ڕیشەی "صفر" و zero ـ بەبنەڕەت سەنسکریتیە یان عەرەبی؟

ڕیشەی "صفر" و zero
بەبنەڕەت سەنسکریتیە یان عەرەبی؟

سەرەتا؛ گومان لەوە نیە کە ڕیشەی وشە ئەورۆپاییەکە دەگەڕێتەوە بۆ "صفر" |صیفر| ی عەرەبی. ئەوەش چوونکە وشەی zephirum ی لاتینیی سەدەکانی ناوەڕاست (کە بە بنەڕەتی zefiro ی ئیتالی دادەنرێت و ئەمیش هەر لە ئیتالیدا بوەتە zero و ئەمەش لە فڕەنسیدا بوەتە zéro کە ئیتر zero ئینگلیزیەکە لەم فڕەنسیەوە هاتوە)؛ پێک‌هاتوە لە zephir |زێفیر| کە لە |صیفر| ە عەرەبیەکەوە هاتوە، لەگەڵ um- ی کۆتایی کە پاشگرێکە لە کۆتایی ناوەکاندا و نیشانەی (تاکی بێلایەن) ـە.
بەڵام ڕیشەی یەکەمی وشەی "صفر" ی عەرەبی چیە؟
دو بیروڕا هەن:
ـ دەقاودەق بە واتای (بەتاڵ، خاڵی، بۆش) ـە.. و ئەم وشەیەش ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەیە لە زمانەکەدا: فرمانی "صفر" |صەفیڕە|، واتە: خاڵی بو، بۆش بو، بەتاڵ بو، کە وشەی "صفر" |صیفر| وەکو ئاوەڵناوێک لەم فرمانەوە ڕیشەی هاتوە، و پاشان لە ئاوەڵناوەوە بوەتە ناو بە واتای ژمارە سفر.
ـ ئەگەرەکەی تر، کە هیچ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوم نەبینیوە داکۆکیی لێ بکات؛ دەڵێت وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ وشەی शून्य |شوونیە| ی سەنسکریتی، کە بە هەمان نوسین و گۆکردن لە هیندیی نوێیشدا ماوەتەوە، و لە ئوردویشدا بە "شونیە" دەنوسرێت.. واتای دەقاودەقی وشە هیندیەکە بە هەمان شێوە هەمان واتاکانی (بەتاڵ، خاڵی، بۆش) ـە.
بەڵام ئەگەر سەیری دەنگی پیتەکانی وشە عەرەبیەکە "ص‌ف‌ر" و وشە ئەورۆپاییەکە "س‌ف‌ر-" یاخود "زف‌ر-" بکەین؛ دەبینین جیاوازە لە دەنگی پیتەکانی وشە هیندیەکە "ش‌و‌ن‌-" [مەگەر دور بڕۆین و بڵێین "و" |وو| ـ کە بزوێنیشە ـ بوەتە |ف| و "ن" بوەتە |ر|]. لەبەر ئەوە دورە وشە هیندیەکە سەرچاوەی عەرەبیەکە و ئەورۆپاییەکە بێت.
بۆیە ـ بە بڕوای من ـ هەر ئەوە ڕاستترە کە بڵێین وشە عەرەبیەکە بۆ خۆی بنچینەیەکی ڕەسەنە و لە فرمانی "صفر" ی عەرەبیەوە هاتوە، و ئینجا وشە عەرەبیەکە: "صفر" |صیفر| [و ـ ڕەنگە ـ بە شێوەی "صافرة" |صافیڕە| یش] چوەتە لاتینیی سەدەکانی ناوەڕاستەوە و لێرەوە بە زمانە ئەورۆپاییەکاندا بڵاو بوەتەوە.

وشە هیندیەکەش بۆ خۆی سەربەخۆیە، و ئێستە بۆ هەمو زمانە هیندیەکان ماوەتەوە، و واتای یەکەمی ئەوەیە ئاوەڵناوێکە بە واتاکانی (بەتاڵ، خاڵی، بۆش، ناوبۆش)، و هەروەها بە واتاکانی وەکو "نەبو" ("غیر موجود") و هەروەها "نەبو" بە واتای نەدار کە هیچی نیە، هەروەها بە واتای "چۆڵ"، و "ڕوت"، و هەندێک واتای تریش. واتای دوەم و گەشەکردویشی ئەوەیە ناوێکە بە واتای "سفر".

* ئینجا ئێستە لە هیندیدا وشەیەکی تر هەیە بە واتای "سفر"، ئەویش सिफ़र |سیفەر| ە، و لە ئوردوشدا هەر "صفر" |سیفەر| ە، و هەروەها لە زمانێکی هیندیکی تری وەکو پەنجابیدا هەیە بە شێوەی ਸਿਫ਼ਰ |سیفەر|. ئەمانە وشەی نوێن لەچاو ئەو وشە هیندیە ڕەسەنەی پێشو ("شونیە")، و ئەمانەی تر لە "صفر" ی فارسیەوە وەرگیراون، و ئەمیش لە "صفر" ە عەرەبیەکەوە.