ڕیشەی 'سنور'

ڕیشەی
"سنور"

وشەی "سنور" |سنوور=سینۆۆر|ی کوردی (و هەروەها "سنور" و "سینور"ی فارسی)؛ لە تورکیەوە خوازراوە، کە لە تورکیی عوسمانیدا بە شێوەی "سنور" یان ـ لای (شەمسەددین سامی) ـ "سٖنۉر" دەنوسرا، و ئێستەش بە sınır دەنوسرێت.
وشە تورکیەکەش ڕەسەن نیە لە تورکیدا، بەڵکو لە σύνορον |سـیـنۆرۆن|ی گریکیەوە هاتوە، ئەمیش لە هەمان وشەوە لە گریکیی کۆندا بە شێوەی σύνορος |سـ'ـنۆرۆس|، هاتوە. وشە گریکیەکە "سینۆر-" ڕەسەنە لە گریکیدا، و پێک‌هاتوە لە:
ـ "سین-":
σύν بە واتای "هاو-" یان "پێکەوە"، کە هاتوەتە ئینگلیزییشەوە وەکو پێشگرێک بە شێوەی syn.
ـ "ئۆرۆس":
ὅρος |ئۆرۆس| [یان لە گریکیی کۆنی ئەتتیکاییدا |هۆۆرۆس|]، بە هەمان واتای گشتیی "سنور"، واتا زمانیە سادەکەی، وەکو واتای "حد" |حەدد|ی عەرەبی و boundaryی ئینگلیزی.
ئەم "ئۆرۆس"ـە گریکیە ڕیشەیەکی هیندی-ئەورۆپایی هەیە، لە ڕێگەی شێوگێکی کۆنتریەوە لە گریکیی میکێناییدا (شێوەیەکی گریکیی بەرایی) کە شتێک بوە وەکو "وۆروۆس". ڕیشەکە لە هیندی-ئەورۆپایی سەرەتاییدا بە شتێکی وەکو "ئێرو" یان "ئۆرو" بینادەکرێتەوە، کە فرمانێکە بە واتای هەڵ‌کەندن و خەندەک‌لێدان، وەکو کێشانی سنور. هەر لەم ڕیشەیە؛ بۆ نمونە وشەی "ئەروش"ی سەنسکریتی (هیندیی کۆن) هاتوە، بە واتای برین و بریندارکردن. ئەمەش چونکە بریندارکردنیش هەر جۆرە هەڵ‌کەندنێکە.


بۆیە کاتێک "ئۆرۆس" پێشگری "سین-"ی پێوە لکاوە بە واتای "هاو-"ی کوردی؛ ئیتر "سین-ۆرۆس" بەسەریەکەوە واتای "هاو-سنور"ی گەیاندوە، کە ئەمەش ناوچەی هاوسنور یان سەرسنور دەگرێتەوە، و لێرەوە واتای "مەرز"ی گەیاندوە، وەکو واتای "تخم" |تەخم|ی عەرەبی و borderی ئینگلیزی.

تێبینی:
لە هەندێک فەرهەنگی تورکیدا دەنوسرێت وشەکە لە بنەڕەتدا "ڕومی"ـە، کە ئەمەش هەر یانی گریکی، چونکە لە تورکیدا بە زمانی گریکی، بەتایبەتی گریکیی نوێ، دەوترێت ڕومی "ڕومجە" Rumca، چونکە پێشان لە عەرەبی و پێشتریش لە سوریانیدا بە بیزەنتیەکان (کە گریک‌زمان بون) وتراوە "روم" |ڕووم|، ئەمەش چونکە ئیمپراتۆرێتیی بیزەنتی؛ ئیمپراتۆرێتیی ڕۆمانیی خۆرهەڵات بو.
جا لەبەر ئەوەی ئەو وشە گریکیانەی هاتونەتە تورکیەوە؛ لە گریکیی نوێوە هاتون (یان ئەوپەڕی لە گریکیی بیزەنتیەوە)؛ بۆیە بۆ ئاماژە بۆ ئەم وشانە "رومجە" بەکاردێت، چونکە ئەگەر بنوسرێت "یونانی" یان "یونانجە"؛ ئەمە بەگشتی گریکی دەگرێتەوە، بۆیە دەکرێت بە "رومجە". بەتایبەتی کە "رومجە" بە واتایەکی تەسکتریش بەکاردێت کە ئاماژە دەکات بۆ ئەو گریکیەی لە ناوخۆی تورکیا، خۆرئاوای تورکیا (بەتایبەتی کەرتەی ئیزمیر)، هەبوە و هەیە. هەتا ساڵی ١٩٩٣ نزیکەی (٤٠٠٠) ئاخێوەری هەبوە (بە مەرجێک لە سەرەتای سەدەی ٢٠ـدا یەک میلیۆن و نیو بون)، و"گریکیی کەپەدۆکیایی" و هەروەها "گریکیی ئاسیای بچوک"ـیشی پێ دەوترێت. ئەمە جگە لە "گریکیی پۆنتی" لە باکور، لەسەر دەریای ڕەش.