ڕیشەی "خاتون"، و "خا"
وشەکە بەم شێوەیەی ئێستە "خاتون" |خاتوون| [کە لە کرمانجیی باکوردا بوەتە شتێکی وەکو "خاتوین" یان "خاتین" یش، کە ئەمە ڕەنگە کاریگەریی گۆکردنە تورکیەکە بێت]، لە تورکیەوە وەرگیراوەتەوە.
بەڵام تورکیەکەش بنەڕەتێکی ئێرانیی هەیە: لە سوغدیەوە، کە زمانێكی ئێرانیی خۆرهەڵاتیی قۆناغی ناوەڕاستە، کە وشە سوغدیەکە بە شێوەی "خوتین" دەبینرێتەوە، کە بە "خوتێن" دەخوێنرێتەوە، و ئەمەش پێشتر "خوەتێن" بوە، و ئەمەش لە شێوەیەکی کۆنترەوە هاتوە کە بە "خوەتاو-نی" بنیات دەنرێتەوە، ئەمەش ـ وەکو دیارە ـ لە دو بەش پێکهاتوە:
١. "خوەتاو" [کە دواتر لە سوغدیدا بوەتە "خوتءو" |خو'تاو=خو'تا'و|]، ئەمە بە واتای "پاشا" [و "خودا"] یە. و پێکهاتوە لە "خو" |خوە| بە واتای "خۆ"، "خود" + "تءو" |تاو| کە بە واتای "توانین" ـە و لە هەمان ڕیشەیە، و بەسەر یەکەوە دەبێتە "[بە]خۆتوانا" یان شتێک لەم بابەتە. و دەڵێن ئەمە وەرگێڕانێکی سوغدیانە بوە بۆ αὐτοκράτωρ |ئەوتۆکراتۆۆر| ی گریکیی کۆن، کە لە هەرێمی باختەریش ناوی پاشا بوە، و وشە گریکیەکە بە واتای ئیمپراتۆر بوە، و ئەمیش هەر لە دو بەش پێکهاتوە: αὐτός |ئەوتۆۆس| بە واتای "خۆ" + κράτωρ |کراتۆۆر| واتە فەرمانڕەوا، ئەمەش واتە فەرمانڕەوای خۆبەخۆ.
وشە سوغدیەکە بە شێوەیەکی تریش هەیە: "خوتءی" |خوتای|، کە لێرەوە دیارە لەگەڵ "خوەتای" "خوەدای" ی پەهلەوی هەر یەک شتن، کە ئەمە هەم بە واتای پاشا و گەورە بوە و هەم بنچینەی وشەی "خودا" یە. واتە "خوەتاو" هەر لە سوغدی خۆیدا بوەتە "خوەتای" [و ئینجا "خوتای"]، و ئیتر "خوەتای" ی پەهلەوی لەمەوە هاتوە [چونکە "تاو" لە سوغدیدا هەبوە بە واتای توانین، و لە پەهلەویدا "توب-" |تو'و| ە، و "تای" یش لە سوغدیدا واتای تری هەیە کە بۆ ئێرە نابێت و لە پەهلەوییشدا نیە] کە دواتر لە پەهلەویدا بوەتە "خوەدای" و ئینجا دواتر بوەتە "خودای" و "خودا". ئیتر لێرەوە وا دیارە ئەو ڕاڤەیەی تر کە دەڵێت وشە پەهلەویەکە لە ئەوێستاییەوە هاتوە و پێشتر لە ئەوێستاییدا "خڤە-ذەتە-" بوە، بە واتای "خۆبەخۆ" یان "بە خۆ بڕیاردەر" ڕاڤە دەکرێت؛ ڕاڤەیەکی سەرکەوتو نەبێت.
٢. "-نی" کە دواتر بوەتە "-ن"، ئەمە لە سوغدیدا پاشگری مێینە بوە. بۆیە بەسەر یەکەوە "خوەتای-نی" دەبێتە ژنەپاشا، شاژن. ئەمە دواتر بوەتە "خوەتێن" و ـ وەکو وتم ـ دواتر هەر لە سوغدیدا بوەتە "خوتێن". بەڵام ئیتر "خوەتێن" چوەتە تورکیەوە و لە سەدەی (٨ ز.) دا بە شێوەی "خاتون" (و "قاتون") لە تورکیدا هەبوە [لە ئویغوریدا "خۆتون" ـە و لە ئوزبەکیدا "خۆتین" ـە، کە ڕەنگە ئەمە شێوەیەکی کۆنی وشەکە پێشان بدات]، بە واتای شاژن. و لە سەدەی (١٤ ز.) ـیشەوە لە تورکیدا واتای "خانم" ی وەرگرتوە. ئەم "خاتون" ـەی لە فارسی و کوردیدا هەیە لەم تورکیەی سەدەی (١٤ ز.) و دواتر وەرگیراوەتەوە [هەڵبەتە پێشتریش ـ لە ڕۆژگاری سەلجوقیەکانەوە هەبوە بەڵام تەنها وەکو نازناوی ژنان و کچانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار. پێش ئەوەش لە فارسیدا بەکار هاتوە، بەڵام بۆ ئاماژە بۆ شاژنەکانی تورک].
هەروەکو لە تورکیدا وشەکە هەر لە کۆنەوە شێوەیەکی تریشی وەرگرتوە: "قادون" یان "قادین". هەندێک پێیان وایە ئەمە لە تورکیی سەرەتاییدا هەبوە و تورکیی ڕەسەنە. بەڵام نەبونی ڕیشەیەکی ئەلتایی بۆ ئەمە دەتوانێت ببێتە بەڵگە بۆ ئەوەی لە زمانە تورکیەکاندا ڕەسەن نیە، و لەو بنچینە سوغدیەوە چوەتە تورکیەوە.
لێرەوە دەزانین کە بنچینە [ی بەشی یەکەم] ی وشەکە "خوە" یان "خۆ" یە، نەک "خا". مەگەر تەنها لەو ڕوەوە بڵێین کە جاروبار لە کرمانجیی باکوردا وشەی "خوە" یان "خۆ" دەبێتە "خا". کە ئەمەش دەبێتە پینەوپەڕۆ.
ئیتر ئینجا شتێکی زانراوە کە "خاتون" |خاتوون| لە کرمانجیی ناوەڕاستدا کورت دەبێتەوە بۆ "خاتو" |خاتوو|، و ئەمەش کورت دەبێتەوە بۆ "خات" و ئەمە زیاتر کورت دەبێتەوە بۆ "خا"، ئەو ـ بۆ نمونه ـ "خا فاتم" ـەی مامۆستا ئاماژەی بۆ کردوە؛ بەم شێوەیە دروست بوە، وەکو مامۆستا خۆیشی باسی کردوە.
بە هەمان شێوە ئەو "یا" ـەی لە هەندێک ناوچە پێش ناوی خانمان دەکەوێت لەجێی "خا"؛ ئەمیش کورتبوەوەی "یایە" یە، "یایە" لە کرمانجیی ناوەڕاست [ی شێوەی ئەردەڵانی] ـدا هەیە [ڕەنگە لە کرمانجیی باکوریشدا هەبێت] بە واتای "خانم"، و بە واتای "دایک" یش هاتوە. ئینجا ئەمە کورت دەبێتەوە بۆ "یای" و ئەمەش بۆ "یا".
بێ گومان ئەم "یا" یە جیاوازە لە "یا" ی "یاشێخ!" و "یابرا!" کە دیارە لە "یا" ی عەرەبیەوە هاتوە کە ئامڕازی بانگکردنە، بەڵکو شێوەی کورتی "یایە" یە [دەتوانین بڵێین ئەم شێوە کورتانە زیاتر لە بانگکردندا دروست دەبن، چونکە لە بانگکردندا ئەو مەیلە بەلای کورتکردنەوەدا زیاترە، وەکو لە عەرەبییشدا "ترخیم" ی بانگکراو هەیە]، بەڵام هێشتا نازانم ڕیشەی "یایە" چیە.
ئینجا وەکو ڕونم کردەوە "خاتون" لەپێشدا نازناوێکی تەشریفی و گەورەکردن بوە، و دواتر لە تورکی و بەدوایدا فارسی و کوردی بە "خانم" [ژنی ئازاد] وتراوە، و بەرامبەری "سیدة" ی عەرەبیە. و ئێستەش لە کوردیدا "خا" دەکرێت پێش ناوی هەر ژنێک بکەوێت، و جاروبار پێش ناوی کچیش دەخرێت، بەڵام ئەمە دەگمەنە و ڕەنگە بە هەڵەیش دابنرێت، چونکە وشەکە وەکو بنچینە و وەکو بەکارهێنانیش پەیوەستە بە "خانم" یان ژن [=شودار] ەوە. لەبەر ئەوە ڕەنگە گشتاندنی بۆ مێینە ورد نەبێت.
ئینجا ئەم "خا" یە پێش ناوی کەسیی کەسەکان دەکەوێت نەک نازناوی پیشەیی، کاتێکیش دەڵێین "خا دکتۆر"؛ ئەمە وەکو "کاک دکتۆر" وایە، بەڵام ئەمەش کاتێک دەیڵێین کە کەسەکە تەنها بە "دکتۆر" ناو ببەین و ناوی خۆی نەهێنین، بەم شێوەیە "دکتۆر" جێی ناوی خۆی دەگرێتەوە. هەتا ئەگەر بیشڵێین "کاک دکتۆر فڵان"؛ ئەمە لەبەر ئەوەیە "دکتۆرفڵان" بەسەریەکەوە وەکو ناوی کەسەکەی لێ هاتوە. بۆیە دەڵێم بەکارهێنانی "خا" بەڕەهایی وەکو نیشانەیەکی مێینە لەپێش هەمو نازناوێکی پیشەیی؛ ورد نیە، و جێ ناگرێت. مەگەر لە حاڵەتێکدا ئەو نازناوە وەکو ناوی کەسەکەی لێ بێت و لەجێی ناوەکەی بەکار بێت.
ڕاستە شتێکی باش دەبو لە کوردیدا شێوازێک هەبوایە بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێی ئەو ئاوەڵناوە پیشەییانە. بەڵام کە نەبێت؛ پێم وا نیە تازە جێ بگرێت. لە هەندێک شێوەزاری کوردیدا نەبێت کە لە کاتی بانگکردندا پاشگرێک (وەکو "-ێ") بە ناوی بانگکراوەکەوە دەلکێت (یان لە هەندێک حاڵەتی تری وەکو بەرکاری و ئیزافە)؛ ئیتر شێوازێکی گشتی بۆ جیاکردنەوەی نێر و مێ (وەکو "ـة" ی عەرەبی و ess- ی ئینگلیزی) لە کوردیدا شک نابەم. و پێم وایە ئەو "خا" و "یا" یەش لە چوارچێوەی ڕێزگرتندا دێن و بەشێکن لە "ئەدەبی موخاتەبە"، نەک جیاکردنەوەی نێر و مێ، و گشتییش نین کە ڕەگەزی مێینە بەگشتی بگرنەوە، بەڵکو پەیوەستن بە "ژن" و "خانم" ـەوە.
ئەم جیاکردنەوە لە گەلێک زمانی زاڵی ئێستەشدا نین یان نەماون، بۆ نمونە: "دکتۆر"؛ سەرنج دەدەین لە زمانی ئینگلیزییشدا ئێستە جیاکردنەوەی نیە بۆ نێر و مێ، ڕاستە لە کۆندا بۆ مێ وتراوە doctoress، بەڵام ئەمە ئێستە بەکار نایەت..
یان کاتێک لە عەرەبیدا دەوترێت "أستاذة"؛ لەبەرامبەردا ئینگلزیەکە هەر Professor ـە بەبێ جیاکردنەوە.
لە عەرەبییشدا ئەوەندە پێویست نیە، دەکرێت "الدکتور" و "الأستاذ" بۆ ژنیش بەکار بێن.