'کەوەیی' و 'قاوەیی'

"کەوەیی" و "قاوەیی"
"کەوە" و "کەو" و "کۆتر"



لێکچونی "کەوەیی" و "قاوەیی" جاروبار سەرنج ڕادەکێشیت، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازن، هەم لە واتادا و هەم لە ڕیشەدا.
دەزانین کە "کەوەیی" شینی خۆڵەمێشیە، یان خۆڵەمێشیی شین‌باوە، لە کاتێکدا "قاوەیی" ڕەنگێکی جیاوازە.
لەلایەنی ڕیشەییشەوە؛ "کەوە" وشەیەکی کوردیی ڕەسەنە، بەرامبەرە فارسیەکەی "کبود" |کەبۆۆد=کەبوود| ە بە واتای "خۆڵەمێشیی شین‌باو" و هەروەها "شین" بەگشتی (یان بەتایبەتی شینی تۆخ، شینی نیلی)، لێرەوە دەزانین کە وشە کوردیەکەش هەر لە بابەتی "کەبۆد" بوە، دواتر بوەتە "کەوۆد" و ئینجا "کەوەد" و دەنگی |د| یش کلۆر بوە و ئیتر لە کۆتاییدا بوەتە "کەوە". بە شێوەی "کەوی" یش هەیە لە هەورامیدا. لە کرمانجیی باشوریشدا "کەو" ە، کە بە واتای شینە، وەکو شینی ئاسمانی [ئەمە جگە لەوەی "کەو" لە کرمانجیەکاندا و "کەوک" لە کرمانجیی باشوردا (و "کەوگ" لە لوڕیی بەختیاریدا) بە باڵندەی کەو دەوترێت، ئەمەش ـ گومان بۆ ئەوە دەچێت کە ـ پەیوەندیی بە "کەوە" وە هەبێت بەو پێیەی کە کەویش ڕەنگی لە کەوەوە نزیکە، بەڵام ڕاستیەکەی وا نیە: ڕەنگی کەو زیاتر لە بۆر و قاوەیی کاڵەوە نزیکترە تاکو کەوە، ئینجا بیروڕای ساخکراوە ئەوەیە کە ناوی کەو لە زمانە ئێرانیەکاندا ناوێکی دەنگ‌لاسا onomatopoeic ـە، واتە لە لاسایی‌کردنەوەی دەنگی خوێندنی کەو "کەکبە-کەک" یان "قەقبە-قەق" یان "کەب-کەبە" یان شتێک لەم بابەتە، دروست بوە. بۆیە لە پەهلەویدا "ک‌پ‌‌ک" |کەبک| بوە، کە ئەمە لە فارسیدا وەکو خۆی "کبک" |کەبک| ماوەتەوە، و لە کرمانجیی باشوردا بوەتە "کەوک" و لە بەختیاریدا بوەتە "کەوگ"، و لە کرمانجیەکاندا بەگشتی بوەتە "کەو").
ئەم وشە فارسی ("کبود") و کوردی ("کەوە") ە، هەروەها لە بەلوچیدا "کپوت" |کەپۆۆت| یاخود "کەڤۆت" کە بە واتای کۆترە.. ئەمانە دەچنەوە سەر ئێرانیی ناوەڕاست (ئێرانیە ناوەڕاستەکە بەگشتی بە "کەپۆت" بینا دەکرێتەوە)، وەکو "ک‌پ‌و‌ت" |کەبۆۆد| ی پەهلەوی، کە بە واتای "خۆڵەمێشیی شین‌باو" و "کۆتر" ە. ئێرانیە سەرەتاییەکەیشی بە شتێکی وەکو "کەپەوتە-" |کە'پە'و'تە| بنیات دەنرێتەوە، بە واتای کۆتر.
وشەکە لە زمانە هیندیەکانیشدا هەیە، وەکو "کەپۆتە" ی سەنسکریتی، کە ئەمیش بە واتای کۆتر و هەروەها ڕەنگی خۆڵەمێشیی کۆترە. کەواتە هاوبەشی هیندی-ئێرانیە.
و ئیتر شتێکی ئاشکرایشە کە "کبوتر" ی فارسی و "کۆتر" ی کوردی؛ لە هەمان ڕیشەوە داڕێژراوە، کە دەچنەوە سەر "ک‌پ‌و‌ت‌ل" |کەبۆۆتەر| ی پەهلەوی ( = "ک‌ب‌وت‌ر" |کەبۆۆتتەر| ی پەهلەویی مانی).
جا ڕەنگە خەیاڵ بۆ ئەوە بچێت کە ڕەنگە "قاوەیی" لە "کەوەیی" ـەوە هاتبێت. بەڵام هەم لەلایەنی واتاییەوە جیاوازن و ڕەنگی "کەوەیی" تایبەتی و جیاوازە و وەکو دەبینین لە ڕەنگێکی تایبەتی کۆترەوە ناوەکەی هاتوە. و هەم لەلایەنی دەنگییشەوە جیاوازن: "قاوەیی" ی کرمانجیی ناوەڕاست و ـ زیاتر ـ "قەهوەیی" ی کرمانجیی باکور؛ ڕون دیارن کە لە "قەهوە" ی بەبنەڕەت عەرەبیەوە داڕێژراون (ئەگەر نەما‌ن‌زانیایە کە "قاوە" هەمان "قەهوە" یە کە لە "قهوة" |قەهوە| ی عەرەبیەوە وەرگیراوە؛ ئەگەرێکمان دادەنا بۆ ئەوەی ئەو دەنگی |هـ| ـە لە کرمانجیە باکوریەکەدا زیاد بوبێت و بڵێین "قاوە-" بنچینەیە و لە کرمانجیی باکوردا بوەتە "قەهوە-"، بەڵام دەزانین کە وا نیە). و لە ڕوی دەنگیەوە ئەوەش ئەگەرێکی دورە "کەوەیی" ببێتە "قەوەیی" یان "قاوەیی".