"دۆڵاب"ی فارسی، و "دۆڵاو"ی کوردی
٢٩ / ١ / ٢٠٢٣
دۆڵاب یان دۆڵاو، چەرخی ئاو water wheel، دەزگایەکی گرنگی ئاودێری لە ڕۆژگاری کۆنەوە، و لە زمانەکانی ناوچەکەدا چەند ناوێکی هەیە:
لە کوردیدا؛ وەکوو ناوە ئینگلیزیەکە water wheel و وەکوو "چرخ آب"ی فارسی؛ "چەرخی ئاو"ی پێ وتراوە، یان دەکرێت "ئاوچەرخە" یان " چەرخاو"یشی پێ بوترێت. جگە لەوەش؛ "دۆڵاب" و "دۆلاڤ" و "دۆڵاوچە"ی پێ وتراوە، وەکوو لە "فەرهەنگی کوردستان"ی مامۆستا (گیو موکریانی) بەم سێ سەروشەیە هێناونی. جا لە ماددەی "دۆڵاب"ـدا ئەم وشانەی تریشی هێناوە: "پلان، پیلان، چەرخی ئاو، غەڕغەڕە". "دۆلاڤ" dolavـەکەش باکووری (کورمانجی)ـە. "دۆڵاوچە"یشی هێناوە و بە "دۆڵاب" ڕاڤەی دەکاتەوە.
لە فارسیدا؛ بەگشتی "چرخ آب" و "دولاب"ی پێ دەوترێت، و هەروەها "ناورە" کە لەو وشە عەرەبیەوە هاتووە کە باسی دێت.
لە عەرەبیدا؛ سێ وشەی سەرەکی هەن:
١. "دولاب" |دوولاب-=دەولاب-|، کە لە دولاب"ی فارسیەوە خوازراوە.
٢. "ناعورة" |ناعووڕەهـ=ناعووڕەت-|، کە بە شێوەی noria چووەتە ئینگلیزی و زمانە ئەورۆپاییەکانی ترەوە.
٣. "سانیة" |سانییەهـ=سانییەت-|، کە کۆی دەبێتە "سواني" |سەوانیی-|. بە شێوەی "سانیة" و "السانیة"یش چووەتە زمانە ئیتالیکیەکانی ئیسپانیاوە.
ناوی "سانیة" لە عەرەبیدا لە ڕەگی "سنو" و کاری "سنا" |سەنا| داڕێژراوە، کە واتای 'ئاودان' دەدات، هەرچەند واتا ڕیشەییەکە بەوردی ' دەرکێشانەوە' یان 'بەرزکردنەوە'ی دۆڵچەی پڕ ئاوە لە بیر و سەرچاوەوە. بۆیە ئاوەڵناوی "ساني" و ناوی "سانیة" دەقاودەق یانی 'ئاودەر'. جا وشەکە لە عەرەبیدا سەرەتا بەو وشترە وتراوە کە ئاوی پێ دەهێنرێت (مەجازە، وەکوو ئەوە وایە وشترەکە خۆی 'ئاودەر' بێت، کە لە ڕاستیدا ئاودانی پێ دەکرێت). دوایی بەو دۆڵاوە وتراوە کە چەرخێک یان دەزگایەکی بازنەیی گەورەیە و دۆڵچە و ئاوهەڵگری زۆری پێوەیە و دەچێتە ناو ئاوێکی زۆر و ئاو هەڵدەگرێت بۆناو جۆگەیەکی تر، و بە هێزی ئاوەکە دەسووڕێتەوە، بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ ڕێڕەوێکی تر و شوێنێکی تر بەکاردێت، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا کشتوکاڵی پێ ئاوبدرێت.
٤. "ساقیة"یشی پێ وتراوە، و کۆی دەبێتە "سواقي" |سەواقیی-|، ئەویش بەو پێیەی دەبێتە هۆکارێک بۆ 'ئاودان' "سقي"ی کشتوکاڵ. هەر بۆیە "ساقیة" بە 'جۆگە'یش وتراوە.
ڕیشەناسیی "دۆلاب":
ئەم چەرخی ئاوە، یانی water wheel؛ لە فارسیدا "دولاب" |دۆۆلاب=دوولاب|ی پێ وتراوە، و لە کوردیدا بە شێوەی "دۆڵاب" وەرگیراوە و کراوەتە "دۆڵاو"ی (ناوەندی، و "دۆلاڤ"ی باکووری)ـیش، بەو پێیەی لە "دۆڵ" و "ئاو" پێکدێت، وەکوو چۆن فارسیەکەش ـ بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان ـ لە "دوڵ" یانی 'دۆڵچە' و "آب" واتە 'ئاو' پێکهاتووە.
ئەو ئەگەرەش باس کراوە کە فارسیەکە لە بنەڕەتدا لە "دو" |دۆۆ=دوو| یانی 'دوو' و "لاب" بە واتای 'کەرت' یان 'تاک'(؟) سازبووبێت، کە ئەمە ڕەنگە شێوەیەکی تری "لاپ" و "لاپە" بێت کە بە واتای 'کۆڵەکەی دار' دێن. یان لە ڕاستیدا ئەم ڕیشەناسیە تێکەڵکردنی "دولاب"ـە لەگەڵ " دولا(ی)" 'دوولا'. بۆیە ئەم ڕیشەناسیە جێی گومانە.
وشەی "دۆڵاب" بەم واتایە جیاوازە لەو "دۆڵاب"ـەی کە باوە بە کومێد یان گەنجینەی دارینی بچووکی هەڵگرتنی کەلوپەل دەوترێت (و لە فارسییشدا واتای دووەمی "دولاب"ـە)، هەرچەند وا دیارە لە بنەڕەتدا یەک وشەن، و سەرەتا بە چەرخە ئاویەکە وتراوە، پاشان بەو کومێدە یان گەنجینە بچووکەی لە دار و تەختە سازدەکرێت وتراوە، ڕەنگە بەو پێیەی کە ئەمیش دەرگاکانی، دوو تاکەکەی، وەکوو چەرخ دەسووڕێن.