لەنێوان 'مار-' ی ئارامی، و 'مرء' ی عەرەبی، و 'مێر' ی کوردی

لەنێوان
"مار-" ی ئارامی، و "مرء" ی عەرەبی، و "مێر" ی کوردی


وشەی "مار-" ی ئارامی بە واتای گەورە و سەردار، کە بە چەند شێوەیەک لە ئارامیدا هەیە، وەکو"مارا"، "مارێ" |ما'رێێ|، "ماریا" |مار'یا|، کورتیش دەبێتەوە بۆ "مار"؛ ئەم وشە ئارامیە هاوڕیشە و خزمە لەگەڵ وشەی "مرء" |مەڕء| ی عەرەبی بە واتای پیاو، هەروەها لە ئەککەدیدا هاوڕیشەی هەیە کە "مارو"ە، لە عەرەبیی باشوورییشدا کە لە سەبەئی و قەتبانیدا لە نەخشەکاندا "م‌رء" هاتوە.
جا وشە سامیەکە بەرامبەری لە زمانە ئەفرۆ-ئاسیاییەکانی تریشدا هەیە، بۆیە ڕیشەیەکی ئەفرۆ-ئاسیایی بەراییشی هەیە. ئەم ڕیشە ئەفرۆ-ئاسیاییەش لەگەڵ کۆمەڵێک خێزانە زمانی تردا ڕیشەی هاوبەشی هەیە، وەکو زمانە هیندی-ئەورۆپاییەکان، تەنها بۆ نمونە: وشەی "مێر" |مێێر| ی کوردی بە واتای پیاو، و هەروەها لە پەهلەویدا "مێرەک" |مێێرەک|، و لە فارسی و لوڕیدا "میره"، هەروەها وەکو "میر" ی فارسی، بە واتای: پیاو، شو، کە ئەمانە جیاوازن لە "مەرد" و "مێرد" کە ئەمان لە هەمان ڕیشەی "مردن"ـن.

بۆیە وشەی "مار-" ی ئارامی لەگەڵ "مێر" ی کوردی لە ڕیشەیەکی کۆندا بە یەک دەگەنەوە، بەڵام "مار-" ی ئارامی لەگەڵ "مرء" ی عەرەبی زوتر ڕیشەیان بە یەک دەگاتەوە.

* و کاتێک لە شێوەزارە ئارامیەکاندا "مار" بە پیاوانی ئایینی وتراوە؛ لەبەر ئەوە بوە کە وشەکە خۆی بە واتای پیاوی گەورە "سید" ە و بۆیە وشەکە بۆ ڕێز پێش ناوی کەسانی ڕێزدار بەتایبەتی پیاوانی ئایینی دەکەوێت، وەکو چۆن لە عەرەبییشدا "السید" بۆ ڕێز پێش ناوی پیاو دەخرێت.