"هەڵم"ی کوردی، و "هۆڵم"ی ئەرمەنیی کۆن
وشەکە زیاتر باکووریە و بە چەند شێوەیەک لە باکووریدا هەیە: "هلم" |هىلم|، "هەلم"، "هولم" و "حولم"، "هێلم"، و هەتا "گولم"، و "هولمگولم". و ئەوانەش بە واتاکانی 'هەڵم'، و 'هەناسە'، و 'پف' یان 'فوو'، و 'مژ' وەکوو مژ لە جگەرە.
بەڵام لە ناوەندیدا هەر "هەڵم"ـە، و تەنها بە واتای 'هەڵم'ـە. بۆیە وا دیارە لە باکووریەکەوە هاتووە.
وشە کوردیە باکووریەکە، بەتایبەتی شێوەی "هولم"؛ لەگەڵ "هۆڵم" (و "هۆڵمن")ی ئەرمەنیی کۆن لێکچوونی هەیە، کە بە واتای 'با' و 'هەوا' بووە. و ئێستە لە ئەرمەنیی نوێدا وتنی لە "هۆغم"ـەوە نزیکە، و بە واتای 'ڕەشەبا' و شتی وایە.
بۆیە وا دەردەکەوێت لەگەڵ ئەو وشە ئەرمەنیە پەیوەندییەکی ڕیشەیی هەیە، و ڕەنگە وشە کورمانجیەکە لە ئەرمەنیە کۆنەکەوە خوازرابێت، بەڵام واتای لە 'با' و 'هەوا'وە گۆڕابێت بۆ 'هەڵم'.
وشە ئەرمەنیەکە بەگشتی بە وشەیەکی ڕەسەنی باڵی ئەرمەنی و ڕیشەداری هیندی-ئەورۆپایی دەزانرێت، و وا باوە دەگێڕرێتەوە بۆ ڕیشە/ڕەگی هیندی-ئەورۆپایی بەرایی "ئەنێ-" (یان "ئۆنێ-") کە بەگشتی واتای 'هەناسەدان' دەدات لەگەڵ پاشگری "مۆ(س)" بۆ داڕشتنی ناو، و ـ بۆ نموونە ـ animusی لاتینییشی لێوە هاتووە کە واتای 'هەناسە' و 'گیان' و 'ڕۆح' دەدات، و هەروەها "ئەنتی-"ی ئەوێستایی بە واتای 'هەناسە' و "ئەنتییە-" بە واتای 'هەناسە وەرگرتن' (و "پەرەنتییە-" یانی 'هەناسە دانەوە')، و "ئەن-" لە ئەوێستاییدا ڕەگێکە بە واتای 'هەناسەدان'. کە ئەم ڕەگەی ئێرانیە کۆنەکە: "ئەن-"، لەگەڵ پێشگری کۆنی "ڤی-" ناوی "ڤیانە-"ی لێ سازکراوە بە واتای 'هەناسە'، و پاشان ئەمە لە قۆناغی ناوەڕاستدا بووەتە "گیان" کە ئیتر واتای 'گیان' و 'ڕۆح'ی گەیاندووە. کەواتە بەشی "هۆڵ-" لە وشە ئەرمەنیەکە لەگەڵ "-ان"ی "گیان" و ـ هەروەها ـ "هەن-"ی "هەناسە"ی کوردی-ئێرانی هاوڕیشەیە. کەواتە بەرامبەری "هۆڵم"ی ئەرمەنیی کۆن لە کوردی و هەر زمانێکی ئێرانیدا دەبێتە شتێکی وەکوو "هەنم". کەواتە "هولم" و "هەلم" لە کوردیدا خوازراوە و ڕەسەن نیە.
هەرچەند ئەو ڕیشەناسیە بۆ وشە ئەرمەنیەکە هەڵگری کێشەی خۆیەتی، و کۆمەڵێک ڕیشەناسیی هیندی-ئەورۆپاییانەی تریشی بۆ پێشنیار کراون، و هەتا بیروڕایش هەیە پێی وایە وشە ئەرمەنیەکە ڕیشەی هیندی-ئەورۆپایی نیە.