ڕیشەی 'جەرگە' و 'چەرگە' لە کوردی و فارسیدا

ڕیشەی "جەرگە" و "چەرگە" لە کوردی و فارسیدا


وشەی "جەرگە" ی کوردی و فارسی؛ لە هیندیەوە هاتوەتەوە بۆ فارسی و کوردی، هەرچەند ڕیشەی یەکەمی وشەکە بە شێوەیەکی تر لە زمانە ئێرانیەکاندا بەڕەسەنی هەیە.. بەم شێوەیە:
وا دەردەکەوێت واتای ڕیشەیی وشەکە "بازنە" و "ئەڵقە"یە، نەک ناوەڕاست و دڵ، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم ئەڵقە و بازنەیە بەزۆری دەکەوێتە ناوەڕاست و ناوەندی شوێنەکە، بۆ نمونە ئەڵقەی دانیشتوان بەزۆری دەکەوێتە ناوەندی ماڵ، یان گۆڕەپانی بازنەیی دەکەوێتە چەقی شار. ئینجا لێرەوە واتاکانی تر هاتون، وەکو ئەوەی وشە فارسیەکە بە گروپی کۆبوەوە و ئەنجومەن و شتی وایش وتراوە، چونکە ئەمانەش گرد دەبنەوە، خڕ دەبنەوە.
جا لێرەوە:
ڕیشەیەکی هیندی-ئێرانی هەیە بە "چەکرە-" بینا کراوەتەوە [ئیتر پێویست ناکات لێرەدا درێژە بدەین بە باسی ڕیشەی هیندی-ئەورۆپایی ئەمە کە بە شێوەی "کـ(ـو)ێکـ(ـو)لۆ-" بینا کراوەتەوە، بە واتای چەرخە، و هاوڕیشەکانی هیندی-ئێرانیەکە لە تۆخاری و گریکیی کۆن و ئیتالیک و جێرمانی ـ بە wheel ی ئینگلیزییشەوە ـ لە هەمان ڕیشەی هیندی-ئەورۆپایی]، کە لەمەوە هەم "چەکرە" ی هیندیی کۆن (سەنسکریتی) هاتوە، بە واتای چەرخە و بازنە، و هەم "چەخرە-" ی ئێرانیی کۆن وەکو "چەخرە-" ی ئەوێستایی [و "*چەخرە-" ی پارسیی کۆن کە ئەمەیان بیناکراوەیە]، بە واتای چەرخە، کە دواتر لە پەرثی و پەهلەویدا بە شێوەی "چەخر" ماوەتەوە، و ئێستەش لە کوردی و فارسیدا "چەرخ"ـە.
جا وشە هیندیەکە، کە لە هیندوستانی (هیندیی سەدەکانی ناوەڕاست)ـدا هەر بە شێوەی "چەکرە" ماوەتەوە (و ئێستەش لە هیندیی نوێدا "چەکر'"ە)؛ ئەگەری زۆرە کە ئەم "چەکرە" هیندیە بێت کە هاتوەتە زمانە ئێرانیەکانەوە، بەتایبەتی فارسی، و ئیتر "چەکرە" ی هیندی بوەتە "چەرکە" و "جەرکە" [وەکو چۆن "چەخر" ی ئێرانیی ناوەڕاستیش لە ئێرانیی نوێدا بوەتە "چەرخ"، ئەمیش بە شێوەی "جەرخ" هەیە]، و ئەمەش دوایی بوەتە "چەرگە" و "جەرگە"، ئێستە لە فارسیدا بەم دو شێوەیە وشەکە دەبینینەوە، هەردوکیان بە واتای ئەڵقە (و خەڵکی گردبوەوە بە شێوەی ئەڵقە)، هەرچەند "جەرگە" زیاتر باوە، لە کوردییشدا هەر ئەمە بەکار دێت.
وەکو واتا؛ ئێستە لەکوردیدا: لە کرمانجیی ناوەندیدا واتای وشەکە لە "ناوەڕاست" و "چەق"ـدا کورت بوەتەوە، لە هەندێک شێوەزاردا بە واتای گروپی گردبوەوەش هاتوە، و ڕەنگە لە کرمانجیی باکوریدا بە واتای ئەڵقە بێت.
ئیتر "ناوجەرگە"یش دیارە ناوەڕاستی گۆڕەپانێکی بازنەیی [و ـ دواتر ـ گۆڕەپانێک بەگشتی] و چەقی ئەڵقەیەک دەگرێتەوە.

* سەبارەت بە "جرگه" |جیرگه| لە زمانی پەشتۆ، ئەمە بە واتای ئەنجومەنی نەتەوەیی بەکاردێت لە ئەفغانستان، وەکو لە ناونیشانی "لۆیە جیرگە"دا هەیە بە واتای "ئەنجومەنی گەورە" یان "ئەنجومەنی شکۆمەند". ئەم وشە پەشتۆیە لە "جرگە" |جەرگە| ی فارسی وەرگیراوە، کە لە بنەڕەتدا بە واتای خەڵکی گردبوەوەیە بە شێوەی ئەڵقە.