"شێنە"ی ئیتالی، بۆ "شەنۆ"ی تورکی، بۆ "شانۆ"ی کوردی
وشەی "شانۆ" |شانۆ|ی کوردی، کە ڕەنگە لە ناوەڕاستی سەدەی (٢٠)ـدا هاتبێتە کوردیەوە (و جێگەی "تیاترۆ"ی گرتووەتەوە)؛ ڕاستەوخۆ لە şano |شەنۆ|ی تورکیی ئەنەدۆڵیی نوێوە وەرگیراوە، کە تورکیەکەش ـ ڕەنگە لە سەرەتای سەدەی (٢٠)ـەوە ـ لە ئیتالیەوە هاتووە:
لە scena |شێێنە|ی ئیتالیەوە، بە واتای 'تەختی شانۆ' کە نواندنەکەی لەسەر نمایش دەکرێت یان پێشان دەدرێت، هەروەها بە هەر 'سەکۆ'یەکی هاوشێوە.
ئیتالیەکەش سروشتیە کە دەگەڕێتەوە بۆ لاتینی: scaena|سکەینە| و scena |سکێێنە|ی لاتینی (بە دیاریکراوی scaena |شێێنە|ی لاتینیی کلێسایی)، بە هەمان ئەو واتایانە و بە واتای 'شانۆ'یش بەگشتی. لە هەمان ئەم وشە لاتینیەوە sceneی فڕەنسیی ناوەڕاستیش هاتووە کە scene |سیین|ی ئینگلیزیی نوێی لێوە هاتووە بە هەمان واتای 'تەختی شانۆ' و واتاکانی تری کە لەمەوە هاتوون.
وشە لاتینیەکەش دەگەڕێتەوە بۆ σκηνή |سکێێنێێ=سکیینیی|ی گریکیی کۆن، بە واتای 'خێوەت'، وئینجا گەشەی واتایی کردووە هەتا بە تەختی شانۆ وتراوە: وا دیارە سەرەتا لە واتای 'خێوەت'ـەوە بە پێکهاتەی خێوەتئاسای دواوەی تەختی شانۆ وتراوە (کە لەوێدا ئەکتەرەکان خۆیان ئامادە دەکەن) [بەم واتایە ئێستەش لە ئینگلیزیدا بە شێوەی skene |سکیینی| ماوەتەوە]، ئینجا دواییش واتاکەی فراوانتر بووە و بە 'تەختی شانۆ' وتراوە. ئێستەش σκηνή |سکینی|ی گریکیی نوێ هەموو ئەو واتایانە دەدات.
وشە گریکیە کۆنەکە لە گریکیدا ڕیشە و بنچینەی ڕەسەنی نیە، بەڵکوو لە وشەیەکی سامیەوە هاتووە، کە پێدەچێت فینیکی بووبێت (کە گریکیی کۆن مامەڵە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵی هەبووە)، و بە واتای 'ماڵ' و 'شوێنی مانەوە' بووبێت، بەتایبەتی ماڵی وەکوو خێوەت. لە هەمان ڕیشەی "شکن"ی سامی بە واتای 'دانان'ی تێپەڕ و 'دانیشتن'ی تێنەپەڕ (کردارە سامیە سەرەتاییەکە بە "شەکان" بینادەکرێتەوە، لای هەندێکیش بە "شVکون")، وەکوو ماددەی "شکن"ی ئوگاریتی و عیبری (کردارەکە لە عیبریدا "شەخان"ـە بە واتای 'نیشتەجێ بوو')، و ماددەی "سکن"ی عەرەبی (وەکوو کرداری "سکن" |سەکەنە| لە عەرەبیدا، بە واتای 'نیشت' یان 'نیشتەجێ بوو')، و لە ئەککەدییشدا وەکوو کرداری "شەکانوو" کە بە واتای 'دانان' و 'نیشتەجێکردن'ـە. لە هەندێک زمانی عەرەبیی باشوورییشدا، وەکوو "سکون"ی جیببالی کە واتاکەی وەکوو ئەککەدیەکەیە، و "سێکۆن"ی حەڕصووصی کە واتاکەی وەکوو عەرەبیەکەیە.