ شوێنی جەنگە داهاتوییەکەی سۆشیانتە.
ـ شوێنی هێلانەی باڵندەی (سیمورغ) ـە!
بنچینەی واقیعیی ئەم کێوە:
* وەکو ناوەکەی؛ دیارە کە لە ناوی زنجیرە چیای "قەفقاز" ەوە هاتوە. لە پەهلەویدا ناوی قەفقاز بە شێوەی "کەپ-کۆف" بوە، یانی کێوی کەپ، "کۆف" ی پەهلەوی واتە چیا، کێو [پێشتریش لە پارسیی کۆندا: "کەوفە"]. لە فارسیدا بوەتە "کوه" |کووهـ| [لە فارسیی نوێی کلاسیکدا بە |کۆهـ| خوێنراوەتەوە]، و لە کوردیدا بوەتە "کێو" و "کۆ" و "کوێ-"..
جا هەر لێرەوە لە فارسیدا بە کێوی قاف وتراوە "قاف‌کوه" |قاف‌کۆهـ| کە لە شێوە پەهلەویەکەوە هاتوە. هەروەها "کوه قاف" یشی پێ وتراوە.
لێرەوە دیارە کە چیاکانی قەفقاز بنچینەی ئەم چیا ئەفسانەییەن. بەتایبەتی کە دەکەونە لای باکور، لای باکوریش هەمیشە لە کولتورە کۆنەکاندا هەندێک بیروباوەڕی سەیر هەیە دەربارەی، وەکو ئەوەی دێوەکان و گەلێک مەترسی و شتی ناسروشتیی لێیە یان لەوێوە سەر هەڵ دەدەن.
ئینجا زنجیرەچیای قەفقاز لەلای باکورەوە دەوری زەویی داوە، هەمو باکوریان تەنیوە [واتە ناوچەی نێوانی دەریای ڕەش و دەریای قەزوین]. بۆیە لە کەلەپوری ئیسلامیدا هاتوە کە قاف کێوێکە کە دەوری زەویی داوە "قاف: جبل محیط بالأرض".
* بە هۆی ئەو پلە و بایەخەی چیای "ئەلبورز" لە کولتوری ئێرانی وزەردەشتیدا هەیەتی؛ چیای ئەلبوزریش ڕۆڵی هەیە لە پێک‌هێنانی وێنەی کێوی قافدا. بە شێوەیەک لە کتێبە جیۆگرافیە ئیسلامیەکاندا بۆ ئاماژە بۆ چیای ئەلبوزر بەکار هاتوە.
* لەگەڵ ئەوانەشدا؛ هێشتا وێنەی کولتوری و ئەفسانەیی کێوی قاف؛ بە شێوەیەک لە وێنە واقیعیەکە دور کەوتوەتەوە کە لەگەڵ وەسفی چیاکانی قەفقاز و ئەلبورزیشدا ناگونجێت. بۆ نمونه: وا بیری لێ کراوەتەوە کە لە ئەوپەڕی باکورە، ئینجا گوایە نە بە ڕێگەی وشکانی و نە بە ڕێگەی دەریایی ڕێگەی ڕاستەوخۆ ناچێتەوە سەری. بە شێوەیەک وەکو یەک پارچەشاخی گەورە لە جەمسەری باکور دێتە پێش چاو.

* ئەوەی ئێستە لە فارسیدا هەیە: "قاف‌کوه" |قاف‌کۆهـ| ئەمە لە پەهلەویەکەوە، "کەپ-کۆف"، ماوەتەوە. بەڵام "قەوقاز" یان "قەفقاز" یان "قەوقاس"؛ ئەمانە لە هەر زمانێکدا بن؛ دەچنەوە سەر Καύκᾰσοςـە گریکیە کۆنەکە، کە لە گریکیی کۆن (ی ئەتتیکایی)ـدا بە |کەوکەسۆس| خوێنراوەتەوە، و لە گریکیی کۆینی و بیزەنتیدا بووە بە |کەفکەسۆس| کە ئیتر ئەمە زیاتر بڵاوبووەتەوە. لە گریکیی نوێیشدا بووەتە شتێكی وەکوو |کافکەسۆس|.
ئینجا دەڵێن ناوە گریکیە کۆنەکەش لە ناوێکی کۆنی ئەو زنجیرە چیایەوە هاتووە بە زمانی سکیثی (کە زمانێکی ئێرانیی خۆرهەڵاتیی کۆن بووە)، و ناوە سکیثیەکە بە شتێک لەنێوان "خرۆهوکاسی" و "خرۆهوکێسی" بینادەکرێتەوە، و بە واتای 'درەوشاوە بە بەفر' یان 'سپی بە بەفر' ڕاڤە دەکرێت. ئیتر بەشی "هوکاسی" لە گریکیی کۆندا بووەتە "کەوکەس-". بەپێی ئەمە هەر لە بنەڕەتەوە ناوی چیاکانی ناوچەکە بووە.
هەندێکیش پێیان وایە بنچینەی یەکەمی ناوەکە؛ ناوی "کەز-کەز"ە لە زمانی خیتتیدا، کە بە خێڵێک یان گەلێک وتراوە کە دانیشتووی کەناری باشووری دەریای ڕەش بوون. ڕەنگە زیاتر لە خۆرهەڵاتی باشووری دەریای ڕەش بووبێتن، و نزیکی قەوقاز. بەپێی ئەمە هەر لە سەرەتاوە ناوی ناوچەکە بووە نەک چیاکانی. ناوە خیتتیەکە بە دووبارەکردنەوەی "کەز" سازکراوە، "کەز"یش، لە خیتتیدا کە بە شێوەی "کیز"یش هەبووە؛ وەکوو وشەیەکی تۆپۆگرافیایی بەکارهاتووە، وەکوو ئاماژەیەک بۆ شوێنی وەکوو دارستان، و هەندێک پێیان وایە لە "گیز" یان "گێس"ی ئەککەدیەوە هاتووە، کە شێوەیەکی تری "گێش" و "گیش" (و "گیششو")ە و ئەمەش هەمان "ڴێش"ـە شومێریەکەیە، بە واتای 'درەخت' و 'دارستان'، و کەوتووەتە ئەککەدیەوە [کاتێک وشەی "ڴێش"ی شومێری لە ئەککەدیدا دەمێنێتەوە؛ دەبێتە "گیش"، وەکوو "ڴێشکور"ی شومێری کە لە ئەککەدیدا بووەتە "گیشکورروو"، بە واتای 'درەخت (ی شاخ)'. و "گیششو"یش لە ئەککەدیدا بە واتای 'دەوەنی دڕکاوی' یان 'درەختی دڕکاوی' دێت]. و لێرەوە ئەگەری هەیە مەبەست لە "کەز-کەز"؛ '(دانیشتوانی) ناوچەگەلێکی دارستاناوی' بووبێت.
ڕیشەناسیی تریش هەیە کە لە گریکی خۆیدا ڕیشەی بۆ دەبێنیتەوە، کە جێی متمانە نیە.
دواتر لە گریکیی کۆینیەوە بەشی یەکەم "کەو-" دەبێتەوە "کەف-"، و لێرەوە وشە پەهلەویەکە هاتووە کە "کەپ" یان "کەف" یان "کاف"ـە و لەگەڵ وشەی "کۆف" ـ بە واتای 'کێو' ـ دەستەواژەی "کەپ-کۆف" یان "کاف-کۆف"ی پەهلەویی لێ ساز بووە. دوایی لە پارسیی نوێ و کوردیدا "کەف" یان "کاف" بووەتە "قاف"، کە ڕەنگە لە کەناڵە عەرەبیەوە وەرگیرابێتەوە.

‌‌