"فیسار" و "بیسار" و "بیستار" و "باستار"
"فیسار" |فییسار|، لە فارسیدا "بیستار" |بێێستار=بییستار| ە، و هەروەها "باستار" ە. هەمان "بیستار" لە فارسیدا بوەتە "بیسار" |بییسار| و هەتا "فیسار" |فییسار| یش، کە دیارە وشە کوردیەکە "فیسار" لێرەوە هاتوە، و وشەیەکی باوە لە کۆمەڵگای ئێرانیدا.
و ئەم وشانە وەکو وشەی "فلان" وان واتە لەجێی ناوی کەسی نادیار بەکار دێن. لە فارسیدا "باستار" و "بیستار" بەجیا و بەسەر یەکەوە "باستار و بیستار" بەکار هاتون. و کاتێک دەوترێت "فڵان و فیسار"؛ "فیسار" دەبێتە نمونەی ئەو وشانەی بۆ دوبارەکردنەوەی وشەیەکی تر بەکار دێن، وەکو ئەوەی لە عەرەبییشدا وتراوە "فلان وعلان" |فولان[ون] وە'عەللان[ون]|، ئەمە لە زاراوەی ڕێزمانی عەرەبیدا پێی دوترێت "إتباع" |ئیتباع|، واتە هێنانی وشەیەک بەدوای وشەیەکی تا ڕادەیەک هاوشێوەدا، کە مەرج نیە وشەی دوەم واتایەکی جیاواز و سەربەخۆی ببێت. جاری وا هەیە وشەی دوەم هەر هەمان وشەی یەکەمە لەگەڵ گۆڕینی دەنگێک یان دوان، وەکو "فلان وعلان" ی عەرەبی، و "باستار و بیستار" ی فارسی.
و مەبەستیش لە "فڵان و فیسار" و هاوشێوەکانی؛ ئەوەیە ئاماژە بکرێت بۆ زیاتر لە یەک کەسی نادیار، واتە "فڵان" یەک کەسی نادیارە، و "فڵان و فیسار" لە یەک کەسی نادیار زیاترە.
جا "فڵان و فیسار" ی کوردییش لەو بابەتەیە.
و لەبەر ئەوەی ئەو وشانە بەزۆری دەستکردن؛ ڕیشەیەکی ئەوتۆیان نیە کە بدۆزرێتەوە و ڕاڤە بکرێت.
من نەمبینیوە هیچ زمانناس و ڕیشەناسێک قسە لەسەر ڕیشەی "فیسار" ی کوردی و "بیستار" و "باستار" ی فارسی بکات.
لەم بارەیەوە؛ تەنها دەتوانین ئەوە بڵێین کە: "فیسار" لە شێوەی "بیسار" و ئەمیش لە "بیستار" ەوە هاتوە، ئەمەش لە بنەڕەتدا "باستار" و بۆ جاری دوەم کە دوبارە دەکرێتەوە دەکرێت بە "بیستار"، واتە "بیستار" تەنها "ئیتباع" ی "باستار" ە.. لێرەوە دەتوانین "باستار" بە بنەڕەتی یەکەم دابنێین. ئەمەش هەر نەمبینیوە کەس باس لە ڕیشەکەی بکات، هەرچەند ڕێی تێدەچێت ڕیشەیەکی لە بابەتی "واستار" هەبێت، هەرچەند وشەی وا نەبینراوەتەوە.
یەک وشە لە فارسیدا هەیە کە لێکچونێكی بێژەیی هەیە، ئەویش "بستار" |بیستار| ە، بە واتای "لاواز" و "ناجێگیر" ئەمە ـ دەڵێن ـ لە "وستءل" |وەستار| ی پەهلەویەوە ماوەتەوە، هەرچەند واتای وشە پەهلەویەکە بەپێچەوانەوەیە: "کەللـەڕەق"، "ئیرادەبەهێز".
بەڵام ئەمەش دیارە کە پەیوەندیی بە "بیستار" و "بیسار" و "فیسار" ەوە نیە.