١٩ / ١ / ٢٠٢٣
"لوغم" 'مین' لە کوردیی نوێی هاوچەرخدا (و "لوخم" لە کوردیی ئاخاوتندا) ؛ ڕاستەوخۆ لە "لغم" |لوغم = لەغم = لەغەم|ی عەرەبیەوە هاتووە، ئینجا کێشەکە ڕیشەناسیی وشە عەرەبیەکەیە، و چەند ڕیشەناسییەک پێشنیار کراون، بەتایبەتی کە وشەکە لە چەند زمانێکی تریشدا هەیە، وەکوو تورکیی عوسمانی: "لغم" |لەغىم|، هەروەها بە شێوەی "لاغم" |لاغىم| و "لاغیم"ـیش، و ئێستە لە تورکیی کۆماریدا lağımـە، و تورکیەکە بە پلەی یەک بە واتای 'تونێل'ـە، و هەروەها 'چاڵی ئاوەڕۆ'، و بە واتای 'مین'ـیش، هەروەها لە گریکیی نوێدا: λαγούμι |لەغومی|، بە واتای 'تونێل'.
جا ئەوە بەدڵنیایی زانراوە کە گریکیە نوێیەکە لە تورکیە عوسمانیەکە خوازراوە، بەڵام ناکۆکی هەیە لەسەر ئەوەی عەرەبیەکە و تورکیە عوسمانیەکە کامیان لە کامیان وەرگیراوە:
ئەوە زانراوە کە وشەکە ڕیشەی لە تورکی خۆیدا نیە، و هەوڵێکیش هەیە بۆ ڕیشەناسیی عەرەبیەکە کە وشەکە دەباتەوە بۆ ڕەگی "لغم"ی عەرەبی کە واتای 'لیک و کەفی دەموپلی ئاژەڵ' و 'دەموپل و دەوروبەری' و 'دانی داوودەرمان یان بۆنی خۆش لە دەموپل' و هەروەها 'ماسولکەی زمان' کە لیکی پێوەیە، و شتی لەم بابەتە، بە زنجیرەیەک گۆڕانی واتایی، کە بۆ من جێی بڕوا نەبوو، بەتایبەتی کە وشەکە لە عەرەبیدا بە واتای 'مین'، هەتاکوو واتای 'چاڵ' و 'تونێل'ـیش، درەنگ دەردەکەوێت. هەتاکو هاتنی وشە عەرەبیەکە (یان تورکیەکەش) ڕاستەوخۆ لە وشەیەکی گریکیی کۆنەوە بە شێوەی λαχώμα |لەخۆمە| (بە هەمان واتای 'چاڵ' و تونێل') جێی بڕوا نیە، چونکە وشەی وا لە گریکیی کۆن و دەقەکانی و فەرهەنگەکانی نەبینراوەتەوە، و ئەگەر لە گریکیی کۆنەوە هاتبێت؛ دەبوو زووتر لە عەرەبیدا دەرکەوتایە، و دەبوو لە عەرەبیدا زیاتر و کۆنتر بە واتای 'چاڵ' بێت کە نیە. بە هەمان شێوە ئەوەی باوە کە وشە عەرەبیەکە لە کاری λαχαίνω |لەخەینۆۆ|ی گریکیی کۆنەوە هاتووە کە واتای 'هەڵکەندن' و 'چاڵلێدان' دەدات، لەبەر ئەوەی دیسان دەبوو وشەکە لە عەرەبیدا زووتر دەرکەوتایە، و دووریشە عەرەبی کارێک لە زمانی گریکی ڕاستەوخۆ وەربگرێت و ناوێکی لێ ساز بکات (دەکرێت لەو کارە گریکیە ناوی λαχώμα |لەخۆمە|، دەقاودەق 'هەڵکەنراو'، سازکرابێت، بەڵام نەگەیشتووە).
بۆیە من لەم کاتەدا بیروڕایەکی تر هەڵدەبژێرم: وشە تورکیەکە (کە لە سەدەی ١٤ ز.ەوە نموونەی بەکارهێنانی لە تورکیی عوسمانیدا هەیە) ڕاستەوخۆ لە λάκκωμα |لەکۆمە|ی گریکیی سەدەکانی ناوەڕاستەوە (گریکیی کۆنستانتینۆپۆلی، سەدەکانی ١٠-١٥ ز.) خوازرابێت، کە ئەمیش هەر بە واتای 'چاڵ' بووە، ئەمەش بەشی یەکەمی دیارە هەمان λᾰ́κκος |لەککۆس=لەکۆس|ی گریکیی کۆن و دواترە بە واتای 'گۆم' و 'حەوز' و پاشان 'چاڵ' (بەتایبەتی چاڵ بۆ خەزنکردنی شت)، و بەشی دووەمیشی پاشگری μᾰ- |مە|یە کە بۆ سازکردنی ناوێک بە واتای ئاوەڵناوی بەرکاری بەکاردێت، بۆیە وشەکە بەسەر یەکەوە واتای 'چاڵکراو' یان 'وەکوو چاڵ لێ کراو' وەردەگرێت. دەیشکرێت باسی ناوی λαχώμα |لەخۆمە| بکەینەوە وەکوو بنچینەیەک بۆ تورکیەکە، لە ڕەگی هەمان کاری λαχαίνω |لەخەینۆۆ| بە واتای 'هەڵکەندن' (و پاشگری μᾰ- |مە|)، بەڵام ئەم کارە لە گریکیی کۆنستانتینۆپۆلیدا گۆکردنی گۆڕاوە بۆ شتێکی نزیک لە |لەشێنۆ|.
ئینجا دەبێت ڕوونی بکەینەوە بۆچی وشەکان سەرەتا بە واتای 'تونێل' و 'چاڵ'ـن: سەرەتای مین مینی زەمینیی بەراییە، ئەویش لە جەنگدا بەکارهاتووە، و ئەو کاتەش مین وەکوو ئامێرێک دروست نەکراوە، بۆیە تونێلیان لێ داوە هەتا ژێر سوپای دوژمن یان هەر ژێر ڕێگەکەی یان ـ بەتایبەتی ـ ژێر دیواری قەڵاکەی، و پڕیان کردووە لە باروود و ئیتر گڕیان داوە و زەویەکەی بە دوژمنەوە تەقاندووەتەوە یان دیوار و قایمکاریی قەڵاکەی ڕووخاندووە.
وا دەردەکەوێت ئەم تونێل لێدانە سەرەتا گریک لە کۆندا کردوویانە، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی باروود، بەڵکوو هەر بۆ گەیشتنە ناو شوێنی قایمکراوی دوژمن (بەتایبەتی بۆ چوونە ناو قەڵا)، و تا ئێستەش تونێل لێدان لە جەنگدا بۆ گەلێک مەبەست بەکاردێت. ئینجا دواتر تورکە عوسمانیەکان (و لە زۆر شوێنی تریش، لەدوای هێنانی باروود لە خۆرهەڵاتی ئاسیاوە) لەو تونێل لێدانەدا لەژێر دیواری قەڵادا بارووتیشیان بەکارهێناوە، و ئیتر لە سوپای عوسمانیەکاندا کەسی تایبەتمەندی ئەو جۆرە چاڵە باروودانە هەبووە کە "لەغىمچی"ـیان پێ وتووە. دواتر وشەکە بە واتای 'چاڵە باروود'ەکە هاتووەتە عەرەبیە و بووەتە "لغم" |لوغم|، و هەتا "لغمچی"ی تورکیی عوسمانییش هاتووەتە عەرەبیەوە بە شێوەی "لغمجي". دواتر کە مینی دروستکراوی پیشەسازیی سەربازیی نوێ پەیدا بوو؛ "لغم"ی بۆ بەکارهات لە عەرەبیدا کە ئێمە لە کوردیدا ئەمەمان ڕاستەوخۆ وەرگرتووە.
کەواتە بنچینەی وشەکە و واتای چاڵ هەڵکەندن و تونێل لێدان لە گریکیەوە هاتووە، و گۆڕانی واتایی وشەکە بۆ 'چاڵە باروود' لە تورکیەکەدا بووە، و گۆڕانی واتایی وشەکە بۆ مینی سەربازیی نوێ لە عەرەبیدا بووە.