ڕیشەی "هزر" ی کرمانجی

ڕیشەی "هزر" ی کرمانجی


"هزر" لە کرمانجیی باکوردا ساز بوە.
بنەڕەتەکەی عەرەبیە: "حرز" |حەزڕ|، چاوگی کرداری "حزر" |حەزەڕە|، یانی: خەمڵاندی، بە خەمڵاندن لێکی‌دایەوە، بە گومان دەرکی کرد، بە گریمانە بۆی چو، مەزەندەی کرد. بەم شێوەیە لە چەمکی "حدس" ـەوە نزیکە. لە عەرەبیدا لەم ڕیشەوە "حز
ورة" |حەززوڕە| یش ساز کراوە کە بە مەتەڵ دەوترێت، کە شتێکە بە خەمڵاندن و لێکدانەوە "هەڵ‌دەهێنرێت".

جا لە کرمانجیی باکوردا لەم "حزر" ە عەرەبیەوە "هزر" ساز بوە، و دیارە سەرەتا بە واتای "مەزەندە" بوە، و دوایی بە "فکر" بەگشتی وتراوە.
لە نوسراوە کورمانجیەکاندا وشەکە بە شێوەی "حزرکرن" بینراوە، کە ئاماژە بۆ بنچینە عەرەبیەکەی دەکات [هەرچەند ئەمە لە خۆیدا بەڵگەیەکی قەتعی نیە، چونکە زۆر جار دەنگی |هـ| لە کرمانجیی باکوردا ـ کرمانجیی ناوەڕاستیش ـ دەبێتە |ح|]، یانی بە شێوەی "حزر" یش وتراوە و نوسراوە.


* بیروڕایەکی تر هەیە لەسەر ڕیشەی وشەکە، کە دەیگێڕێتەوە بۆ "ژیر" و "هەژیر"، و دەڵێت پێشتر "هەزر" بوە: "هە" + "زر" کە ئەم "زر" ەش هەر "زیر" ە کە "ژیر" شێوەیەکی تریەتی. کەواتە ـ بەپێی ئەم لێکدانەوەیە ـ لەگەڵ "هەژیر" دا هەر یەک شت بون لە بنەڕەتدا.
یەکێک لە بەڵگەکانی ئەم لێکدانەوەیە ئەوەیە کە وشەکە "هزر" بە شێوەی "هژر" یش هەیە. بێ گومان مەبەست ئەوەیە لە کرمانجیی باکوردا بەو شێوەیەش هەیە.
بەڵام ـ بە ڕای من ـ ئەوە نابێتە بەڵگە، چونکە ـ بۆ نمونه ـ "حەز" یش لە کرمانجیی باکوردا بە شێوەی "حەژ" دەبینرێت، واتە دەنگی |ز| جاروبار دەبێتە |ژ|.
بۆیە ئەگەر "هزر" بە شێوەی "هژر" یش هەبێت؛ ئەوە هەر "هزر" ە بوەتە "هژر".