"قاوەیی" و "قەهوەیی"
و "بۆر" و "بۆز"
و "بۆر" و "بۆز"
ئاشکرایە کە "قاوەیی" و "قەهوەیی" و "قەهوایی"، لە "قاوه" و "قەهوه" ی بەبنەڕەت عەرەبیەوە داڕێژراون، کە ئێمە وشەی "قاوە" و "قەهوە" مان لە "قهوة" ی عەرەبیەوە وەرگرتوە. ئەمەش هیچ کێشەیەکی تێدا نیە، وشەی coffee ی ئینگلیزییش هەر لەو سەرچاوەیەوە هاتوە: لە caffè ی ئیتالیەوە، ئەمیش لە "قهوه" kahve ی تورکیەوە، ئەمیش لە عەرەبیەکەوە.
عەرەبی بۆ خۆیشی خاوەنی یەکەمی وشەکە نیە، بەڵکو عەرەبی وشەی "قهوة" ی لە زمانێکی ئەفریقایی-ئاسیایی ترەوە وەرگرتوە کە زمانێکە لە گروپی زمانە (ئۆمۆتی)یەکان کە لە حەبەشە و سودان هەن. هەروەها وشەی "بن" |بونن| یش کە هەر بە واتای قاوەیە [و ئیتر لە عەرەبیدا "بني" |بوننیی| یانی "قاوەیی"]؛ لە زمانێکی سامیی ترەوە وەرگیراوە کە (ئەمحەری) ـە کە شێوەیەکی زمانێکی حەبەشیە.
ئیتر لە کوردیدا هەر ئەو وشەیە وشە باوەکەیە: "قاوەیی" لە کرمانجیی باشور و ناوەڕاست و هەورامیدا، و بە شێوەی "قاوەی" لە کرمانجیی باشور و هەورامیدا، کە وا دیارە لە هەورامیدا "قاوەی" ناو بێت و بە شتی ڕەنگقاوەیی بوترێت.
ئینجا لە کرمانجیی باکوریشدا هەر "قەهوەیی" و ـ کەمتر ـ "قەهوایی" باوە. چونکە لە کرمانجیی باکوردا دەوترێت "قەهوە" وەکو عەرەبیەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا فەرهەنگە کوردیەکان هەندێک وشەی تر دەهێنن بە واتای "قاوەیی"، وەکو:
ـ "پۆڕڕەش". کە وا دیارە لە "پۆڕ" و "ڕەش" پێکهاتوە، بەڵام لێرەدا "پۆڕ" بە چ واتایەکە؟ ڕەنگە بە واتای "موی سەر" بێت.
ـ "کەمکۆڵی"، کە خۆی "کەمکۆڵ" بە واتای توێکڵی گوێزە کە سەرەتا سەوزە، بەڵام پێست قاوەیی دەکات، و لە ڕابردودا ژنی کورد وەکو سوراو بەکاریان هێناوە بۆ لێو.
ـ "هەڵوایی" ("هەڵوا" یش هەر لە "حلوی" |حەلوا| ی عەرەبیەوە هاتوە)، هەڵوایش، کە ئارد و شەکر و ڕۆنە و سور دەکرێتەوە؛ ڕەنگی قاوەییە.
ـ "بۆر" و "بور" |بوور|، کە ئەمە هەرچەند لە کرمانجیی ناوەڕاستدا بە واتای ڕەنگێکە ـ یان شتێکە کە ڕەنگی ـ لەنێوان ڕەش و سپیدایە (واتە "خۆڵەمێشی" یان "کەوەیی")، بەڵام لە هەندێک شێوەزاری تردا بە واتای قاوەیی یان پلەیەکی کاڵی ڕەنگی قاوەییە، وەکو:
ـ "بۆر" |بۆۆر| ی کرمانجیی باکور کە بە واتای قاوەیی کاڵە، ڕەنگێک لەنێوان قاوەیی و سپی. بەڵام بەکارهێنانی وشەکە بەم واتایە دەگمەنە.
ـ و "بور" |بوور| ی کرمانجیی باشور کە بە واتای قاوەییە، یان بەتایبەتی قاوەیی کاڵ.
لە ڕاستیدا ئەم واتایە، واتە "قاوەیی"، واتای یەکەمی وشەی بۆرە، چونکە "بول" |بۆۆر| لە پەهلەوییشدا، بە واتای "قاوەیی سورباو" و "[ئەسپی] کوێت" ـە، کە ئەمە ئێستە لە فارسیدا بە شێوەی "بور" |بۆۆر=بوور| ماوەتەوە، بە واتای "سور" و "قاوەیی سورباو"، و "ئەسپی کوێت" واتە سوری ڕەشباو، و هەروەها لە هەندێک شێوەزاری فارسیدا بە هەمان واتای "قاوەیی" یش دێت.
لە زمانێکی ئێرانیی تریشدا کە زمانی ئۆسێتیە، وشەکە، بە شێوەی "بور"، بە واتای "زەرد" ماوەتەوە.
کەواتە دەتوانین بڵێین وشە کوردیە ڕەسەنەکە بە واتای "قاوەیی"؛ هەر "بۆر" ە، وەکو لە کرمانجیی باشور و باکوردا بە واتای قاوەیی کاڵ ماوەتەوە.
وشەی "بۆز" یش هەیە، کە ئەمەیان لە واتادا لە "بۆر" ی کرمانجیی ناوەڕاستەوە نزیکە، چونکە بە گیاندارێک دەوترێت کە ڕەنگی خۆڵەمێشی بێت. هەروەها بە ڕیشی ماشوبرنجی دەوترێت. جا ئەمەیان، وشەی "بۆز" |بۆۆز|، لە تورکیەوە خوازراوە.: boz ی تورکی ("بوز" ی تورکیی عوثمانی)، بە واتای خۆڵەمێشی، کە لە تورکیی کۆنەوە بۆی ماوەتەوە.