''قەرسیل'' و ''قەسەڵ''، ''قەسیل'' و ''حەسیر''

"قەرسیل" و "قەسەڵ"

"قەسیل" و "حەسیر"


سەروەر پێنجوێنی

"قەرسیل" |قەرسییل|، بە واتای ''گەڵا و لاسکی گەنم و جۆی سەوز" (خاڵ)، دیارە "ر"ەکەی زیادکراوە، چونکە بە شێوەی "قەسیل" |قەسییل|ـیش هەیە، و لە "قصیل" |قەصییل-|ی عەرەبیەوە هاتووە، کە ئەمیش ناوێکی داڕێژراوە بە واتای ئاوەڵناو/ناوی بەرکاری "اسم مفعول"، لە ڕەگی "ق‌ص‌ل" (چاوگی "قصل" |قەصل-|)ـەوە داڕێژراوە کە واتای 'بڕین' دەدات، بۆیە واتای ڕیشەیی سادەی "قصیل"؛ 'بڕاو'ە، بۆیە وشەکە "قصیل" (و "قصلة" |قەصلەت-|)  لە عەرەبیدا واتای ئەو گیایە (بەتایبەتی لاسکی دانەوێڵە) دەدات کە بەسەوزی دەبڕرێت، بۆ ئالیکی ئاژەڵ. ئەمەش لە واتای وشە کوردیەکەوە تەواو نزیکە.
لە هەمان کاتدا هەر لە کوردیدا وشەیەکی تر هەیە نزیکیی دەنگی و واتایی هەیە و ڕیشەیشی نزیکە؛ ئەویش "قەسەڵ" و "قەسەر"ە لە ناوەندیدا، و "قەسەل"ـە لە باکووریدا. کە ئەمیان ئەو لاسکە وشکەی دانەوێڵەیە کە دوای دروێنەکردن دەمێنێتەوە و دەکرێتە کا. لە کاتێکدا "قەرسیل" بەو لاسکەی دانەوێڵە دەوترێت کە هێشتا سەوزە و پێش ئەوەیە گوڵ بکات و دان بگرێت. 
جا "قەسەل"ـیش؛ لە "قصل" |قەصەل-|ی عەرەبیەوە هاتووە، کە بەو لاسکە گەنمانە دەوترێت دوای گێرە و جیاکردنەوەی دانەکە دەمێننەوە، کە ڕەنگە جارێکی تریش گێرە بکرێتەوە بۆ دان‌گرتنی زیاتر یان بۆ ئەوەی بکرێت بە کا. لە عەرەبیدا "قصالة" |قوصالەهـ=قوصالەت-|ـیشی پێ وتراوە، و هەردووکیان کە واتای ڕیشەییان 'بڕاو'ە؛ لە هەمان ڕەگی "ق‌ص‌ل"ـەوە داڕێژراون کە واتای 'بڕین' دەدات، و ئەم ڕەگە وشەی "مقصلة" |میقصەلەهـ|ـیشی لێ داڕێژراوە کە بە 'مل‌‌قرتێنەر' دەوترێت، ئەو ئامێرەی لە ئەورۆپا بۆ 'ئیعدام' بەکاردەهات. 
بۆیە "قەسیل" و "قەسەل" لە دوو بنچینەی عەرەبیی جیاوازن کە یەک ڕیشە/ڕەگیان هەیە.
تێبینی:
ئەم "قە(ر)سیل"ـە ناوەندیە ڕەنگە جیاواز بێت لەوەی لە باکووریدا بە شێوەی "قەسیل" هەیە، و بووەتە "قسیل" |قىسییل|ـیش، هەروەها بە شێوەی "قەسیر"یش، کە ئەمانە لە باکووریدا بە واتای 'حەسیر'ن، و ئەمەش بنچینەکەی ڕوون دەکاتەوە، بەتایبەتی کە بە شێوەی "حەسیل" (و "حێسیل")ـیش هەیە، جگە لە "حەسیر"  (و "حێسیر")، و لێرەوە ڕوون دەبێتەوە کە لە کۆتاییدا دەچێتەوە سەر "حصیر" |حەصییر-|ی عەرەبی (هاوڕیشە لەگەڵ "ح‌ص‌ر"ی ئارامی بە واتای 'گیا'). ئینجا ئەمە چۆن لە کۆتاییدا بووەتە "قەسیل"؟ لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ شێوەیەکی تری وشەکە لە باکووریدا کە "خەسیل" و "خسیل"ـە، بە هەمان واتا، ئەمیش هەمان "حەسیر" و "حەسیل"ـە، بەڵام ڕەنگە لە کەناڵی ـ بۆ نموونە ـ "خسیل"ی ئەرمەنیی ناوەڕاستەوە بووبێت کە گۆڕاوی "حەصیر"ە عەرەبیەکەیە، یان ڕەنگە هەر گۆڕانێکی دەنگیی ناوخۆیی کوردیی باکووری بێت لە دەنگێکی قوڕقوڕاگەییەوە "ح" بۆ دەنگێکی نزیکی تر "خ". یان گۆکردنێکی ئارامیی یەهوودی کە "حەسیر/حەسیل"ی کردبێت بە "خەسیر/خەسیل"، یان هەتا دەکرێت لە گۆکردنێکی تورکیی ئەنەدۆڵیەوە بۆ "حەسیر" کە لە "هەسیر" و "خەسیر"ەوە نزیکی کردووەتەوە.
پوختەی قسە: "حەصیر"ی عەرەبی سەرەتا بووەتە "حەسیر"، و ئەمیش جارێک بووەتە "حەسیل"، و جارێکی تریش بووەتە "خەسیل"، و ڕەنگە "خەسیر"یش، ئینجا بە گۆڕانی دەنگی "خ" بۆ "ق"؛ خەسیل" بووەتە "قەسیل"، و "خەسیر" بووەتە "قەسیر". وەکوو چۆن "خەسار" دەبێتە "قەسار".
هەرچەند هێشتا ئەگەریشی هەیە لێرەدا دوو وشە هەبن: "حەسیر" و "حەسیل" و "خەسیل" بەجیا لە "حەصیر"ەوە، و "قەسیل" و "قەسیر"یش لە "قەصیل"ەوە کە پێشتر باسم کرد. ئەگەر هاتنی ئەم "قەسیل"ە باکووریە بە واتای 'حەسیر' لە "قەصیل"ـەوە دروست بێت؛ دیارە لەوەوە هاتووە کە حەسیر لە تاڵی قامیش و زەل سازدەکرێت و ئەمانەش لە هەر گیایەک دەچن کە هەمان شێوەی هەبێت و لاسکێکی درێژی هەبێت.