ڕیشەی "هەینی" ی کوردی و "آدینه" ی فارسی
"هەینی" ی کوردی و "آدینه" ی فارسی؛ ئەمە ـ وەکو (مارکوارت) و (نیبەری) ڕونیان کردوەتەوە ـ ڕیشەکەی جیاوازە: ئێرانیە ناوەڕاستەکەی بە "ئەتێنەک" و ئێرانیە کۆنەکەی بە "ئەتی-ئەیەنە-" دادەنرێتەوە [وەکو لە "ئەتی-ئەی-" ی پارسیی کۆندا بینراوەتەوە کە واتای تێپەڕبون بەناو شوێنێکدا دەدات]، وەکو دواتریش لە "ءتین" |ئەدێێن| ی پەهلەوی [="ءدین" ی پەهلەویی مانی] ـدا دەبینرێتەوە کە بە واتای "چونەژور" ە. ئینجا لەگەڵ درێژکردنەی "ئە-" وشەیەکی لێ دروست بوە کە دەبێت بە شێوەیەکی وەکو "ئادێنەگ" بوبێت بە واتای کۆبونەوە و "جەماعەت" (وەکو جەماعەتی نوێژ) [پەیوەندیی بە واتای چونەژورەوە ئەوەیە کە ئەو کۆبونەوەیە بە چونەژورەوەی ئەوانە دەبێت کە کۆبونەوە دەکەن یان نوێژ دەخوێنن]. لێرەوە وشەکە دەبێتە بەرامبەرێکی تەواوی زاراوەی "جمعة" ی عەرەبی-ئیسلامی. دواتر لەو "ئادێنەگ" ـە گریمانكراوەی قۆناغی ناوەڕاست لە فارسیدا "آدینه" و لە کوردیدا "ئەینی" و "هەینی" و هەروەها "ئین" |ئیین| و "ئینی" |ئیینیی| و "ئینێ" |ئیینێێ| دروست بون.