"تەپ" و "تەپە"
سەبارەت بە "تەپە"، کە بۆ وڵاخ و ئاژەڵی سست لە ڕۆشتندا دەوترێت؛ وەکو ئاوەڵناو "تەپ" ـە، ئینجا وەکو ناو دەبێتە "تەپە".
بە شێوەی "تەپۆ" (و "تەپۆلە") یش هەیە، بۆ وەسفی مرۆڤی تەممەڵ و کەودەن و دەبەنگ، و سست (لە تێگەشتن، و ڕۆیشتن).
ڕیشەی ئەم "تەپ" و "تەپە" و "تەپۆ" یە ڕون نیە.
ڕەنگە سەرەتا "تەپ" بە وڵاخی تێکسمڕاو و قەڵەو و پان وترابێت، بەو پێیەی لەشی بەسەر یەکدا کۆمەڵ بوە، وەکو چۆن دەوترێت "تەپی دا" واتە "بەسەر یەکدا کۆمەڵی کرد"، ئیتر لەبەر ئەوەی ئاژەڵ و وڵاخی لەو شێوەیە لە ڕۆشتندا سست دەبێت؛ واتای "سست" ی وەرگرتوە. ئینجا ئیتر "تەپە" و "تەپۆ" یشی لێ ساز کراوە و واتاکەی زیاتر گەشەی کردوە هەتا لە "تەپۆ" دا سستیی تێگەشتن و ئاوەزیشی گرتوەتەوە.
* لەگەڵ "تەپ-" ی ئەوێستایی پەیوەندییەک هەیە؟
"تەپە" ی کوردی، لەگەڵ کرداری "تەپ-" ی ئەوێستایی ناکرێت پەیوەندییەکی ڕیشەییان هەبێت. چونکە "تەپ-" لە ئەوێستاییدا کردارێکە و واتای گەرمبون دەدات؛ ئێستە وشەی سازکراو لەو ڕیشەیە بەو شێوەیە نەماوەتەوە لە کوردیدا، بەڵکو بوەتە "تا" و "تاو" و "هەتاو". ئەمە جگە لەوەی هەر لە ئەوێستاییدا کردارەکە بە شێوەی "تەب-" یش هەبوە، واتە بە دەنگی |ب| نەک |پ|، و وا دیارە ئەمەیان زیاتر ماوەتەوە و لە قۆناغی ناوەڕاست و نوێدا دەرکەوتوە، نەک "تەپ-".