"سەوگور"ی کورمانجی 'کازیوەی بەیانی'
سەروەر پێنجوێنی
"سەوگر" |سەوگىر| و "سەوگور" و "سەوگوور"، هەروەها "سەهگور"، و "سەگور" و "صەگور"؛ وشەیەکی باکووری (کورمانجی)ـە، بە واتای 'کازیوەی بەیانی'. هێشتا قسەی ورد لە ڕیشەی نەکراوە.
وشەکە لە کورمانجی خۆیدا سازبووە، و لە "سەگ" و "گورگ" سازکراوە، هەر بۆیە هەندێک جاریش وشەکە بە شێوەی "سەهگور"یش دێت، کە "سەهـ" شێوەیەکی تری "سەگ"ە. و لە کۆتاییدا "سەگ-گورگ" بە ڕۆشتنی "-گ"ی کۆتایی بووەتە "سەگ-گور" و پاشان "سەهـ-گور" و شێوەکانی تر. یان لە "سەگ و گورگ"ـەوە، بووەتە "سەهوگور"، و ئیتر ئەمە بووەتە "سەوگور" و "سەهگور"یش.
ئەم وشە لێکدراوە بووەتە ناو بۆ بەرەبەیان، بەو واتایەی کە لەو کاتەدا دنیا "تاریک و ڕوون"ـە و مرۆڤ ناتوانێت سەگ و گورگ جیا بکاتەوە.
ئەم جۆرە ناونانە لە زمانی تریشدا هەیە، وەکوو لە فڕەنسیدا کە واتای دەقاودەقی وەکوو کورمانجیەکەیە: ئاوەڵکاری entre chien et loup |ئاتخـ'.شیێ.ێـ.لو|، بە گواستنەوە و وەرگێڕانی دەقاودەق لە inter canem et lupum |ئینتێر.کانێم.ئێت.لوپوم|ی لاتینیەوە، کە دەقاودەق یانی 'لەنێوان سەگ و گورگدا'، جا ئەمە لە فڕەنسیدا یانی 'لە شەفەق'ـدا، 'لە دەمی خۆرئاوابووندا' [هەڵبەتە لێکدانەوەیەکی تر بۆ ئەم دەربڕینە لاتینی-فڕەنسیە هەیە کە دەڵێت ئاماژە دەکات بۆ ئەو کاتەی کە بە هاتنی ئێوارە وادەی پاسەوانیی سەگ لە ڕان تەواو دەبێت یان جارێکی تر دادەنرێتەوە بۆ پاسەوانی لە پشتیر، و پێش ئەوەی گورگ بە تاریکداهاتنی تەواو دەستبکات بە گەڕان].
نزیک لەوانە؛ لە فارسیدا: "گرگومیش" |گورگومێێش=گۆرگۆمییش|، بە هەمان واتای 'تاریکولێڵ' و 'کازیوە' و 'بوولێڵە'، کە دەقاودەق یانی 'گورگ و مەڕ'، یانی لەو کاتەدا گورگ و مەڕ جیاناکرێنەوە.