وشەی "قلک" ی فارسی و "قوڵ" ی کوردی
پێم وایە وشەی "قلک" |قولـلەک| ی فارسی پەیوەندیی بە "قوڵ" |قووڵ| ی کوردی (کرمانجیی ناوەندی) ـەوە نیە.
وشە فارسیەکە بە شێوەی "قلک" |قولـلەک=قۆللــەک| و هەروەها "غلک" |غوللـەک=غۆللـەک| هەیە، هەروەها بە شێوەی "قولک" |قوولەک| و "غولک" |غوولەک| و ـ هەتا ـ "کولک" |کوولەک| یش دێت. جگە لەمانە بە شێوەی "غوله" |غووله=غوولێ| و "غله" |غوللـه=غۆللـه=غۆللێ| یش هەیە، کە لێرەوە دۆزینەوەی ڕیشەکەی ئاسان دەبێت.
دیارە وشەکە سەرەتا لە فارسیدا "غله" |غوللـه(هـ)| بوە، کە ئەمەش لە فارسیدا بە هەمان واتای "قلک" و "غلک" دێت، واتە ئەوەی بە کوردی لای خۆمان پێی دەوترێت "دەغیلە".
ئەم "غله" فارسیە شێوەیەکی تری وشەی "قله" |قوللـه| بوە، واتە دەنگی |ق| بوەتە |غ|، کە ئەم گۆڕانە دەنگیە لە فارسیی نوێی هاوچەرخدا باوە. وشەی "قله" |قوللـه=قۆللـه=قۆللێ| یش لە فارسیدا بە واتای "گۆزە" دێت (لە "برهان قاطع" ـدا بە "گۆزەی گەورە" ڕاڤە کراوە)، و هەمان وشە لە عەرەبییشدا هەیە بە شێوەی "قلة" |قوللـه(ت)| و بە هەمان واتا یان بەتایبەتی گۆزەی گڵکاری ئاوخواردنەوە.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا گۆزە بۆ کۆکردنەوەی پارە بەکار هاتوە، بەتایبەتی گۆزەی ملباریک کە بەئاسانی پارەکەی لێ دەرنایەتەوە و دوایی دەبێت بشکێنرێت ئینجا پارەکەی لێ دەردەهێنرێتەوە.
ئەگەر سەیری فەرهەنگە فارسیەکانیش بکەیت کاتێک "قلک" و "غلک" و "قولک" و "غولک" و "کولک" و "غوله" و "غله" ـ هەمویان بە واتای "دەغیلە" ـ ڕاڤە و پێناسە دەکەن؛ دەبینیت دەڵێن: گۆزەیەکی گڵکاری ملباریک یاخود سەرتەنگە، کە پارەی کانزایی تێ دەکرێت و دوایی کە پڕ بو دەشکێنرێت بۆ دەرهێنانی ئەو پارەیەی کۆ بوەتەوە.
بۆیە پێم وایە وشەکە لە "قلة" |قوللـه| ی بە واتا "گۆزە" و "جەڕە" وە هاتوە. جا وشەکە لە فارسیدا بوەتە "غله" |غوللـه| و "غوله"، و ئەمەش شێوەی "غلک" و "قلک" ی لێ دروست بوە، کە پاشگری "-ک" ئاماژە دەکات بە بچوکیی گۆزەکە. جا ئیتر ئەگەری هەیە "غله" سەرەتا "غلک" ی لێ ساز بوبێت و ئەمەش بوبێتە "قلک"، یان سەرەتا "قله" بوەتە "قلک" و ئەمەش بوەتە "غلک"، بە هەردو بارەکەدا ڕێی تێ دەچێت.
بەم شێوەیە لە کۆتاییدا دێینەوە سەر وشەی "قلة" |قوللـه(ت)| ی عەرەبی/فارسی، بە واتای گۆزە. جا ئایا عەرەبی خاوەنی یەکەمی ئەم وشەیەیە یان زمانێکی ئێرانیی وەکو فارسی یان کوردی؟
لێرەدا دو بیروڕا هەن:
١. بیروڕای (د. محمد معین)، لە پەراوێزەکانیدا لەسەر "برهان قاطع"، کە دەڵێت "قلة" |قوللـه(ت)| ی عەرەبی بە واتای گۆزە، عەرەبیێنراوی "قله" فارسیەکەیە، و ئینجا وشە فارسیەکه بەراورد دەکات بە شێوەکانی تری وەکو "غله" و "غوله" و "غلک" کە پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن، هەروەها بەراوردی دەکات بە "کلا" |کەلا| ی مازەندەرانی (طەبەری) بە هەمان واتای گۆزە. بەم پێیە کەواتە وشەکە وشەیەکی ئێرانیی هاوبەشە، و لە فارسیەوە چوەتە عەرەبیەوە، کە ئەمە ئەگەر ڕاستیش بێت؛ ئەو ئەگەرە دور ناخاتەوە کە فارسی جارێکی تر وشەکەی لە عەرەبیەوە وەرگرتبێتەوە و دەنگی |ق| لەبریی |ک| لێرەوە هاتبێتە کایە.
٢. بیروڕای خۆم وایە کە وشە عەرەبیەکه "قلة" بە واتای گۆزە و دەفری گڵکار، وشەیەکی عەرەبیی ڕەسەنە، و لە زمانە سامیەکانی تردا بەرامبەری هەیە، وەکو "قوللیو(م)" ی ئەککەدی، بە واتای کاسە (یان پەرداخ) ی گڵکار (یان لە بڕۆنز). وشەکە بەم واتایە لە بابیلیی کۆن و نوێ و ئاشوریی ناوەڕاست و نوێدا هاتوە (بابیلی و ئاشوری؛ دو لقەکەی زمانی ئەککەدین)، و لە بابیلیی نوێدا بوەتە "قوللو" |قوللوو|. هەروەها لە زمانێکی سامیی تریشدا وشەکە بینراوەتەوە کە زمانی (گوراگی) ـە (کۆمەڵە زمانێک یان کۆمەڵە شێوەزارێکە)، لە زمانە سامیەکانی حەبەشە، بە شێوەی "قوله" و بە هەمان واتای عەرەبیەکه. لێرەوە وشەکە بە وشەیەکی سامیی هاوبەش دادەنرێت و سامیە سەرەتاییەکەی بە "قوللـ-" بینا دەکرێتەوە. ئینجا هاوشێوەی سامیەکە لە هەندێک زمانی ئەفرۆ-ئاسیایی تریشدا بینراوەتەوە، ئەوەش لە یەکێک لە زمانە کوشیە خۆرهەڵاتیەکانی بانی حەبەشە، کە زمانی (بورجی) ـە (زمانی گەلی بورجی، لە حەبەشە)، کە لەم زمانەدا وشەی "قۆلە" یان "قۆلێ" بینراوەتەوە بە واتای گۆزە یان جەڕڕە (گۆزەی دەمگەورە). بۆیە بە ڕیشەیەکی ئەفرۆ-ئاسیایی (حامی-سامی) دادەنرێت، و ئەفرۆ-ئاسیاییە سەرەتاییەکەی بە "قۆل-" بینا دەکرێتەوە، بە هەمان واتای "جەڕڕە".
کەواتە وشەکە عەرەبیی ڕەسەنە، و لە عەرەبیەوە چوەتە فارسیەوە.
هەر لە فارسی (و کوردی) ـدا "قله" |قوللـه| بە واتای "لوتکه" (ی چیا) و "اوج" یش بەکار دێت. بەم واتایە لە عەرەبییشدا هەیە بە شێوەی "قلة" |قوللـه(ت)|، جا کام لە عەرەبی و فارسی خاوەنی یەکەمی وشەکەن بەم واتایە؛ بۆ ئەمە (ئەددەی شێر) پێی وایە وشە عەرەبیەکە لە "کله" |کەللـە| ی فارسیەوە هاتوە، کە لە کوردییشدا هەیە، کە من لەم لێکدانەوەیە دڵنیا نیم و ناتوانم بیسەلمێنم، هەرچەند ئەگەری هەیە، و ڕیشەیەکی سامی و ئەفرۆ-ئاسیاییش بۆ وشەکە نادۆزمەوە تا بەدڵنیایی بڵێم نەخێر وشە عەرەبیەکە ڕەسەنە. ئەو بیروڕایەی ئەددەی شێر ئەگەر دروستیش بێت؛ هێشتا دەبێت بڵێت وشە فارسیەکە "قله" لە "قلة" ی عەرەبیەوە وەرگیراوەتەوە.
وشەیەکی تری فارسی و کوردی کە لەوانی پێشوەوە بێژەکەی نزیکە و ئەمیش لە عەرەبیەوە هاتوە؛ وشەی "غله" |غەللـه=غەللێ=غەلە=غەلێ| ی فارسی ـ بە واتای بەرهەمی زەوی، بەتایبەتی دانەوێڵە ـ و "خەلە" ی کوردیە. ئەمە لە "غلة" |غەللـە(ت)| ی عەرەبیەوە هاتوە، بە واتای دەرامەت و بەروبوم (ی زەوی).