بنچینەی "تەرجەمە" و "تەرجومان"
سەروەر پێنجوێنی
شتێکی زانراوە کە زمانی کوردی وشەی "تەرجەمە"ی ڕاستەوخۆ لە چاوگی چوارپیتیی "ترجمة" |تەڕجەمەهـ|ی عەرەبیەوە خواستووە، لەگەڵ خواستنی ناوی "ترجمان" |تەڕجومان-| هەر لە عەرەبیەوە. چاوگەکە شێوگێکی تایبەتە بە عەرەبیەوە، و ناوەکەش "ترجمان" ئەگەر لە زمانێکی ناعەرەبیەوە بهاتایەتە کوردی و فارسیەوە؛ هەر ـ بۆ نموونە ـ "تەرگومان" دەبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا؛ هەندێک پێیان وایە ئەم وشەیە لە کوردی خۆیدا سازبووە. ئیتر دەڵێن "تەرجومان" لە بنەڕەتدا "تەڕزمان"ـە! یان دەڵێن بنچینەی وشەکە لە کوردیدا "ترزمان"، بە واتای 'زمانی تر'! یان "دەرزمان"ـە، واتا دەرەوەی زمانی خۆماڵی!
بۆ ساخکردنەوەی بابەتەکە؛ بەم شێوەیە یەکاڵای دەکەینەوە:
سەرەتا سەرنج دەدەین لە عەرەبیدا ماددەی "ترجم" و کاری "ترجم" |تەڕجەمەهـ|، و ئاوەڵناو/ناوی بکەری "مترجم" |موتەڕجیم-| و هەروەها ناوی "ترجمان" |تەڕجومان-=توڕجومان-| هەیە. ئەم وشە عەرەبیانە چوونەتە کوردی و فارسی و تورکی و گەلێک زمانی تریشەوە. بۆ نمونه: وشەی "ترجمان"ی عەرەبیە کە هاتووەتە فارسیەوە ـ بە شێوەی "ترجمان" |تەرجۆمان| ـ و کوردیەوە، هەروەها چووەتە تورکیەوە و ئێستە لە تورکیدا بە شێوەی tercüman هەیە، و هەروەها چوەتە گریکیی ناوەڕاستەوە بە شێوەی δραγομάνος |درەگۆمانۆس| و ئەمەش چووەتە لاتینیی سەردەمی ناوەڕاستەوە بە شێوەی dragumannus، و ئەمەش ماوەتەوە بۆ فڕەنسیی کۆن بە شێوەی drugeman، و ئەمەش چووەتە ئینگلیزیی کۆنەوە بە شێوەی dragman و ئەمەش لە ئینگلیزیی نوێدا بە شێوەی dragoman ماوەتەوە، هەروەها لە ڕێگەیەکی لاتینی یان فڕەنسیی ترەوە بە شێوەیەکی تریش گەیشتووەتە ئینگلیزی کە truchmanـە.
دوای ئەوە دەبینین وشەکە، یان ڕیشەکە، لە ئارامی و عیبرییشدا هەیە:
لە ئارامیدا: فرمانی תַּרְגֵּם |تەرگێێم| هەیە.
لە عیبریدا: فرمانی תִּרְגֵּם |تیرگێێم| هەیە.
بەرامبەری وشەی "ترجمان" یش؛ لە ئارامیدا תרגמן و תורגמן |تورگێمان| و תרגמןא |تورگێمانا| هەیە، لە عیبریدا תרגמן |تورگێمان| هەیە، بە هەمان واتا.
پێش ئارامییش؛ وشەکە لە ئەککەدی (بابیلی-ئاشوری) یشدا هەبووە [ئیتر لێرەوە دەزانرێت وشەکە لەوە کۆنترە لە کوردی و فارسیەوە هاتبێت]:
لە ئەککەدیدا وشەی "ترجمان" بە چەند شێوەیەک هەبووە: "تەرگومەننو" [تەرگومەننو(م)]، "تەرگەمەننو"، "تورگومەننو"، "تەرگومیەننو".
لێرەوە هەندێک ئەم ڕەگی "ترگم"ـە بە ڕیشەیەکی سامیی هاوبەش دادەنێن، بەو پێیەی مادەم وشەکە لە ئەککەدی و ئارامی و عیبری و عەرەبیدا هەبووبێت؛ کەواتە "ترگم" ڕیشە/ڕەگێکی سامیی هاوبەشە.
بەڵام ئەمە لێکۆڵینەوەی زیاتر ڕەتی کردووەتەوە و دەرکەوتووە کە وشە ئەککەدیەکە هاتووەتە ئارامیەوە و ئارامیەکەش هەم چووەتە عیبریەوە، و هەم لە کەناڵە سوریانیەکەوە چووەتە عەرەبییشەوە. کەواتە لە عەرەبیدا ڕەسەن نیە و بنەڕەتەکهی دەگەڕێتەوە بۆ ئەککەدیەکە، ئەویش لە کەناڵە ئارامی-سوریانیەکەوە.
کەواتە ڕیشەیەکی سامیی هاوبەش لە ئارادا نیە، هاوبەشی و بوونی ڕیشەی هاوبەش نیە، بەڵکو لێکخواستن هەیە.
ئەی وشە ئەککەدیەکە لە چیەوە هاتووە؟ ڕەسەنە یان خوازراوە؟
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئەوەیە وشە ئەککەدیەکەش "تەرگومەننو" ڕەسەن نیە بەڵکو لە بنچینەیەکی هیندی-ئەورۆپاییەوە هاتووە، بەڵام نەک زمانێكی هیندی-ئەورۆپایی نوێ یان باڵی هیندی-ئێرانیەکەی یان ئێرانیەکەی، وەکو کوردی و فارسی، بەڵکو لە باڵێکی کۆنەوە کە باڵی زمانە هیندی-ئەورۆپاییە ئەنەدۆڵیەکانە، ئەوەش بەتایبەتی زمانی (خیتتی) و (لوڤی). هەرچەند درێژەی ئەمە لێرەدا بوار نیە هەمووی باس بکرێت، بەڵام بە کورتی:
دەرکەوتووە کە وشەیەک لە زمانی لوڤی (لووی)ـەوە چووەتە زمانی ئەککەدییش و خیتتییشەوە:
لە زمانی لوڤیدا فرمانی "تەرکوممەیی-" هەبووە، کە واتای 'ڕاڤەکردن' و 'گوزارشکردن' دەگەیەنێت، کە ئەمە چووەتە خیتتیەوە بە شێوەی کاری "تەرکوممیێ-". بەشی دووەمی وشەکەش، واتە "-ان" یاخود "-ەنن"، پاشگرێکی خاوەندارێتیە لە لوڤیدا بە شێوەی "ەنن(ی)". جا وشە لوڤیەکە چووەتە ئەککەدیەوە، و چووەتە خیتتییشەوە.
ڕیشە هیندی-ئەورۆپاییەکەی فرمانی "تەرکوممەیی-" ی لوڤی؛ بە شتێکی وەکو "تێرکُ-" دەخەمڵێنرێت، وەکو لە وشەی तर्क् |تەرک| و तर्कयति |تەرکەیەتی|ی سەنسکریتیدا هەیە بە واتای وەکوو 'بۆچوون' و 'گریمانەکردن' و 'خەمڵاندن' و 'بڕوابوون'.
کەواتە ڕیشەی یەکەمی ڕەگەکە هیندی-ئەورۆپاییە، کە لە باڵە ئەنەدۆڵیەکەوە هاتووەتە زمانێکی سامیەوە کە ئەککەدیە، ئینجا لە ئەککەدیەوە هاتووەتە ئارامیەوە، ئارامیەکەش داوێتی بە عیبری، و لە ڕێگەی سوریانیەوە داوێتی بە عەرەبییش. ئینجا ئیتر لە عەرەبیەوە هاتووەتە کوردی و فارسی و تورکی و گەلێک زمانی نوێی تریشەوە.
شایەنی ئاماژەیە کە هەندێک نووسەری فارسیش هەوڵیان داوە بڵێن وشە عەرەبیەکە ڕیشەیەکی فارسیی هەیە. وەکو ئەوەی (موحەممەدعەلی ئیمام شووشتەری) دەیڵێت کە گوایە وشە عەرەبیەکە "ترجمان" لە "ترجمان" ی فارسیەوە هاتووە! هەروەها شتێکیش باس دەکات کە دژی ڕاڤە ڕیشەییە کوردیەکانە (کە پشت دەبەستن بە وشەی "زمان"ی کوردی): دەڵێت لە فارسیی خووزستانیدا وشەی "ترجمان" بە شێوەی "ترجبان" هەیە. کەواتە بەپێی ڕاڤەکردنەکە کوردیەکە بە "-زمان"؛ دەبێت ئەم "ترجبان"ـە خوزستانیە لە "تر-زبان" و "در-زبان"ـەوە هاتبێت. بەڵام مەسەلەکە ئەمە نیە، بەڵکو هەردوو دەنگی |م| و |ب| لەبەر ئەوەی هەردووکیان دەنگی لێوین و شوێنی دەرچوونیان نزیکە؛ زۆر جار دەگۆڕێن بە یەکتر، بۆیە ئاساییە "ترجمان" لە هەندێک شێوەزاری ئێرانیدا ببێت بە "ترجبان".
ئینجا شێوەی "زمان" لە کوردیدا شێوەیەکی نوێی وشەکەیە، ئەگەرنا شێوە ئێرانیەکانی تری "زوان" و "زەوان" و "زڤان" و "زبان" کۆنترن. لەبەر ئەوە ئەگەر باسی ڕیشەی وشەیەکی کۆنی وەکو "ترجمان" بکەین؛ هێشتا باسی شێوەی "زبان" بکەین باشترە تاکو "زمان" کە درەنگێک و لە کوردیدا دەرکەوتووە.